Accessibility links

داعش کیمایی لە نزیک کەرکوک بەکار دەهێنێت


کاربەدەستانی عێراقی ڕۆژی شەممە ڕایانگەیاند ڕێکخراوی تیرۆرستی دەوڵەتی ئیسلامی دوو هێرشی کیمیایی لە نزیک شاری کەرکوکی باکوری عێراق ئەنجام داوە، کچێکی تەمەن سێ ساڵان گیانی لەدەستداوە و نزیکەی 600 کەسی تریش بریندار بوون و هەروەها بۆتە هۆی هەڵاتنی سەدان کەس لە ماڵەکانی خۆیان.

بە پێی هەواڵێکی ئاژانسی دەنگوباسی ئەسۆشیەیتد پرێس، کاربەدەستانی ئاسایش و کارمەندانی نەخۆشخانە ڕایانگەیاندووە هێرشەکە سەرلەبەیانی ڕۆژی شەممە لە شارۆچکەی تازە ڕوویدا کە سێ ڕۆژ لەمەو بەریش چەند موشەکێکی کیمیایی تێ گیرا. کاربەدەستێکی خۆجێیی عادل حسێن بە ئاژانسەکەی ڕاگەیاندووە ترسێکی زۆر لە نێو ژنان و منداڵاندا دروست بووە، و داوا لە حکومەتی ناوەندی دەکەن ڕزگاریان بکات. حسێن دەشڵێت تیمەکانی ئەڵمانی و ئەمەریکایی گەیشتونەتە ناوچەکە بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوە لەسەر جۆری کیماییەکە بکەن.

حلمی حەمدی پەرستار لە نەخۆشخانەی تازە دەڵێت بریندارەکان دووچاری سوتانی پێست و هەوکردنی و تەنگەنەفەسی و سکچوون بوون. دەشڵێت هەشت کەس ڕەوانەی بەغدا کراون بۆ چارەسەرکردن.

کاربەدەستانی ئەمەریکا و عێراقی ڕادەگەیەنن هێزی تایبەتی ئەمەریکا لە میانەی هەڵمەتێکیدا لە باکوری عێراق مانگی ڕابوردوو بەرپرسی ئەو یەکەیەی داعشی دەستگیر کردووە کە چەکی کیمایی دروست دەکات.

هێزەکانی هاوپەیمانان بە ڕێبەرایەتی ئەمەریکا ڕادەگەیەنن ئەو جۆری کیمیاییانەی کە هەتا ئێستا داعش بەکاری هێناوە جۆرەکانی کلۆرین و جۆرێکی ئاستنزمی خەردەلە.

XS
SM
MD
LG