Accessibility links

شەڕی نێوان تورکیا و پەکەکە هەتادێ زیاتر دەبێت


سەرکوتکردنی پەکەکە لەلایەن لەشکری تورکیاوە گەیشتۆتە ئاستێکی زۆر بەرز لە شارو ناوچە کوردنشینەکاندا. لە کاتێکیشدا کە ژمارەی کوژرانی سەربازەکان زیاد دەکات، ناکۆکییەکان لە نێوان حکومەت و بەرپرسی پێشووی لەشکری دروست دەبێت لەسەر تاکتیکەکانی.

وەزیری بەرگری تورکیا فیکری ئیشک بە فەرماندەی لەشکری پێشوو یەشار بیوکانتی گوت کە بێدەنگ بێت و ئاستی خۆی بزانێت، پاش ئەو ڕەخنانەی کە لەبارەی تاکتیکەکانی حکومەتەوە لەشەڕیدا لەگەڵ پەکەکە گرتی. فەرماندەی پێشووی سەرلەشکری تورکیا هاڵدوم سۆڵمازتورک کە ئێستا خانەنشینە؛ نزیکەی 40 ساڵ ئەزموونی شەڕی هەبووە لەگەڵ پەکەکەدا؛ دەڵێت شەڕەکە گەیشتۆتە قۆناغێکی بێپێشینەوە.

سۆڵمازتورک دەڵێت " ڕەوشەکە لە دەستدەردەچێت بەهۆی ئاست و توندی شەڕکەوە. شارەکان و شارۆچکەکان و تەنانەت گەڕەکەکانیش بووونەتە ئامانجی سەربازی. لەکاتێکدا لە سایەی دۆخی ئاسایی شەڕ و لەشکری ئاسایی هەرگیز ناچنە ناو ناوچە مەدەنییەکانەوە".

کەسایەتییە حکومییەکانی تورکیا دەڵێن هەر لەسەرەتای دەستپێکردنی شەڕەکەوە لەساڵی پێشووەوە دوابەدوای شکستی پڕۆسەی ئاشتی حکومەت لەگەڵ پەکەکەدا؛ پتر لە 900 کەس لەهێزە ئەمنییەکانیان کوژراون و هاوکات نزیکەی 3000 کەسیش لە هێزەکانیان بریندار بوون. زوربەی هەرە زۆری ئەوانەی لەشەڕەکاندا کوژران لە بەشداریکردن لەشەڕی شارەکان و شارۆچکە زۆرینە کوردنشینەکاندا کوژراون.

هەتا تاوسەندنی شەڕ لەم دواییانەدا؛ شەڕەکان زیاتر ناوچەکانی دەرەوەی شاری گرتبۆوە. پەکەکە و لایەنگرانی هەوڵیاندا زوربەی ناوچە مەدەنییەکان کۆنترۆڵبکەن و خودبەڕێوبەری رابگەیەنن. شارەزا لەبواری پرسی کوردا کادری گورسێڵ لە ماڵپەری مۆنیتەردا دەڵێت؛ بڕیارەکەی حکومەتیش بۆ گرتنەوەی ئەو ناوچانە بە بەکارهێنانی هێز سوپای خستە بارودۆخێکی سەختەوە.

کادری گورسێڵ دەڵێت "کارێکی مەحاڵ جیاوازی بکەین لەنێوان گەرێلاکان و خەڵکی بێتاوانی مەدەنی لەئێستادا. بڕوانە ئەو شوێنانە کە

لەلایەن سوپای تورکیاوە کاولکراون بە بەکارهێنانی چەکی قورس و تانک و تۆپ. لەکاتێکدا ئەم شوێنانە لە سەدا 85 بۆ 93 ی دەنگدەرانایان پشتیوانانی پارتە کوردییەکان"

سوپا دەڵێت گوایە کە هەر لەسەرەتای دەستپێکردنەوەی شەڕەوە 7000 سەرهەڵداوی کوشتووە، هاوکات سەرلەشکری خانەنشین سۆڵمازتورک دەڵێت ئەم جەنگە وادەکات سوپا سەرچاوەکانی خۆی بخاتە گەڕ و ماندووی بکات.

"لەشکرکێشی سوپای تورکیا هەرچییەک لەتوانای خۆیدایە وەگەڕیخستووە و ڕەوانەی ناوچەدکانی شەڕی کردوون لەگەڵ پەکەکە. لەکاتێکدا سەرجەم دەستەبژێری یەکە سەربازییەکانی خۆی لەشکرکێشی پێکردوون و بەشدارن لە شەڕی پەکەکەدا. هەرگیز سوپای تورکیا ئاوەها یەکە دەستەبژێرە سەربازییەکانی لەشکرکێشی لەو جۆرەی پێنەکردوون کە یەکە سەربازە دیاریکراوەکانی لە قوبڕوسەوە بهێنێتەوە بۆ شەڕ دژی پەکەکە. ئەمە ئەوە دەگەیەنێت کە ئاستی ئێستای هێز بەس نیە بۆ پاراستنی رەوتی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکان"

سەرۆک وەزیرانی تورکیا بینالی ییڵدریم وتبووی ئەوکاتە سوپا دەستیکردبوو بە کۆتایهێنان بە زوربەی ئەو ئۆپراسیۆنانە دژی پەکەکە لە زوربەی شارەکان؛ بەڵام ئەم هەفتەیە سوپا بۆ 25 گوند و شارۆچکە قەدەغەی هاتوچۆی راگەیاندووە بۆ ئامادەسازی هەڵمەتی سەربازی زیاتر. هاوکات سەرۆکی تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆگان بەڵێنیدابوو کە شەڕ بەردەوام دەبێت تا لەناوبردنی تەواوەتی سەرهەڵداوەکان.

دەقی ڕاپۆرتی پەیامنێرمان دۆریان جۆنس لە ئیستەنبوڵەوە


XS
SM
MD
LG