Accessibility links

زۆرێک له‌ ڕه‌خنه‌گرانی هونه‌ریی کۆکن له‌سه‌ر ئه‌و ڕایه‌ی ده‌ڵێت داهێنان لای هونه‌رمه‌ندان و نوسه‌ران گه‌ڕانه‌ به‌شوێن ئه‌و شتانه‌ی له‌ قۆناغه‌کانی ته‌مه‌نیاندا له‌ ده‌ستیان چووه‌ و هه‌وڵدانێکه‌ بۆ دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و شته‌ ونبووانه‌ له‌ کاری هونه‌ری یانیش له‌ نوسینه‌کانیاندا.

پەیکەری بەرخۆدان
پەیکەری بەرخۆدان

هونه‌ری په‌یکه‌رتاشی یه‌کێکه‌ له‌و هونه‌ره‌ گرنگانه‌ی بێ هیچ چه‌ندوچونێک به‌شێکی دانه‌بڕاوه‌ له‌ شارستانی و ئاماژه‌ش به‌وه‌ کراوه‌ هه‌ر په‌یکه‌رێک به‌ ئه‌ندازه‌ی جیاواز باسێکی تیادایه‌ سه‌باره‌ت به‌ په‌یوه‌ندی نێوان مرۆڤ و سروشت.

ئالێره‌دا هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ گرنگ نییه‌ وه‌ک ده‌گوترێت گیان بکرێت به‌به‌ری په‌یکه‌ره‌کاندا، هێنده‌ی ئه‌وه‌ی له‌ تێکشکاندنه‌وه‌ جوانیه‌کانی هونه‌ریی په‌یکه‌رێک گه‌وره‌ بێت یان بچوک بخرێنه‌ ڕوو و له‌ هه‌مان کاتیشدا ئاماژه‌ بێت بۆ ئاماده‌یی مرۆڤ و په‌یوه‌ندییه‌کانی سروشت به‌ مێژوو به‌ مرۆڤیشه‌وه‌، ئه‌مه‌ش بۆ په‌یکه‌ره‌کانی ڕێبازی ئه‌بستراکتیش دروسته‌.

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا که‌ هونه‌ری په‌یکه‌رسازی له‌ ناو کورددا مێژوویه‌کی ئێجگار دێرینی هه‌یه‌ و په‌یکه‌ر و داتاشینه‌ دێرینه‌کانی ناو ئه‌شکه‌وته‌کان باشترین به‌ڵگه‌ن به‌ڵام ئه‌مه‌ به‌و مانایه‌ نییه‌ که‌ په‌یکه‌رسازی له‌ ناو کۆمه‌ڵگای کوردیدا به‌بێ گرفت و ته‌گه‌ره‌ بێت‌، به‌ڵگه‌ش شکاندنی زۆرێک له‌و په‌یکه‌رانه‌ن که‌ باس له‌ جوانی و پیرۆزییه‌کان و به‌هاکانی ژیان ده‌که‌ن، وه‌ک په‌یکه‌ری خۆشه‌ویستییه‌که‌ی هونه‌رمه‌ند (زاهیر سدیق) یان په‌یکه‌ری که‌ره‌که‌ی (زیره‌ک میره‌) و هه‌روه‌هاش کاوه‌ی ئاسنگه‌ره‌که‌ی (هونه‌رمه‌ند کۆسره‌ت جه‌مال) و ده‌یان نمونه‌ی تریش.

هه‌ر بۆیه‌ پێویسته‌ هه‌ڵوه‌سته‌یه‌ک له‌مه‌ڕ ئه‌م دیارده‌یه‌دا بکرێت و هۆکاره‌کانی بزانرێت بۆچی به‌رهه‌می هونه‌رمه‌ندێک سوکایه‌تی پێده‌کرێت له‌ ده‌مێکدا پێویسته‌ هونه‌رمه‌ند له‌ ڕیزی پێشه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگادا بێت، له‌به‌ر هیچ نا ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ڕاستگۆیانه‌ مێژووی ئه‌و قۆناغه‌ی تیایدا ده‌ژی وێنا ده‌کات و ده‌بێته‌ ناسنامه‌یه‌ک بۆ قۆناغی نه‌ته‌وه‌یه‌ک.

به‌ڵێ هونه‌ر یارمه‌تیده‌ره‌ له‌ نۆژه‌نکردنه‌وه‌کاندا و له‌ به‌رچاوڕوونی خه‌ڵک و ڕه‌وشی کۆمه‌ڵایه‌تیدا، وه‌لێ هه‌ندێک وه‌ها باسی ده‌که‌ن که‌ زۆربوونی ژماره‌ی په‌یکه‌ره‌کان له‌وانه‌یه‌ کاریگه‌رییه‌کی نه‌رێنی هه‌بێت به‌سه‌ر دیمه‌نه‌ گه‌وره‌کانی شاره‌کانه‌وه‌ و هه‌روه‌هاش به‌سه‌ر چێژی بینه‌رانیه‌وه‌ له‌و سۆنگه‌یه‌وه‌ی نه‌توانن له‌ هزری خۆیاندا بیهێڵنه‌وه‌ و ببێته‌ بابه‌تێک بۆ ئاخاوتن.

هونه‌رمه‌ند (مه‌ریوان جه‌لال) له‌ یه‌کێک له‌ نوسینه‌کانیدا ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌کات " من له‌و بڕوایه‌دام که‌ گرفت له‌ زیادبوونی په‌یکه‌ره‌کان نیه‌ هێنده‌ی گرفته‌که‌ له‌ دانان و دامه‌زراندن و دۆزیینه‌وه‌ی شوێنی شیاوه‌ بۆ په‌یکه‌ره‌کان.

(زیره‌ک میره‌) به‌رده‌وام شێوازێکی جیاوازی کارکردنی هه‌بووه‌، له‌ هه‌ر یه‌کێک له‌ کاره‌ هونه‌ریه‌کانیشیدا ده‌یان پرسیار و نیشانه‌ی سه‌رسوڕمانی هێناوه‌ته‌ ئاراوه‌.

هێنده‌ی ئاگاداربم دوا کاری هونه‌ریی ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌مان (په‌یکه‌ری به‌رخۆدانه‌) وه‌ک ده‌ڵێت کارێکی هونه‌رییه‌ بۆ به‌رخۆدانی (کۆبانی) و وه‌ک دیارییه‌ک ده‌یبات و له‌ کۆبانی دایده‌نێت.

ئایا کامه‌ کاری هونه‌ریی (زیره‌ک میره‌) وه‌ڵامه‌ بۆ بینه‌رانی و کامه‌شیان ده‌چێته‌ خانه‌ی پرسیاره‌وه‌؟

ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌مان چۆن ده‌توانێت چه‌مکی هزر له‌گه‌ڵ په‌یکه‌رتاشیدا تێکه‌ڵ بکات؟

کام په‌یکه‌ری هونه‌رمه‌ند (زیره‌ک میره‌) هه‌یه‌ نه‌شکێندرابێت؟

ئایا له‌ ڕێی پڕۆژه‌ هونه‌رییه‌کانی زیره‌ک میره‌وه‌ ده‌توانرێت ژینگه‌ بپارێزرێت؟
(زیره‌ک میره‌) له‌ به‌رنامه‌ی ژیان له‌ فه‌رهه‌نگدا وه‌ڵامی ئه‌م پرسیارانه‌ و پرسیار و سه‌رنجه‌کانی ئێوه‌ی ئازیزیش ده‌داته‌وه‌:

XS
SM
MD
LG