Accessibility links

محه‌مه‌د تۆفیق: مانه‌وه‌ی گۆڕان و لایه‌نه‌كانی تر له‌م حكومه‌ته‌ی ئێستا سه‌ر ئه‌نجامێكی نابێت


محه‌مه‌د تۆفیق ڕه‌حیم به‌رپرسی ژوری په‌یوه‌ندیه‌ دیبلۆماسیه‌كانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌ میانه‌ی وتووێژێكی به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا ده‌ڵێت "ئێمه‌ وه‌ك گۆڕان ده‌ڵێین پێویست به‌ كۆبونه‌وه‌ و سه‌ردانی لایه‌نه‌كان ناكات تا بار و دۆخه‌كه‌ نه‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ پێش ١٢ی ئۆكتۆبه‌ر".

به‌رپرسی ژوری په‌یوه‌ندیه‌ دیبلۆماسیه‌كانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌ باره‌ی سه‌ردانی نوێنه‌ری پارتی دیموكراتی كوردستان و بارزانی بۆ لای لایه‌نه‌كان ئایا سه‌ردانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانیان كردووه‌ یان ده‌یكه‌ن؟ گووتی " ئه‌وان خۆیان هه‌ڵوێستمان ده‌زانن تا پارتی دیموكراتی كوردستان بارودۆخه‌كه‌ ئاسایی نه‌كاته‌وه‌ پێویست به‌ هیچ كۆبونه‌وه‌یه‌ك ناكات".

له‌وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی چاوه‌ڕوان ده‌كرا به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی نه‌وشیروان مسته‌فا گۆڕانكاری گه‌وره‌ ڕووبدات بۆچی ڕوینه‌دا؟ محه‌مه‌د تۆفیق ڕه‌حیم ڕایگەیان "گۆڕانكاری گه‌وره‌ ڕویداوه‌ ئه‌وه‌تا ڕێكه‌وتنی نێوان گۆڕان و یه‌كێتی ئه‌نجامدرا كه‌ ئه‌مه‌ كاریگه‌ری زۆری له‌ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی كوردستان ده‌بێت".

ناوبراو ڕایشیگەیاند "به‌ هه‌موو لایه‌نه‌كانمان وتووه‌ ئه‌م حكومه‌ته‌ی ئێستا ناتوانێت به‌ ئه‌ركه‌كانی خۆی هه‌ڵبستێت و كه‌س نازانێت ده‌سه‌ڵاته‌كانی چۆن به‌كار ده‌هێنێت و لای كێیه‌؟وه‌ وه‌زاره‌ته‌كان نه‌یانتوانیوه‌ كاری خۆیان بكه‌ن،بۆیه‌ مانه‌وه‌ی گۆڕان یان هه‌ر لایه‌نێكی تر له‌ناو ئه‌م حكومه‌ته‌دا سه‌ر ئه‌نجامێكی نابێت".

له‌وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌شدا كه‌مادام تێڕوانینی ئێوه‌ بۆ حكومه‌ت وایه‌ ئه‌ی بۆچی وه‌زیره‌كانتان به‌ فه‌رمی ناكێشنه‌وه‌؟محه‌مه‌د تۆفیق ڕه‌حیم دەڵێت "ده‌یكشێنینه‌وه‌ ئه‌وه‌ هیچ كێشه‌ نییه‌ به‌ڵام ئێمه‌ ده‌ڵێین با بارودۆخه‌كه‌ ئاسایی بێته‌وه‌ ئه‌و كاته‌ هه‌موو ئه‌گه‌ره‌كان له‌به‌ر ده‌مماندان".

دەقی وتووێژەکەی پامنێرمان ژیار محەمەد لە سلێمانی لەگەڵ محەمەد تۆفیق ڕەحیم

XS
SM
MD
LG