Accessibility links

هێزەکانی پێشمەرگە لەناوچە سنورییەكانى هەرێم ژمارەیەكى زۆر قەڵاى سەربازى بەرز و گەورە دروست دەكات ، فەرماندەکانی هێزەکانی پێشمەرگە دەڵێن ئەمە بۆ پاراستنى هەرێمە لە هێرشى داعش و گروپە چەكدارە توندڕەوەكانى تر.

عەقید تەها تیمارى فەرماندەى بەرگرى و فریاكەوتن لەناوچەى تەللوەردى كەركوک، بەدەنگى ئەمەریكاى ڕاگەیاند "هێزى پێشمەرگە بەدرێژایى ناوچە سنوریەكانى هەرێم قەڵاى سەربازى لەسەر سەنگەرەكانى دروست دەكات".

دروستكردنى قەڵاى سەربازى ، لەكاتێكدایە هێزى پێشمەرگە لەناوچەى رەبیعەى پارێزگاى نەینەواوە تا دەگاتە سنورى خانەقینى پارێزگاى دیالە دەستى بە لێدانى خەندەق كردووە و لە زۆربەى ناوچەكەكان خەندەقەكەى تەواو كردووە.

عەمید روكن هەورامان محەمەد جێگرى فەرماندەى هێزەكانى پشتیوانى دووى پێشمەرگە، بەدەنگى ئەمەریكاى راگەیاند "هێزى پێشمەرگە لەنێوان هەر كیلۆمەترێكدا لەناوچە سنوریەكان قەڵایەكى سەربازى دروست دەكات و ، لەو قەڵایەوە چاودێرى سەر سنورى هەرێم دەكات".

بەڵام عەقید عیرفان حەمەخان فەرماندەى پێشمەرگە لەناوچە كوردستانیەكانى دیالە، ئاماژەى بەوەكرد هێشتا پرۆسەى هەڵكەندنى خەندەق لەدیالە بەردەوامە و ، دواى تەواو بوونى خەندەق لە ناوچە كوردستانیەكانى دیالەش قەڵاى سەربازى دروست دەكرێت.

پێشتر كاتێك هێزى پێشمەرگە دەستى بەهەڵكەندنى خەندەق كرد ، حكومەتى عێراق نارەزایەتى خۆى لەو كارە پیشاندا ، بەڵام تائێستا لەبەرانبەر قەڵا سەربازیەكان هیچ كاردانەوەیەك لەلایەن عێراقەوە نەبووە.

XS
SM
MD
LG