Accessibility links

ئێران دەخوازێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ عەرەبستانی سعودیە ئاسایی بکاتەوە


سەرۆکی ئێران حەسەن ڕۆحانی دەڵێت وڵاتەکەی ئامادەیە هەرچیەکی پێ بکرێت بیکات بۆ چاککردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ عەرەبستانی سعودیە لە پێناو پێشکەوتن و خۆشگوزەرانی لە جیهانی ئیسلامدا.

لێدوانەکانی ڕۆحانی لە کۆتایی سەردانە دوو ڕۆژییەکەیدا بوو بۆ پاکستان. پاکستان هاوکاری ئێران دەکات لە نێوەندگیریاندا بۆ باشکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ سعودیە.

مەسعود خان باڵیۆزی پێشووی پاکستان بۆ چین دەڵێت " پاکستان هەوڵ دەدات هەردوو وڵات قائیل بکات کە پەوەندیان لەگەڵ یەکدا هەبێت و قسە لەگەڵ یەک بکەن. بۆیە سەرۆک وەزیری پاکستان بەرێز شەریف ماوەیەک لەمەوبەر ئەرکێکی ئاشتی گرتە بەر بۆ ڕیاد و تاران و هەردوو وڵات پێشوازیان لێ کرد. من پێم وایە لەو کاتەوە کەمبوونەوەیەکی بەرچاوی گرژییەکان هەیە، هەرچەندە جیاوازییەکان هەر ماون لە نێوان هەردوو وڵاتدا".

عەرەبستانی سعودەیە لە مانگی 1 وە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێران بچڕاند کاتێک خۆپیشاندەران هێرشیان کردە سەر باڵیۆزخانەی سعودیە لە تاران بۆ ناڕەزایی دەربڕین بەرامبەر لەسێدارە دانی کەسایەتیەکی ئاینی شیعە لە عەرەبستانی سعودیە.

لە میانەی قسەکانیدا لە ئیسلامئاباد ڕۆحانی ڕایگەیاند هیوادارە هەردوو وڵات ڕێگایەکی ڕاست بدۆزنەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوانیان.

لەلایەکی تریشەوە ڕۆحانی ڕێککەوتنی لەگەڵ کاربەدەستانی سیڤیلی و لەشکری پاکستان ئەنجام دا بۆ فراوانکردنی پەیوەندی بازرگانی و ئابوری.

XS
SM
MD
LG