Accessibility links

داێکێک کە هێشتا چاوەڕوانی گەرانەوەی کورە کانیە

  • Jani Diylan

استانی بەسەر هاتی کوردە فەیلیەکان وێنەیەکە لە داستانی جوەکانی سەردەمی نازیەکان، داستانێکی فەرامۆشکراوو، نەک هەر لە لایەن جیهانی کەر و ڵاڵ بەلکو لە لایەن خودی کوردیشەوە، وە ئەگەر خودی کوردە فەیلیەکان وە یاخود ئەو ژمارە زۆر کەمەی دۆستەکانیان نەبێت، کەس ئاماژە بەسەر هاتە دڵتەزینەکانیان ناکات و بە دەگمەن لەم کەناڵ و ئەو کەناڵ، ئەم رۆژنامە و ئەو رۆژنامە باسیان دەکرێت، وە کە دێتە سەر رەخنە گرتن لە ئاوڕ نەدانەوە لە کوردە فەیلیەکان، جۆرەها بۆختانیان بۆ درووست دەکەن گوایە ( شیعە گەرایی) دەکەن و لەگەڵ حکومەتی ناوەندا کار دەکەن و لە بیریان دەچێتەوە ئاخۆ چەند سەختە کوردێک بەو هەموو گرژی و ئاڵۆزییەی لە نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی ناوەندا هەیە، بەو هەموو رق و کینەی لە دڵی عەرەبە شۆفینیەکاندا هەیە لە شارێکی وەکو بەغدا وە یاخود عەرەب نشینەکانی تردا بژێن. لە کاتێکدا کوردە فەیلیەکان پێش ئەوەی شیعە و موسڵمان بن، کوردن و لە نەوەکانی میدیان و شانازی بە کورد بوون و کوردایەتیان دەکەن. مەخابن لە جیاتی ئەوەی سەدان داستان لە بارەیانەوە بنووسرێن و دەیان فیلم لە بارەیانەوە درووست بکرێن، کەچی نەک نەک هەر ئەوە نەکراوە بەڵکو زۆری لایەنە کوردیەکان کەمتر خەمی کوردە فەیلیەکان دەخۆن.

ئەم فەیلیانە کە لە نەوەکانی میدیان وە وەکو زیندە یاد شێرکۆ بێکەس باسیان دەکات بڕبڕەی ئابوری شاری بەغدا بوون و دەڵین بەغدا لەسەر شانی ئەوان درووست کراوە. ئەم فەیلیانە هەرە ستوونی سەرەکی بزوتنەوەی کوردایەتی شاری بەغدا و یارتی دمۆکراتی کوردستان بوون لە ساڵانی ٧٠ دا، ئەم فەیلیانە ئەو بازار و بازرگانیەی بە دەستی جوەکانەوە بوو بۆ ئەمان بە جێ ما.

داستانی مونیرە خانم و بێ سەر و شوێن بوونی سێ لە کورەکانی نموونەیەکە لە هەزاران داستانی کوردە فەیلیەکان، ئیزیدیەکان، کوردەکانی دەرسیم و شوێنەکانی تری کوردستان و گەلی کورد لە درێژایی مێژووێدا کە نابێ فەرامۆش بکرێن و بەلکۆ دەبێت بخرێنە سەر کاغەز و بۆ مێژوو تۆمار بکرێن.یادی قڕکردن وە یاخود ژینوساێدکردنی کوردە فەیلیەکان هاوکات و هاو مانگە لەگەڵ کارەساتی ئەنفالدا، با ئەو یادەش ساڵانە لە بیر نەکەین و لە گۆشەیەکی بەرێوەچوونەکاندا ئەوانیش بە یاد بهێننەوە تاکو هەست بەوە نەکەن فەرامۆش کراوون و یادی کوژراوو و بێ سەر و شوێن و بەختکراوەکانیان بە زیندوویی بمێنێتەوە.

بە هۆێ گرفتی زاراوەکان و ئەو دیوارە درووستکراوەی لە نێوان بەشەکانی کوردستاندا هەیە بە پێویستم زانی کەم و زۆر پۆختەی وتو وێژەکەم لەگەڵ مونیرە خانمدا بە سۆرانی دابڕیژم تا بەڵکۆ باشتر لە داستانەکە تێبگەن، کاش کات هەبوایە بە زاراوەکانی تریش بڵاوم بکردابایەوە.

مونیرە خانم خاوەن سێ جگەر گۆشەیە کە لە دەورانی سەددام دا بی سەر و شوێن بوونە و نایەوێ بە ( گیان بەخت و شەهید) ناویان ببات لەبەر ئەوەی هێشتا بە هیوای گەرانەوەیاندایە.

نەهیر- ئەندازیاری ئەلکترۆنیک

سەمیر- پزشک – دکتۆر

نەمیر- یەکی کولیژ

خانم مونیرە موراد عەلی لە دەوروبەری ساڵیادی ژینوسایدی کوردە فەیلیەکان کە دەکاتە 4 ئاپریل، چەند رۆژ لەمەو پێش هاووسەر و هاوودەمەکەی لەم جیهانە ماڵئاوایی کرد و بە مەرگی ئەو تەنهاتر مایەوە.

مونیرە خانم لە ساڵیادی کورەکانی و ژینوسایدی کوردە فەیلیەکان و ئەنفالدا، لە هەڤپەیڤینێکدا بە زاراوەی (فەیلی، کەڵهوری، لوری) لەگەڵ بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکادا کە داێکێک سێ لە کورەکانی لە دەست داوە چۆن ئەم رۆژە یاد دەکاتەوە دەڵێت " چ رۆژێک، نەک هەر رۆژێک من هەر خولەکێک یادیان دەکەم، ( بە دەم گریانەوە) شەو و رۆژ لەگەڵمدان، باوکەکەیان لە داخیان شێت بوو، ئیتر کەسێکی ئاسایی نەبوو، تووشی ئەلزایمەر بوو، تووشی هەموو گرفتەکانی جیهان بوو، چۆن یادیان ناکەم، خولەک بە خولەک لە دڵمدان، سێ کوری نازدارم سەددام بردی تا ئێستا نە شوێنیان، نە نوێنیان و نازانین چیان بەسەر هات و هیچ کەسێکیش بە یادی ئێمە نەبوو، ئێمە فەیلین، نازانم چی بڵییم، کەس بە دووایاندا نەچوو و لە شوێنیان بگەرێ و بزانن کەی کوژراوون و ئیسقانەکانیان لە کوێ بە جێ ماوون"

مونیرە خانم دەڵێت" من هەر رۆژ چاووم لەو دەرگایەیە کەی کورەکانم بێنە ژوورەوە، من وا هەست ئەکەم ماوون، بەڵام حەمید ( هاووسەرەکەی ) ووتی سەددام زاڵمە تا ئێستا کەسێک بە زیندوویی ناهێلیتەوە، ئەوەی من تا ئێستا پێتم ووت تەنها بۆ دڵخۆشکردنی تۆ بوو کە بە هیوای گەرانەوەیانەوە بژییت، بەڵام...... مونیرە خانم دەڵێت حەمید لە داخا هەمیشە مات و بێدەنگ بوو، نە ئەچووە دەرەوە و قسەی لەگەڵ کەس نەئەکرد، پەشێۆ و غەمبار بوو وە لە ناخەوە سووتاو بوو، ئەو ووتی دڵم مردووە".

مونیرە خانم دەڵێت تا ئێستا مافی کورەکانی وەرنەگرتووە، نەیتوانیوە ناویان تۆمار بکات لەبەر ئەوەی داوای ( شهادە وفا‌‌ت) یان لێ دەکەن، ئەو دەڵەی" من لە کوێ ئەم شەهادەت وەفاتە بێنم، مەگەر سەددام هەرکەسی کوشت شەهادەی پێ ئەدا، ئەو دەڵەی مەردوم پێیم دەلێن ئەگەر بێت و ناوی کورەکانم تۆمار نەکەم کێ ئەزانی ئەوانە بە دەستی سەددام کوژراوون، ناویان وون دەبێت و دەشڵێت کەسیش لەم رووەوە هاوکاری نەکردووە، مونیرە خانم دەڵێت ئێمە لە بەغدا هاتوێنەتە دونیا و لە بەغدا گەورە بوینە".

سەبارەت بە دەستگیرکردنی کورەکانی، مونیر خانم دەلێت (مونیر) ی کورم کە ئێستاکە خاوەن کارنامەی دکتۆرایە و لە بریتانیا دەژێت، لەو کاتانەدا کە لە زانکۆێ موسڵ بوە بە نهێنیەوە بێ ئەوەی ئێمە بزانین لەگەڵ رێکخراوە کوردیەکاندا کاری کردووە، بەڵام مونیرکە دیارە ( اخباریە) یان لەسەر درابوو پێش ئەوەی دەستگیر بکرێت خۆێ دەرباز دەکات و روو دەکاتە دەرەوە بەڵام لە دەرئەنجام باوکی و سەمیری برای دەستگیر دەکرێن و دەبرێنە ( الامن العامە) . مونیر خانم دەڵێت بۆ مناڵاکانی تریان نەگرت هەر سەمیر و باوکی' لەبەر ئەوەی هەردووکیان کاریان هەبوو وە ئەیانویست نانیان ببڕن، تاکو بێ سەرپەرشت بن و کەس خانەوادەکەیان بە خێۆ نەکات". پاشان کاک حەمید رەوانەی ئێران دەکرێت.

مونیرە خانم دەڵێت لەو کاتەی دەیانویست دکتۆر بەهیر دەستگیر بکەن، دراوسیەکان دەیانووت ئێمە پلەکانەمان داناوە هەر کات هاتن بۆ دەستگیرکردنی با بەسەر بانەوە بێتە لاێ ئێمە، ئێمە دەربازی دەکەین، بەڵام مەخابن بەهیر دەستگیر دەکرێت و مونیرە خانم لەگەڵ سەمیر کورە بچووکەکەیان کە ئەو کات لە یەکی ناوەندیدا بوە دەستگیر دەکرێن و فەرەتر لە مانگێک لە زیندان دەبن. مونیرە خانم دەلێت پاشان دەرگای ماڵەکەمان داخستن و هەموو چواری سەر لە بەیانی فرێ دراێنە ( گەرگیز) لە نێوان بەمۆ و سلێمانی، هەر لەو کاتانەدا ئەو کەسانەی هەر شتێکیان پێی بوو لە پارە و زێڕ لە لایەن کەسانێکی رێگرەوە لێیان دزرا و دەشڵێت " ئەو دزانە کورد بوون و بگرە پێڵاو و سەرپێیەکانیشمان بردن، رووتمان کردن، هیچیان بۆ نەهیشتین"

ئێمەی کە لەبەغدا گەورە بوین، ناچار بوین بە پێیان را بە ژن و ژنی دوو گیانی و مناڵ و پیر بەسەر شاخاندا سەر بکەوین.

سەبارەت بەوەی ئەوە کورد بۆ ماوەی 25 ساڵە خاوەن حکومەتی خۆیە و خۆێ بەرێوە دەبات، ئەوان چییان بۆ کردوون، دەڵێت هیچ، ئاخۆ ئێوە پەنایان بۆ بردوون و داوایان لێ بکەن؟ " ئاخر کێ پرسیاری لێ کردووین ماویین یان نەماویین تا پەنایان بۆ ببەین"!

مونیرە خانم دەلێت " تەنها دەمەوێ سوپاسی دکتۆر بەرهەم ساڵح و هاووسەرەکەی بکەم کە لەو کاتەی لە سلێمانی دەمویست خانوو بکڕم یارمەتی داێن، لەبەر ئەوەی کە شوناسنامەکەمیان بینی و ناوم مونیرەیە و لە بەغدا لە داێک بومە، ووتیان کێ بزانێ تۆ کوردیت، منیش پێیم ووت باوکەکەم من داێکی سێ شەهیدم، لێ تۆڕە بووم و پێیم ووت لەوانەیە لە تۆ فەرەتر خەباتم کردبێت، ئاخر تۆ من ناناسیت، من نیۆ میلیۆن دۆلارم هێناوە لەم کوردستانە سەرمایەگوزاری بکەم، برۆمە هەر وڵاتێک سوپاسم دەکەن، ئەگەر من دڵم بۆ کوردستان نەسۆزێ بۆ دێم پارەکەم لێرە دابنێم، بۆ بڕۆم بۆ ئەو وڵاتە عەرەبیانە کە دڵمان سوزانن ( سووتانن) ، بەهەر جۆر رێگایان پێی نەداین و ووتیان بچوو بۆ لای رەزاق فەیلی ( عبد الرزاق فەیلی) بەڵام بەرهەم و سەرباخی هاووسەری بۆم راوەستان و یارمەتیم دان. لە دەمێکدا لەبەر ئەوەی من ماڵەکەم لە شارع فەلستین لە بەغدا فرۆشتبوو، نێۆ میلیۆن دۆلار کاشم پێی بوو.

مونیرە خانم دەلێت" عەرەبە بەعسیەکان، ئەوانەی خەلکی ( فەلوجە و رومادی ) ین و هەموو( مخابرات و امن) ی سەددام بوون، ئەوەتە هەموو لەوێ خاوەن زەوی و ماڵ و هەموو شتێکن".

مونیرە خانم دەڵێت زۆری ئەوانەی لەگەڵ کورەکانیدا لە زیندان بوون ئازاد کران، لەبەر ئەوەی ئمادە بوون لەگەڵ حکومەتدا هاووکاری بکەن، بەڵام کورەکانی ئەو ئامادە نەبوون لەبەر ئەوەی نەیانوویست ئەوەی بە سەری خۆیاندا هات بە سەری کەسانێکی تردا بێنن و بچن لەسەریان ( اخباری ) بدەن. شایانی ئاماژە پێکردنە بەو پێیەی بەهیر دکتۆر بوە زۆر یارمەتی هاوو زیندانیەکانی داوە لە رووێ تیماری کردنیان.

مونیرە خانم لە درێژایی بەسەر هاتەکەیدا دەلێت ئێستاکە دوو لە کورەکانی ماوون، مونیر کە پرۆفیسۆرە لە برئتانیا و ئەسیر( اثیر) کە دکتۆرە لە زانکۆێ John Hopkins .

لە کۆتاییدا لە مونیرە خانم پرسیارم کرد ئاخۆ چ داخوازیەکی هەیە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەڵێت" هیچ تنها ئەوەم دەوێت کە ( شهادەی مردن) بۆ کورەکانم درووست بکەن تاکو بێسڵمێنن کە ئەمانە بە دەستی سەددام کوژراوون تاکو مافیان بە فێڕو نەڕوات".

مونیر خانم دەڵێت تا ئێستا 10 – 12 هەزار دۆلاری بە پارێزەر داوە تاکو بەڵکۆ ئەو کارەی بۆ ئەنجام بدەن بەڵام دەڵێن پێمان ناکرێ.

مونیر خانم دەڵێت " من بە دووای پول و پارەدا نییم، ئەوە سەمیر خۆێ و خانمەکەی دکتۆرن، مونیر و خانمەکەی هەردوو دکتۆرایان هەیە، تەنها ئەمەوێ بیسەڵمێنن کە کورەکانم بە دەستی سەددام کوژراوون، تا رۆژێک ئەگەر هات و تەرمەکانیان دۆزرایەوە، ئەو گۆڕانەی کە وەکو ( رمزی) لە نەجەف بۆیان درووست کردووم لەوێ بیانێژن".

سەبارەت بەوەی ئەمرۆ چەندین سازمان و رێکخراوەی کوردە فەیلیەکان هەیە، ئەوان چییان بۆ کردوون، دەڵێت" ئەوان خۆیان بەدبەختن، تەنها حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی بەغدا توانایان هەیە، ئەوانیش، نە حکومەتی هەرێمی کوردستان شتێکی بۆ کردووین و نە حکومەتی بەغدا، وە زاراوەی خۆمان ووتەیەک هەیە دەڵێت ( نە دەرویشم و نە باوە، ووڵەو بویمە لەی ناوە ) واتە نە دەروێشم و نە کەسم هەیە و لەم ناوەش وێڵ و سەرگەردانم، ئێمە فەیلیەکان لە ژێر دەستی سەددام بوین، وەکو مرێشک تاسانەمان ( دەخنکاندین) ئێمە لە هەموو کەس زۆرتر ئازارمان بینی، راستە ئەوانەی تر ئازاریان بینی بەڵام نەک وەک ئێمە، ئێمە لە ژێر دەستیان بوین".

مونیرە خانم دەڵێت " دەمەوێ زۆر سوپاسی هاوکاری کاک حیکمەت بامەرنی ( بەرپرسی پارتی دیمۆکراتی کوردستان لە وڵاتە یەکگرتووەکان و کەنەدا) و هاوسەرەکەی بکەم کە لەو کاتەی هاتینە ئەمەریکا و یارمەتی داێن و قەت یارمەتەکانیان لە بیرم ناکەم".

مونیرە خانم لە کۆتایی قسەکانیدا دەڵێت " ئەوەی گرنگە من تا دەمرم هەر کوردم و قەت نکۆڵی لە بنچەکی خۆم ناکەم، وە ئێستاکەش دڵم بۆ ئەو کەسانە دەسووتێ کە ئێستاکە مووچەیان پێی نادرێ و دەڵێم حەیفە، ئێمە زوڵمان لێ کراوە، ئێستاکە دەبێ وەکو پادشاە بژیین، حەیفە بەم جۆرە بەسەرمان هاتووە، ئێمە زووخاوو و غەم و خەفەتی زۆرمان بینیوە".

XS
SM
MD
LG