Accessibility links

کۆریای باشور ڕووبەڕووی ڕەخنەی توند دەبێتەوە بەهۆی ڕێبازی پەنابەری


لە کاتێکدا وڵاتانی ئەوروپا مامەڵە لەگەڵ زیاتر لە یەک ملیۆن پەنابەر دەکەن کە بەهۆی توندوتیژییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە هەڵاتوون، ژمارەیەکی کەمی هاووڵاتی سوریایش پەنایان بردووە بۆ کۆریای باشور.

ژمارەیەکی زۆر کەم لەوانە وەکو پەنابەر وەرگیراون. زۆربەیان ئەوەی کە پێی دەڵێن " ڤیزای مرۆیی" یان وەرگرتووە ڕێگایان پێ دەدرێت لە وڵاتەکە بمێننەوە بەبێ هیچ هاوکارییەکی دارایی، نیشتەجێ و یان خزمەتگوزاری تەندروستی.

ئامارەکانی حکومەت نیشان دەدات لە ساڵی 1994 وە 1،144 سوریایی داوای مافی پەنابەرێتییان لە کۆریای باشور کردووە، بەڵام مافی پەنابەری تەنها بە 3 کەس دراوە.

یەکێک لەو سوریاییانەی کە داخوازینامەکەی ڕەت کراوەتەوە ئەحمەد لەبابدی تەمەن 23 ساڵانە، کە لە دورگەی جیجو دەژیت کە بە فڕۆکە کاتژمێرێک دوورە لە سیئۆڵەوە. خۆی و برا بچووکەکەی لە ساڵی 2012 لە حەلەب هەڵاتوون و پاشان بە ڤیزای کاتی کارداری چوونەتە کۆریای باشورەوە.

کاتێک ئەحمەد داخوازی نامەکەی بۆ مافی پەنابەرێتی دا بە ئۆفیسی کۆچبەری ، پێیان گوبوو هەڵاتن بەهۆی شەڕ نابێتە هۆی ئەوەی مافی پەنابەرێتی لە کۆریای باشور وەربگریت. ئەحمەد دەڵێت ئەو ئۆفیسە پێیان گوتبوو " تۆ پەنابەر نیت چونکە تەنها مەسەلەکە شەڕە و دەتوانیت لێرە بژێیت هەتا شەڕەکە تەواو دەبێت بەڵام مافی پەنابەرێتیت پێ نادرێت.

ژمارەیەک لە چاودێران ڕەخنە لە کۆریای باشور دەگرن کە بەڵێنی خۆی بەجێ نەگەیاندووە وەکو ئەندامێکی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مەسەلەی پەنابەران. ئەو پەیماننامەیەکی کە مۆری کردووە تیایدا ڕوون کراوەتەوە چ حاڵەتێک دەبێتە هۆی پەنابەری و یەکێک لەوانە شەڕە.

جێگری بەڕێوەبەری ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤ لقی ئاسیا، فیڵ ڕۆبەرتسن دەڵێت ئەمە شتێکی ڕوونە سیئۆڵ خۆی لە بەرپرسیارێتییەکان لادەدات، تەنها چەند حاڵەتێکی زۆر ڕوون نەبێت.

ڕۆبەرتسن گوتیشی ڤیزای مرۆیی کۆریای باشور " شتێکی دروستکراوە" کە مافێکی زۆر کەمتر بە پەناخوازان دەدات و ئاماژەی بەوەش کرد ژاپۆنیش کەوتۆتە بەر ڕەخنەی هاوشێوە.

گوتیشی هەردوو وڵات ژاپۆن و کۆریای باشوریش کۆمەڵگایەکی دەوڵەمەندیان هەیە کە دەتوانن پێداویستییەکانی پەنابەران دابین بکەن، بەڵام ناخوازن کە پەنابەران ببن بە بەشێک لە کۆمەڵگاکانیان.

XS
SM
MD
LG