Accessibility links

ئەمەریکا تاووتوێی داواکاری گێڕانەوەی فەتحوڵا گولەن دەکات


وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا جۆن کیری دەڵێت بەڕێوەبەرایەتی ئۆباما داواکاری گێرانەوەی فەتحوڵا گولەنی بنکە لە ئەمەریکا لەبەرچاو دەگرێت کە سەرۆکی تورکیا تاوانباری کردووە بە هەوڵی کودەتاکە. بەڵام گوتیشی دەبێت حکومەتی تورکیا تاوانەکەی گولەن بسەلمێنێت.

لە میانەی سەردانەکەیدا بۆ لەکسمبەرگ جۆن کیری گوتی تورکیا هێشتا ئەو داوایەی لە ئەمەریکا نەکردووە کە گولەن بگێڕنەوە، کە لە ساڵی 1999وە لە تورکیا دەرچووە.

گولەن بە توندی ئەو هەوڵی کودەتایەی لەلایەن ئەفسەرانی لەشکرییەوە شەرمەزار کرد کە بوو بەهۆی تەقینەوە، شەڕی ئاسمانی و شەڕە تەقەو کوشتنی دەیان کەس. بەڵام حکومەتی سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان گولەن تاوانبار دەکەن بۆ ئەم ئاژاوەیە.

جۆن کیری گوتی " لە ئێستادا هیچ داواکارییەکمان بۆ گێڕانەوەی گولەن پێ نەگەیشتووە و بە تەواوەتی پێشبینی ئەوە دەکەین ئەو پرسیارە بێتە ئاراوە و بێگومان ئێمە پێشوازی لە حکومەتی تورکیا دەکەین و داوایان لێ دەکەین بەڵگەی باوەڕپێکراو بخەنە بەردەستمان، و ئەمەریکا ئەو کاتە لێی دەڕوانێت و بڕیاری خۆی دەدات".

ڕۆژی هەینی سەرۆک ئۆباما داوای لە هەمو لایەنەکانی تورکیا کرد پشتویانی لە حکومەتی هەڵبژێردراو بکەن لە تورکیا کە هاوپەیمانێکی سەرەکی ناوتۆیە.

XS
SM
MD
LG