Accessibility links

نزیکەی 6 هەزار کەس لە تورکیا دەستگیر دەکرێن


کاربەدەستانی تورکیا بەردەوامن لە سەر دەستگیر کردنی دادوەران و ئەفسەرانی لەشکر ئەوانەی پەیوەندییان هەیە بە هەوڵی کودەتاکەوە.

وەزیری داد بەکیر بۆزدار ڕایگەیاند نزیکەی 6 هەزار کەس هەتا ئێستا دەستگیر کراون و ژمارەکەش زیاد دەکات، سەرکردەی لیوای سێی لەشکری ژەنەڕاڵ ئەرداڵ ئۆزتورکیش لە نێو دەستگیر کراوەکاندایە بە تاوانی خیانەت کردن.

ژمارەیەک لە ئەفسەرە پلە بەرزەکانی لەشکر بە هەلیکۆپتەر هەڵاتوون بۆ یۆنانی دراوسێی و لەوێ داوای مافی پەناخوازی سیاسی دەکەن. ڕاپۆرتەکانی میدیای تورکیا دەڵێن هەندێک لەوانەی کە هەڵاتوون بڕوا دەکرێت لە نێو کودەتاچییەکان بن.

سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان کەسایەتی ئاینی دوورە وڵات کە ڕۆژێک لە ڕۆژان هاوپەیمانێکی سەرەکی بوو بە ئەنجامدانی ئەو کودەتایە تاوانبار دەکات و ڕۆژی شەممە داوای کرد لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا کە بیگێڕنەوە بۆ تورکیا. فەتحوڵا گولەنی تەمەن 75 ساڵان لە ساڵی 1999وە لە ئەمەریکا دەژێت ئەو هەوڵی کودەتایەی مەحکوم کرد و نکوڵی لەوە دەکات دەستی هەبوبێت تیایدا. ڤلادمێر پوتینی سەرۆکی ڕوسیا ڕۆژی یەکشەممە لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا قسەی لەگەڵ سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان کرد. لە بەیاننامەیکی کە لەلایەن کرملنەوە بڵاو کراوەتەوە دەڵێت پوتن هیوای خواست ڕەشەکە بە خێرایی بێتەوە سەر خۆ و سەقامگیری بگەڕێتەوە. کرملن دەشڵێت هەردوو ڕێبەر بەرنامەکەیان پشتڕاسست کردەوە کە لە داهاتوویەکی نزیکدا پێکەوە کۆببنەوە. میدیاکانی تورکیاش دەڵێن ئەوان لە یەکەم هەفتەی مانگی 8 کۆدەبنەوە.

وەزیری درەوەوەی ئەمەریکا جۆن کیریش شەوی شەممە لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تورکیا مەولەد چاڤسئۆغڵو قسەی کرد، گوتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوە ڕایگەیاند کە جۆن کیری جەختی کردەوە سەر ئەویە کە پێویستە تورکیا ڕێز لە دەسەڵاتی یاسا بگرێت و مافی هاووڵاتیان بگرێت لە کاتێکدا لێکۆڵینەوە لەسەر ئەوە دەکات کە کێ لە پشتی ئەو هەوڵە بووە.

کیری پشتیوانی واشنتۆنی دوپات کردەوە بۆ ئەو حکومەتەی کە بە شێوەیەکی دیموکراتی هەڵبژێردراوە. هاوکات وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بەیاننامەیەکیشی دەرکردووە و تیایدا هۆشداری دەداتە هاووڵاتیانی ئەمەریکا سەفەر نەکەن بۆ تورکیا.

XS
SM
MD
LG