Accessibility links

ڕاپـۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لەسەر ڕەوشی مافەکانی مرۆڤ لە عێراق - بەشی شەشەم


وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕۆژی چوارشەممە ڕاپـۆرتی ساڵانەی خۆی سەبارەت بە ڕەوشی مافەکانی مرۆڤ لە وڵاتانی جیهاندا بڵاوکردەوە.

بەشی عێراقی ڕاپـۆرتەکە لە 69 لاپەڕە پـێکهاتووە و تیایدا باسی ڕەوشی خەڵکی عێراق دەکات لە ماوەی سـاڵی 2015 هەر لە پارێزگای بەسرەوە هەتا پارێزگای دهۆک.

بەشی شەشەم:

ئازادی ئینترنێت

لە میانەی ساڵەکەدا کاربەدەستانی حکومەت هەوڵیان داوە ئەو پەیجانەی فەیسبووک و تویتەر لابدەن کە تیایدا ڕەخنە لە حکومەت گیراوە هەرچەندە ئەوان لەم کارەدا سەرکەوتوو نەبوون.

لە 25 ی مانگی 7 دا، بە پێی میدیا خۆجەییەکان، چوار چەکداری نەناسراو بە جلوبەرگی سەربازییەوە بە ئۆتۆمبێلێکی بێژمارە چالاکوان عەباس بریفکی ڕفاند، لێیان دا پاشان لە دەرەوەی شاری دهۆک جێیان هێشت. بەپێی ڕاپۆرتان بەرهەڵستانی ئەو کارەیان لەگەڵ بریفکانیدا کردبوو بەهۆی دیدوبۆچوونی سیاسییەوە کە لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک نوسیبووی. گوتەبێژی کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی عێراق ڕووداوەکەی شەرمەزار کردو داوای لە هێزە ئاسایشییەکان کرد ئەنجامدەرانی ئەو کارە بدۆزنەوە. ساڵەکە کۆتایی‌پێهات کاربەدەستان هێشتا کەسیان بۆ ئەو کارە سزا نەداوە.

داعشیش کۆت و بەندی خستۆتە سەر بەکار هێنانی ئینتەرنێت و تەلەفۆن لە موسڵ.

ئازادی ئەکادمی و ڕێوڕەسمی کەلتوری

لە 5 ی مانگی 8 کاربەدەستان لە بەسڕە بڕیارێکیان دەرکرد بۆ ڕێگەگرتن لە گەنجانی خۆجێیی کە فیستیڤاڵی ڕەنگ لە پارکی خوڕەی شارەکە ئەنجام بدەن. ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگا ڕەخنەیان لەو بۆنەیە گرت کە پلانی بۆ دانرابوو بەهۆی ئەوەی کە کچ و کوڕ تێکەڵ دەبوون وە هەوەها ئەو خێزانانەی بێزار دەکرد لە بەسڕە کە کەسو کاریان لەلایەن داعشەوە کوژراوە.

ئازادی ئەکادمی بە شێوەیەکی بەرچاو لەو ناوچانەی داعش کاری تێکردووە و هەروەها ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی داعش کۆتوبەندی لەسەرە. دووابەدووای ئەوەی داعش لە مانگی 6 ی 2014 موسڵی کۆنتڕۆڵ کرد، ئەو گروپە دەستیکرد بە گۆڕانکاری لە سیستەمی پەروەردەی سەرەتایی، ئامادەیی و ئاستەکانی زانکۆش، لە ناویاندا چاپکردنی ئەو کتێبانەش کە هانی توندوتیژی دەدات و مێژووی داعش بە منداڵانی سەرەتایی دەوترێتەوە. بۆ نمونە ڕاپۆرتە هەواڵییەکانی جیهان ڕایانگەیاندووە کە لە زانکۆی موسڵ داعش بەرنامەکانی بۆ خوێندنی ئایدۆلۆژیای داعش گۆڕیوە.

لە کوردستانی عێڕاقیش، بە پێی ڕێکخراوە نا حکومیەکان، ئاسانترە بۆ ئەو کەسانەی کە پەیوەندیان بە یەکێتی و پارتییەوە هەیە پۆستی پرۆفیسۆری باڵا بەدەست بهێنن.

ئازادی کۆڕو کۆبوونەوە

بە پێی دەستوور ئازادی کۆڕو کۆبونەوەو خۆپیشاندانی ئاشتیانە بە یاسا ڕێگەی پێدراوە. بە پێی یاسا پێویستە 7 ڕۆژ بەر لە خۆپیشاندان مەوڵەت وەربگیرێت و زانیاری لەسەر کۆبونەوەکەو هۆکار و بەشداربوانی ڕابگەیەنن. یاساکان هەمو هوتاف گوتن و دروشم هەڵگرتنێک قەدەغە دەکەن کە تیایدا گوزارشت لە جیاوازی ئاینی و نەژادی بکات.

لە مانگی 7دا ژمارەی خۆپیشاندانەکان لە چەندین شاری سەرەکی زیادیان کرد کە تیایدا خۆپیشاندەران داوای خزمەتگوزاری باشتریان دەکرد لە حکومەت و هەروەها داوای کۆتاییهێنان بە گەندەڵییان دەکرد. سەرۆک وەزیریان فەرمانی دا هێزەکانی ئاسایش ڕێگری نەکەن. ڕاپۆرتەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و وێنەکان نیشانیان دا هێزەکانی ئاسایش ئاویان دەدا بە خۆپیشاندەران و خۆپیشاندەرانیان دەپاراست. چەند ڕاپۆرتێکی سنوردار هەبوو لەسەر توندوتیژی لە خۆپیشاندانەکاندا. ڕاپۆرتە میدیایەکان ڕایانگەیاند لە مانگی 7دا هێزەکانی ئاسایش تەقەیان لە خۆپیشاندەرێک کردبوو لە بەسڕە. ئەنجومەنی پارێزگای بەسڕە ڕایگەیاند لە ڕووداوەکە دەکۆڵێتەوە، ساڵەکە تەواو بوو هیچ زانیارییەکی نوێ لەسەر ئەو لێکۆڵینەوەیە ڕانەگەیەندرا.

لە 25 ی مانگی 3 گروپێک لە ئیزیدیەکانی ئاوارەی ناو وڵات لە کەمپی خانكێ خۆپیشاندانیان سازداو داوایان کرد کۆمەڵگای نێونەتەوەیی ئەو تاوانەی داعش دژ بە ئەوان کردی بە جینۆساید لە قەڵەم بدات. بە پێی وتەی ژمارەیەک چالاکوانی ئێزیدی کە پشتڕاست نەکراوە ، ‌هێزەکانی ئاسایشی حکومەتی هەرێمی کوردستان 60 خۆپیشاندەریان دەستگیر کردووە و بۆ شوێنێکی نادیار ڕەوانەیان کردوون. چەند هەفتەیەک پاش ئەوە دەستگیر کردنە کاربەدەستان زۆربەیان ئازاد کردون، بەڵام چاودێران ڕادەگەیەنن چەند کەسێک لەوانە بێسەروشوێنن.

لە مانگی 10 هێزەکانی ئاسایش 5 خۆپیشاندەریان کوشت و بە پێی دەزگاکانی ڕاگەیاندن 130 کەسی تریش بریندار بوون لە میانەی خۆپیشاندانێکی سیاسی و ئابوریدا لە کەلار ، قەڵادزێ، و چەند ناوچەیەکی تری پارێزگای سلێمانی. هێرشەکانی خۆپیشاندەران بۆ سەر باڵەخانەکانی حکومەت هێزەکانی ئاسایشی هاندا ئازادی میدیا و بزوتنەوی ئازادی لە هەرێمکە سنووردار بکەن ئەو سنووردارکردنەش هەتا کۆتایی ساڵەکە بەردەوام بوو. بۆ نمونە هێزەکانی ئاسایشی سەر بە حکومەت تۆڕی میدیایی NRT وKNN یان داخست. لە 12 ی مانگی 10دا هێزەکانی ئاسایش ڕێگەیان گرت لە کەسایەتییەکان و ئەندامانی پەرلەمان کە بڕوا دەکرێت سەر بە پارتی گۆڕان بووبن بچنە ناو هەولێرەوە. لە کاتێکدا لە مانگی 12 ڕێگە درا بە کەناڵی NRT بکرێتەوە KNN هەر داخرابوو.

XS
SM
MD
LG