Accessibility links

دکتۆر عەبدولحەکیم خەسرەو: لە هەرێمی کوردستانیش پێویستە لایەنەکان ئامڕازەکان بۆ ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی یەکبخەن


دکتۆر عەبدولحەکیم خەسرەو
دکتۆر عەبدولحەکیم خەسرەو

لەم چەند مانگەی ڕابردوودا باسێکی زۆر گەرم و گوڕ لەسەر پەیماننامەی سایکس پیکۆ دەکرا و ئێستاش بەردەوامە.

ئەمڕۆ دووشەممە سەد ساڵ بەسەر ئەم پەیماننامەیەدا ڕەت دەبێت و لە زۆرێک لە نێوەندە سیاسییەکاندا باس لە ئەگەر و نەگەری درێژەپێدانی ئەو دابەشکردنە جوگرافیاییە سیاسییەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکرێت.

سەد ساڵ تێپەڕدەبێت بەسەر ئەم پەیماننامەیەدا وەک دکتۆر عەبدولحەکیم خەسرەو، پسپۆڕی زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی سەڵاحەدین دەڵێت چونکە سەد ساڵ بەسەر ئەم ڕێککەوتنەدا تێپەڕیوە بۆیە لە ئێستادا کەوتۆتە بەر باس و دەشڵێت دەنا ڕێککەوتننامەکە بوونی نەماوە و سەد ساڵ لەمەوبەر کە ئەو ڕێککەوتنە کراوە تەنها بۆ دابەشبوونی دەوڵەتی عوسمانلی بووە و دواتر ئەو نەخشەیەی فەڕەنسا و بەریتانیا دیاریان کردبووبەهۆی ژمارەیەک ڕێککەوتنی ترەوە گۆڕانکاری زۆری بەسەردا هاتووە.

دکتۆر عەبدولحەکیم، ئاماژەش بەوە دەکات باسکردن لە ڕێککەوتننامەی جان کیری (وەزیری دەرەوەی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ) و سێرگیێ لاڤرۆڤ (وەزیری دەرەوەی ڕوسیا)دەکرێت وەک هەنگاوێکی پراکتیکی لێی بڕوانرێت بۆ داڕشتنەوەی نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دەڵێت بەڵام پێویستە بزانرێت کە سیستەمەکە ئێستا جیاوازە لەو سیستەمەی ساڵی 1916 هەبووە و بنەماکانی یاسای نێونەتەوەیی گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە و ناکرێت هاوشێوەی سەد ساڵ لەمەوبەر ڕێککەوتننامەیەک بکرێت بۆ دابەشکردنەوەی نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵکو وەک دکتۆر عەبدولحەکیم خەسرەو باسی دەکات دەکرێت باس لە سیستەمی نوێ بکرێت کە زلهێزەکان لە ناوچەکەدا یان دەیپارێزن یان هەوڵی هێنانە ئارای هاوسەنگیەک دەدەن لە سیستەمەکاندا و دەشڵێت لەم سەروەختەی شەڕی دژی دەوڵەتی ئیسلامیدا بۆچوونەکان جیاوازن و سەختیشە لایەنە جیاوازەکان لە چوارچێوەی دەوڵەتێکدا پێکەوە بمێننەوە، بۆ نمونە پاش ئەو نەهامەتیانەی بەسەر گەلی کورددا هاتووە زۆر قورسە لە چوارچێوەی ئەو دەوڵەتەی تیادایەتی بمێنێتەوە.

لە میانەی وتووێژەکەیدا لەگەڵ بەڵێن ساڵح، دکتۆر عەبدولحەکیم خەسرەو دەڵێت هەرەسی عێراق و سوریا وەهای کردووە گەلانی هەردوو وڵات بیر لە بڕیاردان لە چارەنوسی خۆیان بکەنەوە، نەک ئەوەی زلهێزەکان دووبارە نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دابڕێژنەوە.

زانیاری زیاتر لە دەقی وتووێژەکەدایە:

please wait

No media source currently available

0:00 0:19:13 0:00

XS
SM
MD
LG