Accessibility links

ژیان له‌ فه‌رهه‌نگدا : عه‌بدولقادر سه‌رچناری

  • Balen Salih

بێجگه‌ له‌ شیعر، له‌وبڕوایه‌دا نیم هیچ ژانرێکی تری فه‌رهه‌نگیمان هێنده‌ی شیعر خۆی بتوانێت داکۆکی له‌ زیندوویی و به‌ نه‌مری هێشتنه‌وه‌ی خۆی بکات.

ئه‌گه‌ر شیعر نه‌توانێت خوێنه‌ری خۆی دووچاری ڕامانێکی قوڵ بکات، یان له‌به‌رده‌م گه‌ڕانێکی وریایانه‌دا به‌ شوێن وه‌ڵامی پرسیاره‌ هه‌نوکه‌ییه‌کاندا جێی نه‌هێڵێت ئه‌وا نه‌ ده‌توانێت ناسنامه‌ی خۆی وه‌ک شیعر بپارێزێت و نه‌ ده‌شتوانێت له‌ نێوه‌ندی پێناسه‌ جوانکارییه‌کاندا بمێنێته‌وه‌.

یه‌کێک له‌ پرسیاره‌ هه‌ره‌ گرنگه‌کانی له‌سه‌ر شیعر ده‌کرێن ئه‌وه‌یه‌ کام شیعره‌ داهێنه‌رانه‌یه‌ و کام شاعیره‌ش ده‌توانێت هه‌ر به‌ داهێنه‌ری بمێنێته‌وه‌؟

بۆخۆم (عه‌بدولقادر سه‌عید سه‌رچناری) م وه‌ک شاعیرێک ناسی، هه‌ر کاتێکیش شیعری ئه‌م پیاوه‌م خوێندبێته‌وه‌ ئه‌و هه‌سته‌م له‌لا دروست ده‌بوو که‌ ده‌خوازێت مێژوویه‌کم بۆ بنوسێته‌وه‌ لێوانلێوه‌ له‌ برین و مه‌ینه‌تی، که‌وتن و هه‌ڵسانه‌وه‌، خوێن و به‌فر، لوتکه‌ و نشێو، مێژوویه‌ک به‌ خۆمان بزانین یان نا ژیانی من و تۆی خوێنه‌ره.
‌"جەنگ کۆتایی هات
تفەنگەکان خرانە گەنجینەکانەوە
موجاهیدەکان
ڕیشە درێژەکانیان تاشی
لەچکی ژنەکانیان توڕدا
منداڵەکانیان نارد بۆ
خولی فێربوونی سەمای
بالێ و ئۆپێرا
بەڵام هەژاری سەر لەنوێ
بەدزیەوە
خەریکی کۆکردنەوەی لەچکی ژنەو
چاویشی وا لەسەر کردنەوەی قفڵە
ژەنگاویەکانی گەنجینەو ،
داخستنی خولی فیربوونی سەمای
بالێو ئۆپێراکان"

لای (عه‌بدولقادر سه‌عید) به‌گژداچوونه‌وه‌ی ئایدیۆلۆژیه‌تی ڕق و کینه‌ و کوشتن و بڕین هه‌ر له‌وه‌دا ناوه‌ستێته‌وه‌ دژیان بنوسیت و به‌ڵکو بڕوایه‌کی ته‌واویشی به‌وه‌یه‌ که‌ ده‌بێت دژیشیان بجه‌نگیت، هه‌ر بۆیه‌ دوو جار به‌شداری له‌ شه‌ڕی دژی ده‌وڵه‌تی ئیسلامیدا ده‌کات، وه‌ک ده‌ڵێت هه‌م نوسه‌ره‌ و هه‌میش پێشمه‌رگه‌.

(عه‌بدولقادر سه‌عید) له‌م چه‌ند ساڵه‌ی ڕابردوودا ده‌ست ده‌کات به‌ نوسینی ڕۆمان، هێنده‌ی من ئاگادارم بم سێ ڕۆمانی بڵاوکردۆته‌وه‌ ( گۆڕ غه‌ریب، فرمێسکی به‌فر، پاکیزه‌کانی بیابان).
به‌ داخه‌وه‌ تا ئێستا هه‌ر ڕۆمانی (گۆڕ غه‌ریب)م خوێندۆته‌وه‌ چونکه‌ ته‌نها ئه‌میان گه‌یشتۆته‌ ده‌ستم، تامه‌زرۆشم ڕۆمانه‌کانی تری ئه‌م هاوڕێ دێرینه‌م بخوێنمه‌وه‌.

ڕۆمان زۆر شتمان فێر ده‌کات، له‌وانه‌ تایبه‌تمه‌ندێتییه‌کانی فه‌رهه‌نگ و کولتوره‌کانی تر، چۆن بتوانرێت کولتوره‌ جیاوازه‌کان لێک نزیک بکرێنه‌وه‌. به‌رده‌وامیش ڕه‌خنه‌گران و لێکۆڵه‌ره‌وه‌کان جه‌ختیان کردۆته‌وه‌ له‌وه‌ی ڕۆمان ده‌بێته‌ مایه‌ی ناسینی گه‌لێک یان وڵاتێک، هه‌ر بۆیه‌ هه‌ر ڕۆمانێک له‌ ده‌ره‌وه‌ی تخوبه‌کانی ژیانی زێدی خۆی نوسرا، هنگاوه‌کانی ئێجگار کورت ده‌بن بۆ گه‌یشتن به‌ جیهان.

(عه‌بدولقادر سه‌عید) له‌ ڕۆمانی (گۆڕ غه‌ریب) دا باس له‌ کۆچ و ئه‌زمونه‌کانی داڕمان و شه‌ڕی ناوخۆی ناوه‌ڕاستی ساڵانی نه‌وه‌ته‌کانی سه‌ده‌ی ڕابردوو و مه‌ینه‌تییه‌کانی مرۆڤ و ململانێ جوان و ناشرینه‌کانیشمان بۆ ده‌کات له‌ کاتێکدا ئه‌وه‌ی ئه‌م شاعیر و ڕۆماننوسه‌مان له‌ نزیکه‌وه‌ بناسێت و ڕێک ده‌زانێت له‌م ڕۆمانه‌یدا هه‌ر هیچ نه‌بێت به‌شێک له‌ ژیانی خۆیمان بۆ ده‌نوسێته‌وه‌.

"خۆر ئاواییەکان بێزار مەبن
ئیتر کۆجبەرە خۆرهەڵاتیەکان
بەرەو لایئێوە کۆچ ناکەن
کیشوەرێکی نوێ لە دەریادا
دۆزراوەتەوە بۆ مردن"

له‌م ڕۆمانه‌یدا (عه‌بدولقادر سه‌عید سه‌رچناری) به‌ زمانێکی شاعیرانه‌ ده‌ئاخڤێت، ڕسته‌کان داده‌ڕێژێت و دیمه‌نه‌کان پێکه‌وه‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌، ڕووداوه‌کانیش ده‌خوێنێته‌وه‌.

خۆ ئه‌گه‌ر سه‌رنجێکیش بده‌ینه‌ دیوانه‌ شیعری (شاعیرێ و‌ێنه‌ ده‌کێشێ) ئه‌وا جارێکی تریش ڕۆژانی ئه‌م شاعیره‌ ده‌خوێنینه‌وه‌.

"ئێمه‌ کاتێ مردنمان هه‌ڵبژارد
ده‌مانزانی هه‌ر زوو له‌ بیر ده‌چینه‌وه‌
بۆ ئه‌وه‌ی نه‌مر بین ده‌سبه‌رداری

چه‌ند ساڵێکی ته‌مه‌نی خۆمان بووین"

(عه‌بدولقادر سه‌رچناری) له‌ شیعره‌وه‌ ده‌ڕوات به‌ره‌و ڕۆمان نوسین، بۆ؟ له‌ کامیاندا ده‌توانێت فراوانتر ئه‌ندێشه‌کانی خۆی بنوسێته‌وه‌؟

زۆر جار ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌کرێت که‌ زۆرێک له‌ ڕۆمانه‌کان هه‌ر هیچ نه‌بێت به‌شێکی ته‌رخانه‌ بۆ نوسینه‌وه‌ی ژیاننامه‌ی خودی نوسه‌ر خۆیه‌تی، عه‌بدولقادر سه‌عید سه‌رچناری کام به‌شه‌ی ژیانی خۆی ده‌نوسێته‌وه‌؟

ئایا زاڵ بوونی زمانی شیعر به‌سه‌ر زمانی ڕۆمانه‌کانه‌وه‌ و به‌ تایبه‌تیش له‌ ڕۆمانی (گۆڕ غه‌ریب) ی (عه‌بدولقادر سه‌عید) دا هه‌ر ته‌نها ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی که‌ نوسه‌ر شاعیره‌؟

کاتێک ده‌گوترێت ئه‌م شاعیر یان ئه‌و ڕۆماننوس خاوه‌نی ئه‌زموونه‌، چی ده‌گه‌یه‌نێت؟ ئایا دووباره‌کردنه‌وه‌ی ئه‌زموونه‌کان به‌ شێوازێکی تر، ده‌چیته‌ خانه‌ی داهێنان و تایبه‌تمه‌ندێتییه‌وه‌؟

(عه‌بدولقادر سه‌عید سه‌رچناری) له‌ به‌رنامه‌ی ژیان له‌ فه‌رهه‌نگدا وه‌ڵامی ئه‌م پرسیارانه‌ و پرسیار و سه‌رنجه‌کانی ئێوه‌ی ئازیزیش ده‌داته‌وه:‌

XS
SM
MD
LG