Accessibility links

ڕێبەرێکی تالیبان لەلایەن ئەمەریکاوە دەکوژرێت


ئاژانسی موخابەراتی ئەفغانستان ناسراو بە NDS پشتڕاستی کردۆتەوە کە ڕێبەری تالیبان ئەختەر مەنسور لە هێرشێکی ئاسمانیدا لە ناوپاکستان نزیک سنوری ئەفغانستان کوژراوە.

ئەم ڕاگەیاندنەی NDS ڕۆژی یەکشەممە لەسەر لاپەڕەی تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر و فەیسبووکی دەزگاکە بڵاو کراوەتەوە و نوسراوە "ڕێبەری تالیبان مەلا ئەختەر مەنسور دوێنێ لە کاتژمیر 3:45 ی ئێوارە لە دالبەندینی بەلوچستان کوژراوە."

پێشتر لەشکری ئەمەریکا ڕایگەیاند بەوە دەچێت لە هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیدا لە ناوچە دووردەستەکانی پاکستان نزیک سنوری ئەفغانستان ڕێبەری تالیبان مەلا ئەختەر مەنسور کوژرابێت..یەکێک لە کاربەدەستەکانی ئەمەریکا ڕایگەیاند ئەو هێرشە بە فەرمانی سەرۆک ئۆباما لە پاش نیوەڕۆی ڕۆژی شەممە بە کاتی خۆجێیی ئەنجام دراوە.

کاربەدەستەکە دەڵێت چەند فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئەمەریکا کە لەلایەن هێزی تایبەتی ئەمەریکاوە بەڕێوەدەبران ئۆتۆمبێلێکیان لە باشوری ڕۆژئاوای شارۆچکەی ئەحمەد والی هەرێمی بەلوچشتانی پاکستان کردە ئامانج. بە پێی ڕاپۆرتان پیاوێک کە لەگەڵ مەنسوردا بوو ئەویش ڕەنگە لەو هێرشەدا کوژرابێت.

ئاژانسی دەنگوباسی ڕۆیتەرز دەڵێت ئەگەر کوژرانی مەلا ئەختەر مەنسور پشتڕاست ببێتەوە ڕەنگە شەڕێک بۆ جێگرتنەوەی دروست ببێت و ئەو لێک ترازانەی کە پاش کوژرانی مەلا عومەر دروست بوو قوڵتر ببێتەوە. کورژانی دامەزرێنەری تالیبان مەلا عومەر پارەکە پشتڕاست کرایەوە دوو ساڵ پاش مردنەکەی.

XS
SM
MD
LG