Accessibility links

فریاد ڕەواندوزی: بە هیچ شێوەیەک ئەوەمان قەبوڵ نییە عەبادی خۆی کاندید بۆ کورد دابنێت


وەزیری ڕۆشنبیری حکومەتی عێراق باس لە هەڵوێستی کورد دەکات سەبارەت بەو گۆڕانکاریانەی حەیدەر ئەلعەبادی، سەرەک وەزیری وڵاتەکە خستویەتیە بەردەم پەرلەمانی عێراق.

فریاد ڕەواندوزی، وەزیری ڕۆشنبیری عێراق دەڵێت بۆ فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە پەرلەمان و هەروەهاش وەک وەزیرە کوردسەکانیش لە کابینەی حکومەتدا ئەوەی حەیدەر ئەلعەبادی کردویەتی کارێکی چاوەڕوان نەکراو بووە و ئێستا وەک دەڵێت عەبادی تۆپەکەی خستە ناو گۆڕەپانی پەرلەمانەوە و وەک نوێنەرانی کوردیش لە بەغدا بە هیچ شێوەیەک ئەوەمان قەبوڵ نییە عەبادی خۆی کاندید بۆ کورد دابنێت.

وەزیری ڕۆشنبیری عێراق ئاماژەش بەوە دەکات پێویستە ئەنجامی ئەم ڕەوشەی بەغدا بەو کەرخەیەدا بشکێتەوە کە کورد خۆی کاندیدەکانی خۆی دەستنیشان بکات و یانیش وەزیرە کوردەکان دەبێت لە پۆستەکانی خۆیاندا بمێننەوە و دەڵێت ئێستاش زۆرێک لە لایەنە سیاسییەکان لەوبڕوایەدان بچوککردنەوەی کابینەی حکومەت بەم شێوەیە نابێت کە عەبادی باسی دەکات لەو ڕوانگەیەوەی هەندێک لەو دوو وەزارەتانەی کراون بە یەک جیاوازی زۆر هەن لە کار و ئەرکەکانیاندا.

فریاد ڕەواندوزی نمونە دەهێنێتەوە لەسەر تێکەڵکردنی هەردوو وەزارەتی ڕۆشنبیری و گەشت و گوزار و شوێنەوار وەک باسی دەکات بۆ نزیکەی هەشت مانگە ئەم دوو وەزارەتە لەیەکدراوە بەڵام لە رووی پراکتیکییەوە خەرجی هەردوو وەزارەتەکە دابینکراوە، هەرچەندە پێشنیازیش بۆ حەیدەر ئەلعەبادی کراوە کە کار بەو شێوەیە نابێت بەڵام هیچ وەڵامێکی نەداوەتەوە.

وەزیری ڕۆشنبیری عێراق دەڵێت لەمڕۆی عێراقدا کێشەکە لەوەدا نییە ژمارەی وەزیرەکان یان قەبارەی کابینە کەمبکرێنەوە و بچوک بکرێتەوە بەڵکو کێشەکە لەوەدایە کە بونیادی حکومەتی عێراق و چۆنیەتی فەرمانڕەوایەتیکردن لەسەر شێوازێک دامەزراوە کە ئێستا عەبادی ناتوانێت ئەو گۆڕانکاریانە بکات چونکە هەرێمەکان بەشدارن لە هەڵبژاردنەکاندا و داوای مافی خۆیان دەکەن بەپێی ئەو دەنگانەی لە هەڵبژاردنەکاندا بەدەستیان هێناوە و دەشڵێت ئەگەر عەبادی بە شوێن ئەوەدایە حکومەتێکی بێ لایەن پێکبهێنێت ئەوا نابێت خۆیشی تیایدا بەشدار بێت و پۆستی سەرەک وەزیریی هەبێت و هەموو لایەنە سیاسیەکانیش لەسەر ئەم بۆچوونە کۆکن.

فریاد ڕەواندوزی جەخت دەکاتەوە لەوەی عەبادی ناتوانێت بەردەوام بێت لەسەر ئەم هەوڵەی دەیدات چونکە وەک دەڵێت باش لە پەیامەکان گەیشتووە، بە تایبەتیش ئێستا کە یەکێک لە کاندیدەکان خۆی کشاندۆتەوە و عەبادیش ناخوازێت دووچاری تەنگژەی تر ببێتەوە و نەک هەر عەبادی بەڵکو هەموو لایەنەکانی تریش لە هەوڵی دۆزینەوەی ڕێگەچارەیەکی مام ناوەندیدان بە شیوەیەک کە داواکانی لایەنەکانی تیادا ڕەچاو بکرێت.

لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی ئەگەر کوردێک لە دەرەوەی لیستە کوردستانییەکان خۆی کاندید کرد و بەشداری لە حکوەمەتەکەی عەبادیدا کرد، فریاد ڕەواندوزی دەڵێت هەڵوێستێکی لەو شێوەیە بە جۆرێک لە خیانەتی نیشتمانی لە قەڵەم دەدرێت.

ژیار موحەمەد، پەیامنێری دەنگی ئەمریکا وتووێژی لەگەڵ فریاد ڕەواندوزی، وەزیری ڕۆشنبیری عێراق کردووە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:13:12 0:00

XS
SM
MD
LG