Accessibility links

سەربازانی سوریا ناوچەیەکی ژێر دەسەڵاتی داعش ئازاد دەکەن


میدیای دەوڵەتی سوریا ڕایدەگەیەنیت هەفتەیەک پاش دەستگرتنەوە بەسەر شاری دێرینی تەدمر، سەربازانی سوریا و هاوپەیمانانیان ڕۆژی یەکشەممە توانیان ناوچەیەکی تری ژێر دەسەڵاتی داعش لە ناوەڕاستی سوریا ئازاد بکەن.

هێرشەکان بۆ دەستگرتنەوە بەسەر شارۆچکەی قەریەتەین بە هاوکاری هێزی ئاسمانی ڕوسیا گورزێکی تر بوو بۆ داعش لە سوریا. هەرچەندە ڕێکخراوێکی چالاکوانی کە چاودێری شەڕی ناوخۆی سوریا دەکات دەڵێت هەرچەندە هێزەکانی حکومەت لە ئێستادا نیوەی قەریەتەینیان کۆنترۆڵ کردووە بەڵام بە تەواوەتی شارۆچکەکە ئازاد نەبووە.

ئەم پیشکەوتنەش هەفتەیەک پاش ئەوە دێت کە هێزەکانی سوریا توانیان شاری تەدمر لە داعش پاک بکەنەوە کە ئەوەش ناوچەیەکی گرنگ بوو بۆیان. شارۆچکەی قەریەتیەن ناوچەیەکی کرستیانەکان بوو و لە ناوەندی تەدمر و دیمەشقی پایتەختدایە.

چالاکوانان دەڵێن هاوینی ڕابوردوو قەریەتەین نزیکەی 40 هەزار موسوڵمان و کرستیانی لێ بوو لەگەڵ هەزاران ئاوارەی ناو وڵاتیش کە لە حومسەوە هەڵاتبوون بۆ ئەوێ، بەڵام پاش هێرشەکانی داعش بۆ سەر ئەو ناوچەیە زۆربەی کرستیانەکان هەڵاتن.

دەیان لە دانیشتوانی کرستیان و کەسانی تریش لەلایەن توندڕەوانەوە ڕفێندران. لە کاتێکدا کە ناوچەکە کەوتە ژێر دەسەڵاتی داعش هەندێکیان ئازاد کران و ئەوانەش کە موسوڵمان نەبوون بە زۆر "جزیە" یان لێ وەردەگیرا.

XS
SM
MD
LG