Accessibility links

ڕاپـۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لەسەر ڕەوشی مافەکانی مرۆڤ لە عێراق - بەشی حەوتەم


وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕۆژی چوارشەممە ڕاپـۆرتی ساڵانەی خۆی سەبارەت بە ڕەوشی مافەکانی مرۆڤ لە وڵاتانی جیهاندا بڵاوکردەوە.

بەشی عێراقی ڕاپـۆرتەکە لە 69 لاپەڕە پـێکهاتووە و تیایدا باسی ڕەوشی خەڵکی عێراق دەکات لە ماوەی سـاڵی 2015 هەر لە پارێزگای بەسرەوە هەتا پارێزگای دهۆک.

بەشی حەوتەم:

ئازادی گواستەوە، ئاوارەکانی ناو وڵات، پاراستنی پەنابەران و ئەوانەی وڵاتیان نییە

بە پێی دەستور ئازادی هاتوچۆ لە ناوخۆو بۆ دەرەوە ڕێگەی پێدراوە بەڵام حکومەت ڕێزی لەم دەستورە نەگرت. کەسانی ئاوارەی ناو وڵات دەست ڕاگەیشتنیان بۆ بەغدا، کەرکوک، نەجەف و ئەو شوێنانەی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵەکەدا سنوردار بوو. کاربەدەستانی حکومەتی هەرێمی کوردستان داڵدەی 1 ملیۆن و نیو ئاوارەی ناو وڵاتیان دابوو. هەندێک لەوانە بە تایبەتی عەرەبە سوننەکان ڕایان گەیاندووە کە فشایان لەسەر بووە هەتا چوونەتە ناو هەرێمەکەو هەروەها گوشاریشیان بۆ براوە کە ناوچەکە جێبهێڵن.

حکومەتی هەرێم جۆرێک لە ڕێوشوێنی ئاسایشی دەگرێتە بەر کە بە پێویستی دەزانێت لەوانە ڕێگرتن لە هاوتوچۆ لەو ناوچانەی کەلە ژێر دەسەڵاتیدایە. دەسەڵاتداران لە هەرێم داوای بەڵگەنامە دەکەن کە بیسەلمێنێت ئەمانە نیشتەجێی هەرێمی کوردستان نەبوون ئەوجا مۆڵەتیان دەداتێ تا لە ناوچەکاندا جێنشین ببن. ئەم جۆرە مۆڵەتانەش نوێکردنەوەیان پێویستە. ئەو عێراقییانەی دەیانەوێت لە هەرێم نیشتەجێ بن دەسەڵاتداران داوای کەفیلیان لێ دەکەن و دابێت دانیشتووی ناوچەکەش بێت. هاووڵاتیانی کە پاشخانی جیاوازیان هەیە لە ڕووی ئاینی و نەژادییەوە بە کوردیشەوە پێویستە بە بنکەکانی پشکنیندا تێبپەڕن و بپشکێنرێن.

دەسەڵاتدارانی هەرێم جیاوازیان لەو کۆتوبەندانەی سەپاندویانەدا هەیە لە ناوچەکاندا.

ڕێکخراوە کۆمەککارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکانی تریش باس لە چۆنیەتی بەدەنگەوەهاتنی ئاوارە ناوخۆییەکان دەکەن ئەمەش وەک دەڵێن کەوتۆتە سەر ئەو بنکەی پشکنینەی پێیدا تێپەڕ دەبن. ڕاپۆرتیش هەیە لەسەر داخستنی ئەو بنکانەی پشکنین بۆ ماوەیەکی زۆر. ئەمەش ئاوارەکانی ناچار دەکرد چاوەڕوان بن بۆ چوونە ناو هەرێمەوە. کاربەدەستان ڕێگەیان لەو کەسانە دەگرت کە وەهایان دادەنا دەبنە مایەی هەڕەشەو مەترسی بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە. کاربەدەستانی هەرێمی کوردستان ڕێگەیان بە کەمینەیەکی ئاوارەکان دەدا بچنە ناو خاکی هەرێمەوە هەرچەندە پشکنینە ئاسایشەکان ناوبەناو درێژ خایان دەبوون. چوونە ناو هەرێمەوە بە تایبەتی بۆ ئەو پیاوە عەرەبانە سەخت دەبوو کە هەر تەنها خۆیان بوون و هێچ ئەندامێکی تری خێزانیان لەگەڵ نەدەبوو.

هەڵبژاردن و بەشداری سیاسی

دواین هەڵبژاردن: لە مانگی 4 ی 2014دا کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان (IHEC ) هەڵبژاردنی بۆ نوێنەرانی ئەنجومەنی عێراق و ئەنجومەنی هەرێمی پارێزگاکانی هەولێر، دهۆک و سلێمانی ئەنجام دا. چاودێرانی نێونەتەوەیی و خۆجێییش چاودێری هەڵبژاردنەکانیان کرد. سەرەڕای مەترسی ئاسایشی، چاودێران ڕایانگەیاند هەڵبژاردنەکان متمانەپێکراو و ئازاد بوون لە فرتوفێڵی بەربڵاو و ڕێکخراو. چەند ڕاپۆرتی سنوردار هەبوو لەسەر هەراسان کردن یان سەرپێچی کردن. کۆمسیۆنەکە ئەنجامە بەراییەکانی لە مانگی 5 ی 2014 ڕاگەیاند و دادگای باڵای فیدڕاڵی لە مانگی 6 ی 2014 ئەنجامەکانی ڕاگەیاند.

لە مانگی 3دا هەرێمی کوردستان کۆمسۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنی کوردستانی ڕاگەیاند کە دەسەڵاتی بەڕێوەبەردنی هەمو هەڵبژاردنەکان و ڕاپرسییەکانی لە ناو هەرێمی کوردستاندا هەیە. مشتومرەکانی نێوان حکومەتی عێراق و کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان بۆ دیاری کردنی میکانیزمی هەماهەنگی کردن بۆ هەڵبژاردنی فیدڕاڵی هەتا کۆتایی ساڵەکە بەردەوام بوو.

بەشداری کردنی ژنان و کەمینەکان

بە پێی دەستور دەبێت لە سەدا 25 ی ئەندامانی پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگاکان ژن بن. لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی 2014د 22 ژن دەنگی پێویستیان بەبێ پشتبەستن بە کۆتا بە دەستهێنا بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی 328 کورسی. زیاتر لە 60 ژنیش دەنگی کەمتریان بەدەستهێنابوو بەڵام بە پێی کۆتا نێردران بۆ پەرلەمان. ئەمەش بوو بە 86 کورسی بۆ ژنان. سەرەڕای زیاد بوونی ژمارەی خانمان لە پەرلەماندا، لە وتووێژە سیاسییەکاندا بەردەوام ژنان جیاکراونەتەوە. تەنها یەک ژن هەبوو لە نێو وەزیرەکاندا. لە پەرلەمانی 328 کورسیدا بە پێی یاسا 8 کورسی بۆ کەمینەکان مسۆگەر کراوە: 5 بۆ کاندیدە کرستیانەکانی بەغدا، نەینەوا، کەرکوک، هەولێر و دهۆک، یەک ئێزیدی، یەک سابئی و یەکیش بۆ شەبەک.

گەندەڵی و نەبوونی ڕوونی و ئاشکرایی لە حکومەتدا

گەندەڵی بەربڵاو و فراوان و نەبوونی ڕوونی و ئاشکرایی حکومەت بە داهاتی نەوتیشەوە گەورەترین کێشە بوو لە ناو هەرێمی کوردستانی عێراق. بە پێی لیژنەی دەستپاکی کوردستان گەندەڵی لە هەرێمی کوردستاندا فراوان بوو. لاوازی سەرپەرشتی کردنی بودجەو نەبوونی ڕاهێنانی ئەو کەسانەی کە سەرپەرشتی دەکەن کارەکانی لیژنەکەی سەختتر دەکرد تا بە شێوەیەکی کاریگەرانە بەرەنگاری گەندەڵی ببنەوە.

لیژنەی دەستپاکی هەرێمی کوردستان بەرپرسیارە بەرامبەر دابەش کردن و کۆکردنەوەی فۆرمەکان لە هەرێم. لیژنەکە ڕایگەیاند هەتا مانگی 8 سەرۆکی هەرێم، هەمو ئەندامانی پەرلەمان و 20 لە 23 وەزیرەکان ڕاپۆرتی چاودێری داراییان داوە. هیچ زانیاریەک نەبوو کە ئاماژە بەوە بکات کاربەدەستێک سزا درابێت بەهۆی ئاشکرا نەکردنی فۆرمی دارایی.

دەستڕاگەیشتنی خەڵکی بۆ زانیارییەکان: یاسا ڕێگا نادات خەڵکی دەستی ڕابگات بە زانیاریەکانی حکومەت. بەڵام یاسای زانیاری هەرێمی کوردستان ئەو مافە دەدات بە هاووڵاتیان کە داوای زانیارییەکانی حکومەتی هەرێم، پەرلەمان و سیستەمی دادگا بکەن بۆ مەبەستێکی دیاریکراو. ڕێکخراوە ناحکومییەکانی خۆجێیی و نێونەتوەیی ڕایانگەیاندووە خۆتۆمارکردن بۆ بەدەستهێانی مۆڵەت بۆ چالاکییەکانیان لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی هەرێم سەختە.

چەندین ڕێکخراو لە هەرێمی کوردستان ڕایانگەیاندووە کارمەندەکانیان لەلایەن هێزەکانی ئاسایشەوە هەراسان کراون.

ژنان و توندوتیژی خێزانی

ڕێکخراوە نێونەتەوەییکان دەڵێن ئەو خێزانانی کە هاتوچۆیان سنوردار کراوە، مافی فەرهەنگیان لێ قەدەغە کراوە یان قوربانیانی تاوانە سێکسیەکانیان هەیە دەرفەتی خزمەتگوزاری دەرونیان نەدراوەتێ. ڕێکخراوە ناحکومیەکانی خۆجێیی لە کەمپی ئاوارەکانی ناوخۆی وڵات لە هەرێمی کوردستان ڕادەگەیەنن ژمارەیەک لە کارمەندانی وەزارەتی تەندروستی نەیانویستووە چارەسەری قوربانیانی دەستدرێژی سێکسی بکەن بەهۆی هۆکاری کۆمەڵایەتی.

بە درێژایی ساڵەکەش داعش بەردەوام بوو لەسەر ڕفاندن و توندوتیژی کردن بەرامبەر ژنان و کچان.

لە هەرێمی کوردستان لە ماوەی ساڵەکەدا 6 هەزار و 949 دۆسێی توندوتیژی دژ بە ژنان هەبووە. 61 دۆسێی خۆبەخت کردن هەبوە، 115 خۆکوشتن، 54 دۆسێی خەتەنەکردی مێینە و 119 دەستدرێژی سێکسی و گێچەڵی سێکسی.

مەسەلەی کوشتن بە بیانوی شەرەف هێشتا گرفتێکی سەرەکییە لە سەرانسەری وڵاتەکە. هەندێک لە خێزانەکان بە شێوەیەک کوشتن بە بیانوی شەرەف ئەنجام دەدەن کە وەکو خۆکوژی لێک بدرێتەوە. لە هەرێمی کوردستان ژمارەیەک ژن پەنایان برد بۆ خۆ بەخت کردن تا خۆیان بکوژن دەسەڵاتداران ئامادە نەبوون لە هەندێک لە دۆسێکان بکۆڵنەوە.

XS
SM
MD
LG