Accessibility links

کوژرانی گەنجێک لە کەرکوک دەبێتە ناکۆکی نێوان یەکێتی و پارتی


كوژرانى گەنجێك لەكەركوك ناكۆكى لە نێوان دەزگا ئەمنیەكانى یەكێتى و پارتیدا دروست دەكات، پارتى گەنجە كوژراوەكە بەلایەنگیرى حیزبەكەى ناودەبات و ئاسایشى یەكێتى بە ڕفاندن و كوشتنى تۆمەتباردەكات، لە بەرامبەریشدا ئاسایشی یەکێتی تۆمەتەکە ڕەت دەکاتەوە.

عەدنان كەركوكى وتەبێژى ئەنجومەنى سەركردایەتى پارتى لەكەركوک، بەدەنگى ئەمەریكاى ڕاگەیاند "ئاسایشى كەركوک بەرپرسیارە لەكوشتن و ڕفاندنى ئەو گەنجە ، چونكە چوار ڕۆژ لەمەوبەر دەستگیرى كردووە و دواتر تەرمەكەى دۆزراوەتەوە."

هاوکات گوتیشی"كوژرانى ئەو گەنجە تەنها لەبەر ئەوەیە كە بەتاتۆ لەسەر جەستەى نوسیویەتى بژى بارزانى."

گەنجە كوژراوەكە ناوى (بەرزان مەحمود)ە و پێشتر لەلایەن ئاسایشى یەكێتى یەوە بەتۆمەتى دەست هەبوون لەكوشتنى گەنجێكدا دەستگیركراوە، بۆیە بەرێوەبەرى ئاسایشى كەركوكى پارتى لەكۆنگرەیەكى ڕۆژنامەوانیدا پەنجەى تۆمەتى بۆ ئاسایى یەكێتى درێژكرد.

عەمید سمكۆ محەمەد وتەبێژى ئاسایشى یەكێتى لەكەركوک رەتیكردەوە ئەوان دەستیان لەكوشتنى گەنجەكەدا هەبووبێت، بەدەنگى ئەمەریكاى ڕاگەیاند"ئەو گەنجە تریاك كێش بووە ، پێشتر بەتۆمەتى كوشتن دەستگیركراوە و ئازاد كراوە."

گوتیشی"ئاسایشى پارتى كێشە دروست دەكات و دەیەوێت مەسەلە بەمەسەلە بپۆشێت ، ئەگینا ئەوان دڵنیان یەكێتى كەس لەسەر بیروڕاى جیاواز ناكوژێت."

شارى كەركوک لەدواى ڕووخانى ڕژێمى بەعس دوو دەزگاى ئاسایشى تێدایە كەیەكیان سەر بە پارتى و ئەویتریان سەربەیەكێتى و هەریەكەو بەجیا کار دەكات.

دەقی ڕاپۆرتی پەیامنێرمان دڵشاد ئەنوەر لەو بارەیەوە


XS
SM
MD
LG