Accessibility links

ڕوسیا هاوکاری سەربازی پێشکەش بە حکومەتی هەرێم دەکات


نوسینی: ڕێکار حسێن؛ فاتیمە تلیسۆڤا

حکومەتی ڕوسیا هاوکاری سەربازی پێشکەش بە حکومەتی هەرێم دەکات بۆ ڕوبەڕوبونەوەی دەوڵەتی ئیسلامی ناسراو بە داعش

بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی ڕیا نۆڤۆتسی ڕوسی، ڕۆژی دووشەمەی ڕابردوو فڕۆکەیەکی پڕ لە هاوکاری سەربازی ڕوسی لە هەولێڕ نیشتەوە کە نزیکی 5 ئامێری دژە فڕۆکە و هەزاران گولە و تەقەمەنی بۆ هێزەکانی پێشمەرگە هەڵگرتبوو.

ئاژانسەکە لەدەمی دیبلۆماتکاری کۆنسوڵێ ڕۆسیا بەناوی ئارتەم گریگۆپریان گواستویەتیەوە کە نوێنەرانی ڕوسیا لە هەرێمی کوردستان بەکاربەدەستانی هەرێمیان ڕاگەیاندووە کە ئەمە دوایین هاوکاری سەربازی ڕوسیا بۆ حکومەتی هەرێم نابێت و لە داهاتوو دا بەردەوام دەبن لە یارمەتیەکانیان بۆ هەرێم لەشەری دژی داعش.

ئەم هاوکاریەی ڕۆسیا تەنیا یەك ڕۆژ دوای کۆبونەوەی مەسعودبارزانی دێت لەگەڵ ئیڵیا مۆڕگونۆڤ، باڵیۆزی گشتی ڕۆسیا لە عێراق، کە تیایدا تاوتوێی پەیوەدنی هەردوو لاو هاوکاری ڕوسیا بۆ هەرێم لە ڕۆبەڕوبونەوەی داعش کرا.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێك کە لەسایتی سەرۆکایەتی هەرێمی کۆردستانەوە بڵاو کراوەتەوە، "لە دیدارەكەدا باڵیۆزی ڕووسیا لە عێراق هێڵە گشتییەكانی سیاسەتی وڵاتەكەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سووریا و عێراق بۆ سەرۆك بارزانی شیكردەوە و ڕایشیگەیاند كە هاتووە بۆ ئەوەی پێداگریی وڵاتەكەی لەسەر هاوسۆزی و بەردەوامبوونی پەیوەندی لەگەڵ هەرێمی كوردستان دووپات بكاتەوە و ئامادەیی ڕووسیایشی نیشاندا بۆ هاوكاریكردنی پێشمەرگە لەڕووی سەربازی لە شەڕ دژی تیرۆریستاندا."

لە ڕابردوودا حکومەتی هەرێم هاوکاری سەربازی لەچەندین وڵات پێگەیشتووە بەتایبەت لەلایەن ئەمریکاو ئەڵمانیا بۆ بەرەنگاربونەوەی داعش.

حکومەتی هەرێم لە ئێستادا داوا لە وڵاتانی جیهان دەکات بۆ هاوکاری زیاتر لە چەکی قورس بەبێ گەڕانەوە بۆ بەغدا؛ بەڵام بەغدا زۆر بە توندی دژی ئەو داواکاریانەی هەرێم دەوەستێتەوە و بە هەوڵێکیان دەزانێت بۆ جیابۆنەوە لە عێڕاق. لەبەرامبەر ئەوەدا کاربەدەستانی هەرێم گلەیی ئەوە دەکەن کە گەیشتنی هاوکاریە سەبازیەکان لە ڕێگەی بەغداوە بە ئامانجی سیاسی زۆر خاو و ئەستەم کراوە.

نوێنەری حکومەتی هەرێم لە ڕوسیا ئاسۆ جەنگی بورهان بەدەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند، "هاوکاریە سەربازیەکەی ڕوسیا بە فڕۆکەی سەربازی ڕوسی لە هەولێر نیشتەوە بە ئاگاداری بەغدا."

بەگوێرەی کاربەدەستانی هەرێم ئەمە جاری یەکەم نیە ڕوسیا هاوکاری پێشکەش بە حکومەتی هەرێم دەکات.

بەرپرسی فەرماندەی هێزەکانی پێشمەرگە جەبار یاوەر بەدەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند کە "لە ڕابردوودا حکومەتی ڕوسیا نزیکی سێ جار هاوکاری سەربازیان ناردووە بۆ هێزی پێشمەرگە."

XS
SM
MD
LG