Accessibility links

د.موسه‌نا ئه‌مین: ئه‌و كارتی فشاره‌ی له‌ ده‌ستماندا بوو سوتا،فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كان ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ به‌غداد


موسەنا ئەمین

موسەنا ئەمین

دکتۆر موسه‌نا ئه‌مین سه‌رۆكی فراكسیۆنی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان له‌ په‌رله‌مانی عێراق ده‌ڵێت فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كان ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ به‌غداد بۆ به‌شداری كردن له‌ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی كۆبونه‌وه‌كانی په‌رله‌مانی عێراق كه‌ وا بڕیاره‌ ڕۆژی سێ شه‌ممه‌ ده‌ستپێبكاته‌وه‌.

سه‌رۆكی فراكسیۆنی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان له‌ په‌رله‌مانی عێراق له ‌میانه‌ی وتووێژێكدا له‌گه‌ڵ به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مەریكا ڕایگەیاند " به‌ بڕوای من دوای بڕیاره‌كه‌ی دادگای فیدراڵی ڕێژه‌ی یاسایی ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی عێراق بۆ كۆبونه‌وه‌ ته‌واو ده‌بێت بۆیه‌ واباشتره‌ كورد به‌شداری ئەو دانیشتنه‌ی ڕۆژی سێ شه‌ممه‌ بكات چونكه‌ ئەگه‌ر وانه‌كات زیان دەکات."

دکتۆر موسەنا ئه‌مین ئاماژه‌ بەوەش دەکات کە جاری پێشوو كورد ڕێژه‌ی یاسایی كۆبونه‌وه‌كه‌ی ته‌واو كرد و ئێمه‌ ڕه‌خنه‌مان هه‌بوو كه‌ نه‌ده‌بوو ئه‌و سێ فراكسیۆنه‌ی تر(پارتی-یه‌كێتی-گۆڕان) بگه‌ڕانایه‌وه‌ بۆ به‌غداد و ڕێژه‌ی یاساییان ته‌واو بكردایه‌ كارتی فشاریان له‌ ده‌ست كورد بسوتاندایه‌، هه‌تا ئەمجارەش ئەگەر ڕێژه‌ی یاسایی به‌ كورد ته‌واو كرا باشتره‌ به‌شداری كۆبونه‌وه‌كه‌ی سێ شه‌ممه‌ نه‌كه‌ین و له‌ به‌غداد ئەو بڕیاره‌ بده‌ین.

سه‌رۆكی فراكسیۆنی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان له‌ په‌رله‌مانی عێراق ئه‌وه‌ش ده‌خاته‌ ڕوو جاری پێشوو ئه‌و سێ فراكسیۆنه‌(پارتی-یه‌كێتی-گۆڕان)كه‌وتنه‌ ژێر فشاری تەلەفۆنی كونسڵ و وڵاتان و به‌غداد به‌ڵام به‌ وه‌تی موسه‌نا ئەمین دوو فراكسیۆنه‌ ئیسلامییه‌كه ‌(یه‌كگرتووی ئیسلامی و كۆمه‌ڵی ئیسلامی) نه‌كه‌وتونه‌ته‌ ژێر فشار چونكه‌ به‌ وته‌ی خۆی ئەوان گرێبه‌ست و به‌رژه‌وه‌ندیان له‌گه‌ڵ هیچ وڵاتێكی تر نییه‌ و نانیان له‌ هیچ شوێنێكه‌وه‌ بۆ نایه‌ت تا ترسی بڕینیان هه‌بێت ئەگه‌ر نه‌چنه‌ ژێر باری ئه‌و فشارانه.

دکتۆر موسەنا گوتیشی لە هه‌موو كات زیاتر په‌رله‌مانتارانی كورد ژیان و گیانیان مه‌ترسی له‌سه‌ره‌ له‌ به‌غداد بەڵام ئه‌وان كه‌ ئه‌و ئه‌ركه‌یان گرتۆته‌ ئه‌ستۆ تا كۆتایی به‌رده‌وام ده‌بن .

دەقی وتووێژەکەی ژیار مەحەمەد لەگەڵ دکتۆر موسەنا ئەمین

XS
SM
MD
LG