Accessibility links

سەرۆکی ئێران داوا دەکات جیهان لە چەکی بەکۆمەڵکوژ پاک بکرێتەوە


ئاژانسی دەنگوباسی IRNA ڕادەگەیەنێت سەرۆکی ئێران حەسەن ڕۆحانی لە ڕۆژی دووشەممە داوای کردووە نیمچەدورگەی کۆریا بێ چاکی ناوکێ بێت.

ڕۆحانی لە میانەی دانیشتنەکەیدا لەگەڵ سەرۆکی کۆریای باشور پارک گیون های، کە لە گەشتێکدایە بۆ ئێران، ڕایگەیاند دەخوازێت کە جیهان پاکبکرێتەوە لە چەکی بەکۆمەڵ کوژ بە تایبەتی چەکی ناوکی.

ڕۆحانی ڕایشیگەیاند " داواکاری ئێمە بۆ جیهانێکی بێ چەکی بە کۆمەڵکوژ بە بە تایبەتی بۆ کۆریاو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە".

پارکیش ڕایگەیاند ئەو داوای هاوکاری کردووە لە ئێران بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کە داوای ئەوە دەکات نیمچەدورگەی کۆریا لە چەکی ناوکی پاک بکرێتەوە.

مەبەست لەم لێدوانانە کۆریای باکورە کە ڕووبەڕووی سزای سەختی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆتەوە بەهۆی بەرنامە ناوکییەکانی. کۆریای باکور هەتا ئێستا چوارجار تاقیکردنەوەی بۆمبی ناوکی ئەنجام داوە و لە سەرەتای ئەمساڵیشدا موشەکی دوورهاوێژی تاقیکردەوە.

پارک ڕۆژی یەکشەممە گەیشتە تاران ئەمەش یەکەم سەردانی سەرۆکێکی کۆریای باشورە بۆ ئێران لەوەتای ساڵی 1962وە.

XS
SM
MD
LG