Accessibility links

بەهۆی هێرشێک بۆ سەر کەناڵی ڕووداوە پێنج کەس بریندار دەبن


كاتژمێر 12 و پێنج خوله‌كى شه‌ممه‌ به‌كاتى هه‌ولێر هێرش كرایە سەر باڵەخانەی سەرەكی کەناڵی ڕووداو لە شاری هەولێر و له‌ ئەنجامدا وه‌ک کەناڵەکەو و ئاسایشی هەولێر ده‌ڵێن 5 له‌ كارمه‌ندانى ئه‌و كه‌ناڵه‌ برینداربوون و زیانى داراییش هەبووە.

سەبارەت بەم هێرشه‌ى كه‌‌ به‌ نارنجۆک كرایە‌ سه‌ر باره‌گاى سه‌ره‌كى ڕووداو له‌ گه‌ڕه‌كى ئیسكانى شارى هه‌ولێر تارق نورى به‌ڕێوه‌به‌رى ئاسایشى هه‌ولێر به‌ ده‌نگى ئه‌مه‌ریكاى ڕاگه‌یاند "سه‌ره‌داو له‌مباره‌یه‌وه‌ هه‌یه‌ به‌ڵام ته‌حقیق به‌رده‌وامه‌ كه‌ى گه‌یشتینه‌ نه‌تائیجى ته‌واو ئه‌و كات ئیعلانى ده‌كه‌ین".

ئاكۆ محه‌مه‌د به‌رێوه‌به‌رى گشتى توڕى میدیاى ڕووداو سه‌باره‌ت به‌و هێرشه‌ به‌ ده‌نگى ئه‌مه‌ریكاى ڕاگه‌یاند "لێدوانمان هه‌مان ئه‌و لێدوانه‌یه‌ كه‌ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ و تیایدا هاتووه‌ هێرشەكە لە ڕێگەی ئاراستەكردنی نارنجۆكێكەوە بوو بۆ سەر باڵەخانەی ڕووداو و لە ئەنجامی ئەو هێرشە تیرۆریستییەدا پێنج كارمه‌ندى ڕووداو برینداربوون و ڕووداو پێشتر لە هیچ هەڕەشەیەك نەترساوەو ئێستاش و لەداهاتووشدا ناترسێت".

ره‌حمان غه‌ریب رێكخه‌رى سه‌نته‌رى میترۆ بۆ داكۆكیكردن له‌ ڕۆژنامه‌نووسان به‌ ده‌نگى ئه‌مه‌ریكاى راگه‌یاند "ئیدانه‌ى ئه‌م هێرشە بۆ‌ سه‌ر ڕووداو ده‌كه‌ین و ده‌بێت ده‌زگا ئه‌منییه‌كان به‌زووترین كات بكه‌رانى بدوزنه‌وه‌ و بدرێن به‌ دادگا و بۆ راى گشتى ئاشكرا بكرێت و پێمان وایه‌ ڕووداو و په‌یامى رووداو له‌ ماوه‌ى ڕابردوو كه‌ به‌شێوه‌یه‌كى باش و پیشه‌یى ئیشى كردووه‌ له‌ سه‌ر هه‌ر چوار پارچه‌ى كوردستان بێگومان ناحه‌ز و دوژمنى بۆ دروست ده‌بێت و پێوسته‌ ده‌زگا ئه‌منیه‌كان زور به‌ ووردى ئه‌م جۆره‌ كه‌ناڵانه‌ بپارێزن".

دواى هێرشه‌كه‌ى‌ سه‌ر كه‌ناڵى ڕووداو به‌ ده‌یان كه‌سایه‌تى سیاسی پشتیوانى و هاوخه‌مى خویان بۆ ئه‌و كه‌ناڵه‌ ده‌ربڕیوه‌ وه‌ک ڕووداو بڵاویکردۆتەوە‌ له‌وانه‌ مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سه‌رۆكى پارتى دیموكراتى كوردستان لە رەوشی كارمەندانی تۆڕی میدیایى رووداوی پرسیەوە و هیوای زوو چاكبوونەوەی بۆ بریندارانی ئەو هێرشەى خواستووه هه‌روه‌ها‌ نەوشیروان مستەفا رێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕانیش لە پەیوەندییەکی تەلەفونیدا پەرۆشی بۆ ڕووداو دەربڕیوه‌ و رایگه‌یاندووه‌ پشتیوانی میدیای پیشەیین و ئیدانە هێرشەکەی سەر بارەگای سەرەکی رووداو دەکەن و هیوای چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازن.

XS
SM
MD
LG