Accessibility links

بەکر عەلی: رۆشنگەری بریتییە لە رزگارکردنی مرۆڤ لە گەمژەیی


جیهادییەکان و ناوەندە ئیسلامییە توندڕەوەکان لە ئەوروپا تێکڕا بونەتە جێی پرسیار و لێکۆڵینەوە. کردنەوەی چەندین دەروازەی راڤەکاریی و وردبونەوە لە تیرۆر و جیهادگەرایی تێکڕا چاودێرانی خستۆتە بەردەم کۆمەڵێک رەهەندی جومگەیی کە تێکڕا گفتوگۆو شیکاریی گەورە دەخوازێت، رەوشی مرۆڤبوون و مەترسی لەسەر تەواوی بەها مرۆیی و سروشتی و مۆڕاڵی و مێژووییەکانی مرۆڤایەتی راماندەگرێت لەبەردەم گومان و بەرپرسیارێتی گەورەدا. کێشەکە تەنها تیرۆر نییە، داعش و مەترسییەکانی تیرۆر سەرجەم جیهانی لەیەک گۆڕەپانی جەنگ و پڕ کێشمەکێشی سەربازی و ناوچەیی و ئاینییدا کۆکردەوە، بەڵام ئایا خودی مرۆڤ و پەروەردە و ئاین و جیهان بەشدار نیین لەم نەهامەتییە گەورەیەدا.

ئایا جیهادییەکان و رادیکالیستە ئیسلامییەکانی خۆرئاوا مەترسییەکی گەورەی شارستانی و کۆمەڵایەتین بۆ وڵاتانی خۆرئاوا؟ ئایا سەلەفیەتگەرایی نوێ دەرئەنجامی چ بەریەککەوتنێکی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و شارستانییە؟ هەمەڕەنگی تەوژمە ئیسلامییەکانی خۆرئاوا دەرەئەنجام نابنە خولقاندنی زەبروزەنگ و توندوتیژی شارستانی لەنێوان خۆیان و کۆمەڵگەکانی خۆرئاوادا؟

هەبوونی ئەو هەموو ناوەند و مزگەوت و قوتابخانە ئاینیانە لە وڵاتانی خۆرئاوا بەبێ چاودێری و وردبونەوەی زیاتری ناوەندە شارستانی و یاساییەکانی ئەو وڵاتانە جێی بەرپرسیارێتی و لێکۆڵینەوە نیە؟
بۆ ئەم مەبەستە ئاسۆ جەبار لەدەنگی ئەمریکاوە بۆ بەرنامەی رەهەندەکان وتووێژێکی لەگەڵ نوسەر و لێکۆڵەرەوە بەکر عەلی سازکردووە.

بەکر عەلی دەڵێت "ئەوروپییەکان و کۆمەڵگەکانیان و ئەو کۆمەڵگە دیموکراتیانەی کە ئەو جڤاتە بێگانانەیان تیادا دەژی و مافی ئەوەیان داونەتێ چالاکی ئاینی کولتوری خۆیان ئەنجامبدەن و وە لەزۆر شوێنیش بنکەو قوتابخانەو دامودەزگاشیان هەبێت ئاسایی بوو تا ئەو رادەیەی کە نەبونەتە مایەی هەڕەشەو مەترسی بن بۆ سەر ستایڵ و شێوازی ژیانی ئێرە."

سەبارەت بەوەی کە پێویستە لێپرسینەوە لە قوتابخانە ئاینیی و رێکخراوەکانیان بکرێت بەکر عەلی دەڵێت "پاش ئەو کردەوە تیرۆریستیانەی کە لە ئەروپا ئەنجامدرا، دەرکەوت زۆرێک لەوانە پەروەردەکراوی ئەو بنکانەن کە لێرە هەن، وەک مزگەوتەکان و قوتابخانە ئاینییەکان. ئیدی کۆی ئەو دامودەزگایانە تێکڕا کەوتنە بەردەم گومان و پرسیاری ئەوەی ئەمانە چی بەرهەمدەهێنن و ئایا ئەوەی کە کردیان کارێکی راستە کە رێگەیان پێدرابوو ئەو دامودەزگاو بنکانە بکەنەوە؛ هەڵەیەک بووەو دەبێت زوو چارەسەر بکرێت."

هەروەها دەڵێت "لەناو جیهانی ئیسلامیدا هیچ رستەیەکی زانستی، هیچ رستەیەکی فەلسەفی، هیچ رستەیەکی شیعری بەقەدەر ئەو رستەیە بەهێز نیە بڵێی( اللە اکبر)."

هەروەها سەبارەت بە رۆشنگەریش دەڵێت "رۆشنگەری بریتییە لە رزگارکردنی مرۆڤ لە گەمژەیی، گەمژەیش دۆخێک نیە مرۆڤ فیزیکییانە هەڵگری بێت، دۆخێکە لەڕێی ئیرادەوە فەرمانت پێدەدات بیربکەیتەوە یان بیر نەکەیتەوە، کاتێک بیر نەکرایەوە دۆگما دروست دەبێت؛ بۆ گەمژەیەتیش ئەوەیە، مێژوی گەمژەیەتیش خۆی لەخۆیدا دیوێکی تری ئەوەیە پێمان دەڵێت مێژووی شارستانیەت چیە."

هاوکات دەڵێت "ئەو هەموو چالاکییە خوێناوییەی تیرۆریستان لەئەوروپا، ئەوروپای توشی شۆک نەکرد بەقەدەر ئەو هەراسانکردنە سێکسییەی کە لەو شەوەدا لە ئەڵمانیا لە کۆڵن ڕوویدا."

هەروەها سەبارەت بە گۆڤاری بوون و ئەو تەوژمە فیکرییەی ساڵانی نەوەدەکان؛ بەکر عەلی دەڵێت "ئەو تەوژمە فیکرییەی کە لەدوای راپەرینەوە درووستبوو، پێموایە تائێستاکە کاریگەرییەکانی لەبەرچاودا دەبینرێت و دەتوانین بیخوێنینەوەو بیبینین. گۆڤاری بوون گۆڤارێکی رووتی پەتی نەبوو، بەڵکو لە ناوەخندا هەڵگری پڕۆگرامێکی فەلسەفی بوو بۆ خوێندنەوەی خودی کورد لەساتەوەختی دوای راپەرین."

لەڕێی ئەم بەستەرەوە دەتوانن گوێبیستی تەواوی وتووێژەکە بن.....

please wait

No media source currently available

0:00 0:50:08 0:00
Direct link

XS
SM
MD
LG