Accessibility links

ژمارەی کوژراوەکانی هێرشەکانی ڕەققە زیاد دەکات


ژمارەی کوژراوەکان لە ئاکامی هێرشە ئاسمانییەکانی ڕوسیا بۆسەر شاری ڕەققە کە لە ژێر دەسەڵاتی ڕێکخراوی تێرۆریستی دەوڵەتی ئیسلامیدایە گەیشتۆتە 55 کەس و وەک چالاکوانان و دەوڵەتی ئیسلامیش دەڵێن زۆربەی قوربانییەکان خەڵکی سیڤیڵن.

لەوەتای ساڵی 2013 وە دەوڵەتی ئیسلامی کۆنترۆڵی شاری ڕەققەی کردووە و بە پایتەختی دەوڵەتی خەلافەتیش ناودێری دەکات. لەم ماوەیەی ڕابردوودا ئەم شارە بۆتە جێی سەنگیی هێرشە ئاسمانییەکان. ئاژانسی دەنگ و باسی ئەسیۆشێتد پرێس ئاماژەی بەوە کردووە هێزێکی چەکدار کە کورد ڕێبەرایەتی دەکات و وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش پشتیوانی دەکات و هەروەها ڕوسیاش دەڵێن بەرنامەڕێژییان هەیە لە چەند مانگی داهاتوودا شاری ڕەققە لە دەستی تێرۆریستانی دەوڵەتی ئیسلامی ڕزگار بکەن.

هاوپەیمانێتی هێزە دیموکراتییەکانی سوریا سەرکەوتنی بەرچاوی بەدەست هێناوە لە شەڕەکانی دژی دەوڵەتی ئیسلامیدا لە باکوری سوریا و لە مانگی ڕابردوودا توانی چەکدارەکان لە ساری شەدادێ لە هەرێمی حەسەکە دەربکەن.

هێرشە ئاسمانییەکان بۆ سەر شاری ڕەققە ئەمڕۆش یەکشەممە بەردەوام بوون وەک ڕێکخراوی سوریایی بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ بنکە لە لەندەن باسی دەکات.

چالاکوانانی هەواڵەکان دەنێرن بۆ ئەم ڕێکخراوە دەڵێن لە نێو قوربانییەکانی 24 کاژمێری ڕابردوودا لە شاری ڕەققە 13 منداڵ هەن و هەروەها ژنێکی دوو گیانیش.

لە ڕۆژی 30 ی مانگی نۆی ڕابردووەوە ڕوسیا دەستیکرد بە هێرشە ئاسمانییەکان لە سوریا، بەڵام مۆسکۆ لە هەفتەی ڕابردووەوە هێزەکانی خۆی لە سوریادا کەمکردۆتەوە پاش ئەوەی ڤلادمیر پوتن سەرۆکی ڕوسیا بڕیاری کشانەوەی بەشێکی هێزەکانی وڵاتەکەی داوە وەک پشتیوانییەکی ناڕاستەوخۆ بۆ وتووێژە ئاشتیانەکەی ژنێڤ.

XS
SM
MD
LG