Accessibility links

لەگەڵ ڕووداوەکاندا: ئاکەپە / حەشد و ناوچە جێناکۆکەکان / کورد و ئەگەری گەڕانەوە بۆ بەغدا

  • Balen Salih

لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی لەگەڵ ڕووداوەکاندا سێ تەوەر باسدەکرێن. تورکیا و قەیرانی ئاکەپە- حەشدی شەعبی و ناوچە دابڕێندراوەکان- کورد و گەڕانەوە بۆ بەغدا.

یەکەم: ئەردۆغان و داودئۆغڵو

دەمێکە ئەگەر بە چرپەش بووبێت باس لە ناکۆکییەکانی ناو پارتی داد و گەشەپێدانی فەرمانڕەوای تورکیا کراوە و بە تایبەتیش لە نێوان ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆک و ئەحمەد داودئۆغلوی سەرەک وەزیردا.

کێشەکان زۆرن لەوانە چۆنییەتی فەرمانڕەوایەتیکردنی تورکیا و کێشەی لە مێژینەی کورد لەو وڵاتەدا و هەروەهاش خواستەکانی ئەردۆغان بۆ مانەوە لە دەسەڵاتدا وەک کەسی یەکەم.

یەکێک لە پرسیارە سەرەکییەکان لێرەدا ئەوەیە ئایا ئەگەر ئەحمەد داود ئۆغلو دەستبەرداری پۆستەکەی بێت لەناو ئاکەپەدا هاوشێوەی کشانەوەکەی عەبدوڵا گول دەبێت، کە بە بێدەنگی تێپەڕی؟

ئەحمەد داود ئۆغڵو کە بە هاوپەیمانێکی نزیکی ئەردۆغان دادەنرا، بڕیارە دەستبەرداری پۆستەکەی ببێت، وەک کاربەدەستێکی حکومەتی تورکیا(بەو مەرجەی ناوی نەهێنرێت) بە ڕۆژنامەی نێویۆرک تایمزی گوتووە " ئەم دەستبەرداربوونەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ناکۆکیانەی لە نێوان هەردووکیاندا هەیە لەسەر هەوڵەکانی ئەردۆغان بۆ هەبوونی دەسەڵاتی زیاتر."

ئەم ئاڵوگۆڕە لە سەرکردایەتی ئاکەپەدا لە دەمێکدایە وڵاتەکە ڕووبەڕووی ژمارەیەک کێشە دەبێتەوە لەوانە ئۆپەراسیۆنە لەشکرییەکانی دژی کورد دەکرێن، هێرشە تێرۆرکارییەکانی دەوڵەتی ئیسلامی.

دکتۆر کامه‌ران مه‌نتک

دکتۆر کامه‌ران مه‌نتک

ئەم دەست لە کار کێشانەوەیە وەک زۆرێک لە ڕەخنەگرانی سیاسەتەکانی ئەردۆغان ئاماژەی پێدەکەن ئەم ئاڵوگۆڕانە ڕێگەخۆشکرنە بۆ خواستە سیاسییەکانی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان.

بەپێی دەستوری تورکیا (سەرەک وەزیر) خاوەنی دەسەڵاتە و (سەرۆک) دەسەڵاتەکانی سیمبۆلین، بەڵام لەوەتای ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بۆتە سەرۆکی تورکیا وەک هیچ یەکێک لە سەرۆکەکانی پێش خۆی نەبووە.

ئەگەریش هاتوو داودئۆغڵو دەستی لە پۆستی سەرۆکایەتی ئاکەپە کێشایەوە ئەوا ئەردۆغان کەسێکی تر بۆ سەرۆکایەتی پارتی داد و گەشەپێدان کە ڕەگ و ڕیشەیەکی ئیسلامیانەی هەیە دەستنیشان دەکات و دواتریش دەبێتە سەرەک وەزیری تورکیا.

هەتا ئێستا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان نەیتوانیوە پشتیوانییەکی تەواو بە دەست بێنیت بۆ گۆڕانکاری کردن لە دەستوردا، بەڵام وەک شیکەرەوە بۆ ڕۆژنامەی نێویۆرک تایمزیان باسکردووە لەگەڵ هاتنی سەرەک وەزیری نوێدا دەشێت ئەردۆغان هەنگاو بۆ هەڵبژاردنی پێشوەخت بنێت تا ژمارەیەکی زیاتری کورسی پەرلەمان بەدەست بێنێت.

(دکتۆر کامەران مەنتک) پسپۆڕی زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی سەڵاحەدین وەڵامی پرسیارەکانی ئەم تەوەرە دەداتەوە.

دووهەم: مەترسییەکانی حەشدی شەعبی لە ناوچە جێناکۆکەکاندا.

ئەگەرچی پێکهێنانی هێزی حەشدی شەعبی شیعەکان وەک دەگوترا بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڕێکخراوە تێرۆریستیەکەی دەوڵەتی ئیسلامی بووە بەڵام ڕووداوەکان و بە تایبەتیش لەو ناوچانەدا کە ناکۆکی لەسەرن و بە ناوچە دابڕێندراوەکان ناسراون ئاماژەن بەوەی مەبەستی تری سیاسی هەن لە پشت جێگیرکردنی ئەم هێزانەی حەشد لە ناوچە دابڕێندراوەکاندا.

هەتا ئێستا ژمارەیەک ڕێککەوتن لە نێوان کورد و حەشدی شەعبیدا کراون، دواترینیشیان ئەو ڕێککەوتنەیە کە لە پاش ڕووداوەکانی دوزخورماتوو مۆرکرا، بەڵام وەک چاودێر ئاماژەی پێدەکەن ئەنجامی ئەم ڕێککەوتنەش وەک چوارەکەی پێشتر دەبێت و هیچ متمانەیەکیش لە ئارادا نییە تەمەنی ئەم پێنجەم ڕێککەوتنەش درێژەی هەبێت.

دەشێت یەکێک لە هۆکارەکانی نەبوونی ئەم متمانەیە بگەڕێتەوە بۆ ناو ماڵی شیعەکان و هەبوونی هێزی جیاواز لە ناو حەشدا، هەروەهاش دیدی سیاسی ناو لایەنە شیعەکان، وەک بە گشتی دەگوترێت لە ژێر کاریگەری و هەژموونی سیاسیانەی کۆماری ئیسلامی ئێراندان.

هاشم موحەمەد

هاشم موحەمەد

ئایا مه‌ترسییه‌کانی بوونی هێزه‌کانی حه‌شدی شه‌عبی له‌ ناوچه‌ دابڕێندراوه‌کاندا چین؟
ئایا ڕێککه‌وتنه‌کان ده‌بنه‌ مایه‌ی سنوردارکردنی جموجۆڵه‌کانی حه‌شد؟
ئایا ئه‌م هێزه‌ شیعه‌یه‌ ده‌بێته‌ مایه‌ی خراپترکردنی زیاتری یه‌کڕیزی له‌ ناو ماڵی کورددا؟
ئایا حه‌شدی شه‌عبی چه‌ندێک به‌شداری هه‌یه‌ له‌ پاراستنی هه‌ژموونی ئێران له‌ عێراقدا؟

هاشم موحەمەد، پسپۆڕی زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی گەرمیان وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە.

سێهەم:نوێنەرانی کورد لە بەغدا

ڕووداوەکانی چەند هەفتەی ڕابردووی بەغدا، دەکرێت وەک وەرچەرخانێکی گرنگ لە ژیانی سیاسی شیعەکانی عێراقدا سەیر بکرێت، بەڵام ناکرێت کاریگەرییەکانی ئەم ڕووداوانە بە هێند وەرنەگیرێت لەسەر پێکهاتەکانی تری وڵاتەکە.

ڤیان مه‌جید فه‌ره‌ج

ڤیان مه‌جید فه‌ره‌ج

زۆرێک لە چاودێر لەوبڕوایەدان عێراق لە بەردەم پرۆسەی هەڵوەشاندنەوەدایە، جێیەک بۆ متمانە لەگەڵ یەکدا بوونی نەماوە، هەوڵ بۆ پەکخستنی پەرلەمانی وڵاتەکە لە ئارادایە، زۆرێک لە سەرکردەکانی ئەم وڵاتە نوێنەرایەتی کارنامەی وڵاتانی تر دەکەن، بەرژەوەندی گشتی کراوەتە قوربانی بەرژەوەندی تایبەت، دەسەڵاتی ئەم یان ئەو لایەنی سیاسی لە دەسەڵاتی تەواوی حکومەت زیاترە، باری ئابوری و بژێوی خەڵک لە خراپیدایە، بۆیە لە ڕەوشێکی ئاوەهادا پرسیار ئەوەیە ئایا پێویست دەکات نوێنەرانی کورد بگەڕێنەوە بەغدا؟

ڕووداوه‌کانی ئه‌م دواییه‌ی به‌غدا چه‌ندێک کورد ده‌خاته‌ به‌رده‌م به‌رپرسیارێتی ڕێکخستنی ناوماڵی خۆیه‌وه‌؟
ئایا بۆ کورد ده‌سته‌واژه‌کانی " عێراقێکی یه‌کگرتوو، یه‌کپارچه‌یی خاکی عێراق" هیچ مانایه‌کی سیاسی بۆ ماوه‌ته‌وه‌؟
(ڤیان مه‌جید فه‌ره‌ج) نوسه‌ر و لێکۆڵه‌ر وه‌ڵامی ئه‌م پرسیارانه‌ و پرسیار و سه‌رنجه‌کانی ئێوه‌ی ئازیزیش ده‌داته‌وه.

XS
SM
MD
LG