Accessibility links

پەکەکە سێ ڕۆژنامەوانی تورک ئازاد دەکات


سەرهەڵداوە کوردەکان ڕۆژی یەکشەممە سێ ڕۆژنامەوانی ئاژانسی دەنگوباسی فەرمی تورکیایان ئازاد کرد، ڕۆژێک پاش ئەوەی لە کاتی ڕووماڵکردنی ڕووداوەکانی باشوری ڕۆژهەڵاتی تورکیا دەستگیریان کردبوون.

ئاژانسی دەنگوباسی ئەنادۆڵو ڕایگەیاند پەیامنێری ئاژانسەکەیان ئەنادۆڵو ڕەئوف مەلتاش، وێنەگر ئۆنور چۆبان و وێنەگری ڤیدیۆ کەنان یەسیلیورت ڕۆژی هەینی لەلایەن ئەندامانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەک) لە شارۆچکەی نوسەیبی سەر سنوری سوریا دەستگیر کران، لەو شوێنەی کە هێزەکانی تورکیا شەڕی دژ بە شەڕڤانە کوردەکان دەکەن.

ماوەیەکی کورت پاش ڕاپۆرتەکەی ئەو ئاژانسە هەرسێکیان ئازاد کران و درانە دەست یاسادانەرێکی تورکیای سەر بە کوردەکان و کاربەدەستانی تری ئەو پارتەی سەر بە کوردەکان لە تورکیا.

ئاژانسەکە دەڵێت ئەو سێ کەسە بەهۆی ئەوە دەستگیر کرابوون کە مەوڵەتیان لە پەکەکە وەرنەگرتبوو بۆ وێنە گرن لەو ناوچەیە. کامێراو کەرەستەکانی تریان نەداوەتەوە پێیان.

پاش ئازاد کردنیان ئەو ڕۆژنامەوانانە بران بۆ بنکەی پۆلیس تا باسی ڕووداوەکە بکەن.

جێی باسە پارتی کرێکارانی کوردستان لە ساڵی 1984 شەڕ دژی حکومەتی تورکیا دەکات لە پێناو بە دەستهێنانی ئەتۆنۆمی بۆ کوردەکان لە باشوری ڕۆژهەڵاتی تورکیا. بەهۆی ئەو شەڕانەوە زیاتر لە 40 هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە. توندوتیژییەکان لەم هاوینە سەری هەڵدایەوە ئاشتی دوو ساڵونیوی ڕابوردوو تێکچوو. بەهۆی تێکچوونی پرۆسەی ئاشتی لە مانگی حەوتەوە سەدان لە ملیتانەکان و نزیکەی 270 ئەندامی هێزی ئاسایشی تورکیاش گیانیان لەدەستداوە.

تورکیا و هاوپەیمانەکانی پەکەکە بە ڕێکخراوێکی تیرۆرستی لە قەڵەم دەدەن.

XS
SM
MD
LG