فەرماندەى میحوەرى ڕۆژئاواى كەركوكى پێشمەرگە ، دەڵێت دەزگا ئەمنییەكان پلانەكانى داعشیان بۆ دزەكردنە نێو هەرێم و ناوچە كوردستانیەكانى دەرەوەى ئیدارەى هەرێم شكست پێهێناوە.
كەمال كەركوكى ، بەدەنگى ئەمەریكاى ڕاگەیاند"داعش پلانى هەیە خۆكوژ ڕەوانەى كەركوک و هەرێمى كوردستان بكات و لەنێو شوێنە قەرەباڵغەكان دا تەقینەوە ئەنجام بدات."
بەپێى وتەى فەرماندەى میحوەرى ڕۆژئاواى كەركوكى پێشمەرگە، لە ڕۆژانى جەژن دا پێشمەرگە و دەزگا ئەمنیەكان دوو گروپ لە لایەنگرانى داعشیان لەسنورى كەركوک دەستگیركردووە، كە ویستوویانە تەقینەوە بكەن و ئاسانكارى بۆ هێنانى داعش بكەن.
كەمال كەركوكى گوتى"هەموو پلانەكانى داعش ئەوەیە كە دەیانەوێت لەڕێگەى ئاوارەوە بگەنە ناوچەكانى ژێر دەسەڵاتى هێزە كوردیەكان."
لەئێستادا داعش بەشێک لە ناوچە گرنگەكانى لەدەستداوە و ، بەوتەى شارەزایانى بوارى ئەمنى پلانى داهاتووى داعش ئەنجامدانى تەقینەوەیە لەنێو شاروشارۆچكەكانى عێراق ، بەتایبەت كەلەماوەى دوو هەفتەى ڕابردوودا زنجیرەیەک تەقینەوە بەغدا و ناوچەكانى ترى گرتەوە.
دەقی ڕاپۆرتی پەیامنێرمان دڵشاد ئەنوەر