Accessibility links

پوتن پشتیوانی لە پێشنیازێکی ئەمەریکا بۆ سوریا دەکات


ڤلادمێر پوتینی سەرۆکی ڕوسیا دەڵێت ئەو هاوڕایە لەگەڵ پێشنیازێکی ئەمەریکا بۆ بەشداری پێکردنی نوێنەرانی ئۆپۆزسیۆن لە حکومەتی سوریادا، بەڵام لەگەڵ ئەو بۆچوونەدا نییە کە سەرۆکی سوریا بەشار ئەلئەسەد دەستبەجێ دەستبەرداری دەسەڵات بێت.

لە میانەی وتووێژی فراواندا کە پێشتر تۆمار کرابوو لەگەڵ فەرید زەکەریای کەناڵی CNN دا لە میانەی کۆبونەوەی ئابوری جیهانی ڕۆژی هەینی لە سانبیتەرسبەرگ، پوتن دەڵێت تنها ڕێگا بۆ ئەوەی دڵنیابین لەوەی دیموکراسی لە سوریا ئەنجام بدرێت ئەوەیە کە دەستورێکی نوێ بێتە ئاراوە و هەڵبژاردنێکی نوێ بکرێت لە هەمو ئاستەکانی حکومەتدا لەسەر بنەمای ئەو دەستورە.

پوتل خۆی لە پرسیارێکی زەکەریا لادا سەبارەت بە ڕاگەیاندنی بەشار ئەسەد کە دەڵێت هەمو بستێکی خاکی سوریا دەگرێتەوە دەست، بەڵام گوتی پێویستە وتووێژ لە نێوان هەمو لایەنەکان ئەنجام بدرێت لە ناویاندا ئەمەریکاییەکانیش کە بە " هاوبەشەکانمان" ناودێری کردن.

بەڕێوەبەرایەتی سەرۆک ئۆباما داوا دەکات ئەسەد دەستبەجێ دەستبەرداری دەسەڵات بێت، بەڵام پوتن ئەمە بە ئامانجێک لە قەڵەم دەدات کە ناتوانرێ پێی بگەیت و دەشڵێت ناتوانرێ گۆڕانکاری بەم شێوەیە لە سوریا بێتە ئاراوە.

پوتن باسی لە هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکاش کرد و گوتی کار لەگەڵ هەرکەسێکدا دەکات کە دەنگدەران هەڵیبژێرن بەڵام جارێکی تر جەختی کردەوە لە قسەیەکی ڕابوردووی کە گوتبوی کاندیدی کۆمارییەکان دۆناڵد ترامپ کەسێکی گەشبینە. پوتن گوتیشی ئەو سوپاسی ترامپ دەکات کە گوتویەتی هەمو پەیوەندیەکان لەگەڵ ڕوسیادا چاکدەکاتەوە و پێشوازی لە گۆڕانکاری دەکات.

کاتێک پرسیاری لەسەر هەلەری کلنتنی کاندیدی دیموکراتەکان لێ کرا جارێکی تر پوتن خۆی لادا لەوەی ڕاستەوخۆ قسەی لەسەر بکات ئەوەندە نەبێت گوتی ئەو دەرفەتی زۆری نەبووە ڕاستەوخۆ کاری لەگەڵدا بکات.



XS
SM
MD
LG