Accessibility links

ژیان له‌ فه‌رهه‌نگدا : فایه‌ق حه‌مه‌ ساڵح

  • Balen Salih

فایەق حەمە ساڵح

فایەق حەمە ساڵح

هونه‌ری فۆتۆگراف له‌ ساده‌ترین پێناسه‌یدا به‌ مانای (نوسین به‌ ڕوناکی)یه‌، یانیش به‌کارهێنانی زومی کامێرایه‌ به‌ شێوه‌یه‌کی بابه‌تیانه‌ بۆ به‌ده‌ستهێنانی وێنه‌یه‌کی داهێنه‌رانه‌.

زۆر جار بینیومانه‌ ده‌نوسرێت (وێنه‌کان ده‌دوێن) یان (وێنه‌یه‌ک له‌ بری هه‌زار وشه)، یانیش (وێنه‌کان بۆمان ده‌گێڕنه‌وه) و چه‌ندان ده‌سته‌واژه‌ی تری هاوشێوه‌، ئه‌مانه‌ هه‌ر هیچ نیشان نه‌ده‌ن ئه‌وه‌مان پێده‌ڵێن ئه‌م هونه‌ره‌ چه‌نده‌ گرنگه‌ له‌ ژیانی فه‌رهه‌نگیماندا.

(فایه‌ق حه‌مه‌ ساڵح) یه‌کێکه‌ له‌و هونه‌رمه‌نده‌ فۆتۆگرافه‌رانه‌ی له‌ ڕێی به‌کارهێنانی کامێراکه‌یه‌وه‌ مێژوویه‌کی گه‌وره‌ی به‌ وێنه‌ بۆ نوسیوینه‌ته‌وه‌.

له‌گه‌ڵ کاره‌ هونه‌رییه‌کانیشیدا (فایه‌ق حه‌مه‌ ساڵح) خه‌ونێکی تریشی هه‌یه‌ بۆ هه‌بوونی وێنه‌گری پرۆفێشناڵ و پێشتر ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌مان وتوویه‌تی "ئێمه‌ خه‌ونێكمان هه‌یه‌ ئه‌ویش پێگه‌یاندنى فۆتۆگرافه‌رى پرۆفیشناڵه‌." ‌

چه‌ندان جار کاریگه‌رییه‌کانی وێنه‌یه‌ک سه‌د به‌ بارته‌قای ده‌یان و سه‌دان هه‌وڵی جۆراوجۆر بوون‌، وێنه‌کانی هه‌ڵه‌بجه‌، دیمه‌نه‌کانی مه‌یدانه‌کانی شه‌ڕ، وێنه‌ فۆتۆگرافییه‌کانی سروشت و شوێنه‌واره‌ دێرینه‌کان، وێنه‌یه‌کی بازاڕ، منداڵێک و بوکه‌شوشه‌که‌ی، ته‌ماشاکردنێک له‌ وێنه‌یه‌کی فۆتۆگرافیدا..هتد باشترین به‌ڵگه‌ن.‌

وێنه‌ له‌ ژیانی هه‌ر هه‌مووماندا ئاماده‌یی هه‌یه‌، وێنه‌کان قۆناغه‌کانی ژیانی خۆمانمان نیشان ده‌ده‌ن له‌ هه‌موو بوارێکدا.

توانایی له‌ گوزارشت کردن یه‌کێکه‌ له‌ کۆڵه‌که‌ سه‌ره‌کییه‌کانی ئیستاتیکا، به‌ڵام ئایا له‌ هونه‌ری فۆتۆگرافیدا هه‌ر به‌ ته‌نها جوانکارییه‌کان ڕۆڵی خۆیان ده‌بینن له‌ وێنه‌گرتنێکی پڕۆفێشناڵدا یانیش ناوه‌ڕۆک به‌ هه‌مان ئه‌ندازه‌ گرنگه‌؟
ئایا وێنه‌گر یان فۆتۆگرافه‌ر که‌سێکی پیشه‌ییه‌ یان هونه‌رمه‌نده‌ و له‌سه‌ر بنچینه‌ی هه‌ستی هونه‌ریی وێنه‌ ده‌گرێت؟

هاتنه‌ ئارای ئه‌م هونه‌ره‌ له‌ کۆمه‌ڵگای کوردیدا بێبه‌ش نه‌بووه‌ یان نه‌کراوه‌ له‌ ئاڵۆزییه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان و گرفته‌ سیاسییه‌کان به‌ڵام ئه‌مانه‌ نه‌بوونه‌ته‌ مایه‌ی دروست بوونی به‌ربه‌ستێکی وه‌ها گه‌وره‌ که‌ بگوترێت ڕێگه‌ له‌ گه‌شه‌کردن و په‌ره‌سه‌ندنی هو‌نه‌ری فۆتۆگراف بگیرێت.

پێویسته‌ له‌ وێنه‌کان تێبگه‌ین، ڕۆبچینه‌ ناو هه‌ناوی وێنه‌ فۆتۆگرافییه‌که‌وه‌ و لێکدانه‌وه‌ی ورد بۆ ڕه‌هه‌نده‌کانی وێنه‌ بکرێن تا بزانرێت ئه‌م یان ئه‌و وێنه‌یه‌ بۆ ده‌بێته‌ ئامڕازێکی گه‌یاندن له‌ خودی وێنه‌گره‌وه‌ بۆ بینه‌ره‌کانی.

ئایا ڕه‌خنه‌ به‌شداری ده‌بێت له‌ به‌ره‌وپێشبردنی ئه‌م ژانره‌ هونه‌رییه‌دا؟

ئایا وێنه‌ فۆتۆگرافییه‌کان له‌ ئێستادا ده‌توانن به‌شدار بن له‌ ناساندنی نه‌ته‌وه‌یه‌ک به‌ جیهان، یانیش ئایا ده‌توانێت پێناسه‌ و ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌ک بنوسێته‌وه‌؟

ئایا پێویسته‌ هه‌موو وێنه‌ فۆتۆگرافیه‌کان بڵاو بکرێنه‌وه‌؟

ڕۆژانه‌ ده‌توانرێت له‌ ڕێی تۆڕه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانه‌وه‌ سه‌دان وێنه‌ی فۆتۆگرافی ببینرێت، به‌ڵام ئایا ده‌کرێت ئه‌مانه‌ هه‌موویان بچنه‌ خانه‌ی هونه‌ری فۆتۆگرافیه‌وه‌؟

له‌ کاتێکدا ده‌کرێت بگوترێت ئه‌مڕۆ زۆربه‌ کامێرای هه‌یه‌ به‌ڵام ئایا ئه‌وه‌ی کامێرای گرت به‌ ده‌سته‌وه‌ ده‌کرێت به‌ وێنه‌گری فۆتۆگرافه‌ری پرۆفێشناڵ ناودێر بکرێت؟

تایبه‌تمه‌ندێتییه‌کان چین تا ببیته‌ ئه‌و فۆتۆگرافه‌ره‌ی بینه‌ران ته‌نها به‌ ڕاگوزه‌ری به‌ به‌رده‌م وێنه‌کانتدا ڕه‌ت نه‌بن؟

ئایا وێنه‌ی ده‌گمه‌ن و جوان هه‌ر ته‌نها له‌ هه‌بوونی کامێرای باشدایه‌؟

(فایه‌ق حه‌مه‌ ساڵح) هونه‌رمه‌ندی فۆتۆگرافه‌ر له‌ به‌رنامه‌ی (ژیان له‌ فه‌رهه‌نگدا) وه‌ڵامی ئه‌م پرسیارانه‌ و پرسیار و سه‌رنجه‌کانی ئێوه‌ی ئازیزیش ده‌داته‌وه‌:

XS
SM
MD
LG