Accessibility links

ئەفغانستان ڕۆژێکی ماتەمینی بەسەر دەبات


ئەفغانستان ڕۆژێکی ماتمینی بەسەر دەبات، ڕۆژێک پاش ئەوەی بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێک لە کابولی پایتەخت بەلایەنی کەم 80 کەس کوژران و زیاتر لە 200 کەسیش بریندار بوون. تەقینەوەکە لە میانەی ڕێپێوانێکی بە ئاشتی ڕوویدا.

ڕێکخراوی توندڕەوەی دەوڵەتی ئیسلامی بەرپرسیارێتی ئەو هێرشەی ڕۆژی شەممەی گرتە ئەستۆ کە کوشندە ترین هێرشە لە کابول لەوەتای ساڵی 2001 وە.

بەیاننامەیەکی وەزارەتی ناوخۆی ئەفغانستان ڕایگەیاند سێ هێرشبەری خۆکوژ هێرشیان کردە سەر خۆپیشاندانەکە. دەڵێت یەکێک لەوانە بۆمبەکەی لە ناو خۆپیشاندەراندا تەقاندەوە. یەکێکیان بە هەڵە تەنها خۆی کوشت و ئەوەی سێهەمیش لەلایەن هێزەکانی ئاسایشەوە کە پاسەوانێتی خۆپیشاندانەکەیان دەکرد تەقەی لێکراو کوژرا.

وەزارەتەکە کۆبونەوەی جەماوەری و خۆپیشاندانی بۆ ڕۆژ قەدەغە کردوە.

ماڵپەڕێک کە سەر بە داعشە بەرپرسیارێتی ئەو هێرشەی گرتۆتە ئەستۆ. لە بەیاننامەیەکدا بڵاوی کردۆتەوە کە مەبەست لەو هێرشە هۆشداریدان بووە بە نژادی هەزارەی ئەفغانستان، کە زۆربەیان شیعە ئاینزان، تا چی تر نەڕۆن بۆ پشتیوانی کردن لە حکومەتی سوریا لە شەڕی دژ بەو ڕێکخراوە تیرۆرستییە. .

XS
SM
MD
LG