Accessibility links

هەڵمەتی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پروپاگەندەکانی داعش کەم دەکاتەوە


بەڕێوەبەرایەتی ئۆباما ڕادەگەیەنێت ڕێژەی ئەو کەسانەی کە سەردانی پەیجی تویتەری دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) دەکەن لە ماوەی دوو ساڵی ڕابوردوو لە سەدا 40 کەم بۆتەوە، ئەمەش لە کاتێکدا ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی بەردەوام بۆ وێنە و گرافیک بەرپەرچی ئەو پەیامانەی سەر ئینتەرنێتیان داوەتەوە کە پروپاگەندە بۆ ئەو ڕێکخراوە توندڕەوە دەکەن.

لە پەیامی بەرپەرچدا وێنەی ورچێکە کە کە بە زمانی عەرەبی لێی نوسراوە داعش منداڵ کوژە، خەڵکی بێتاوان دەکوژێت، پاکی لەناو دەبات، و یان بێڕێزی بە منداڵان دەکات. وێنەیەکی تری تێدایە کە دەستی پیاوێک دەمی ژنێکی گرتووە و لێی نوسراوە " داعش دەنگی ژنان ناهێڵێت". وێنەیەکی تریش کە ژنێکە بە نیقابێکی ڕەشەوە چاوی فرمێسی خوێنی لێ دێت و لێی نوسراوە ژنان لە ژێر دەسەڵاتی داعش، بە کۆیلە دەکرێن، ئازار دەدرێن و بێڕێزیان پێ دەکرێت.

کار بەدەستانی ئەمەریکا کەم بوونەوەی سەردانی پەیجی داعش بە پێشکەوتنێک لە کەمکردنەوەی پروپاگەندەکانی داعش دەزانن.

کاتێک ئەمەریکا هاوپەیمانی نێونەتەوەیی لە مانگی 9 ی ساڵی 2014 دژ بە داعش دامەزراند، بەڕێوەبەرایەتییەکە چەندین ئامانجی دیاری کرد ئەوانەش بریتی بوون لە کرداری لەشکری، ڕێگەگرتن لە چوونی شەڕکەرانی بیانی بۆ ناو داعش و بڕینی هاوکاری داراییان و هەروەها ڕووبەڕوو بوونەوەی ئایدۆلۆژیای توندڕەوی گروپەکەو کەم کردنەوەی ناوبانگیان لە جیهانی عەرەب و تەواوی جیهان.

پەیامەکان لە سەرەتاوە کاریگەری کەم بوو چونکە زۆربەی بابەتەکانی دژ بە داعش بە زمانی ئینگلیزی بوون لە سەر ئەنتەرنێت. لەو کاتەدا تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان شێوازی تێکنالۆژیای نوێیان کەمتر بوو.

کاربەدەستانی ئەمەریکا لەو بڕوایەدان ئەم کەموکورتییانە چارەسەر کراون. کورتە نامەکان و وێنەکانی کە گوزارشت لە هەڵسوکەوتی گروپەکە لەگەڵ ژنان، منداڵان و کەسانی تر نزیکەی بە تەواوەتی بە زمانی عەرەبی بڵاو دەکرێنەوە. پێشتر ئەمەریکا ئەم شتانەی هەر خۆی بڵاو دەکردەوە بەڵام ئێستا ئەو پەیامانە بە ڕێگای حکومەتە موسوڵمانەکان، ڕێبەرە ئاینییەکان، خوێندنگا، ڕێبەرانی گەنجان و گروپە چالاکوانەکان بڵاو دەکاتەوە بە ناو کۆمەڵگاکاندا.

لە ناو تەواوی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانیشدا سەرنجێکی زۆر خراوەتەوە سەر تویتەر کە بە زۆرترین شێوە لەلایەن داعشەوە بەکار دێت.

XS
SM
MD
LG