Accessibility links

تەنها لەماوەى هەفتەیەكدا 700 كەسى دانیشتوى حەویجە خۆیان رادەستى پێشمەرگە كردووە


بەرپرسانى هێزى پێشمەرگە دەڵێن ، بەهۆى نزیكبوونەوەى شەرِى كۆنترۆڵكردنەوەى قەزاى حەویجە ى رۆژئاواى كەركوك ، دانیشتوانەكەى بە لێشاو قەزاكە جێدەهێڵن و، پێشبینى دەكرێت ئەو قەزایە لەلایەن دانیشتوانەكەیەوە بەتەواوەتى چۆڵ بكرێت.
لیوا شوان محەمەدغەریب فەرماندەى پێشمەرگە لە رۆژئاواى كەركوك ، بەدەنگى ئەمەریكاى راگەیاند"دانیشتوانى حەویجە زۆربەیان قەزاكە جێدەهێڵن و خۆیان رادەستى پێشمەرگە دەكەن ، ئەوانەشى لایەنگرى داعشن بەرەو موسڵ كۆچ دەكەن."
ناوبراو وتیشى"حەویجە لە چۆڵبوون نزیكبووەتەوە و رەنگە لەكاتى دەستپێكردنى هێرش دا ، ئەو قەزایە بە ئاسانى لەبن دەستى داعش دەربهێنرێت."
قەزاى حەویجە ى رۆژئاواى كەركوك سەرجەم دانیشتوانەكەى عەرەبى سونەیە و ، بەیەكێك لەو قەزایانەى عێراق هەژمارد دەكرێت كە گروپە چەكدارەكان و حیزبى بەعسیش تێیدا پێگەیان بەهێزە.
نەقیب عەلى محەمەد بەرێوەبەرى ئاسایشى قەزاى دبس ، بەدەنگى ئەمەریكاى راگەیاند"هەفتەى رابردوو 700 كەسى دانیشتوى حەویجە خۆیان رادەستى پێشمەرگە كردووە ، ئەمرۆش 150 كەسى تر خۆیان رادەستكردووە."
قەزاى حەویجە ماوەى دوو ساڵە لەلایەن داعشەوە كۆنترۆڵكراوە و لەئێستادا لەبن دەستى ئەو رێكخراوەدایە ، بەرپرسانى سوپاى عێراقیش دەڵێن شەرِى كۆنترۆڵكردنەوەى ئەو قەزایە خراوەتە چوارچێوەى پرۆسە سەربازیە گەورەكانەوە كە خۆى لەشەرِى موسڵ دا دەبینێتەوە.


XS
SM
MD
LG