Accessibility links

هێمن هه‌ورامی: لایه‌نه‌کانی تر له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنی ڕاسته‌وخۆی سه‌رۆک نین له‌ ناو میلله‌ته‌وه‌ چونکه‌ کاندیدیان نییه‌

  • Balen Salih

هێمن هه‌ورامی

هێمن هه‌ورامی

هاوکاتی قه‌یرانی سیاسی و دارایی هه‌رێمی کوردستانی عێراق و له‌ نێوه‌ندی ناکۆکییه‌ سیاسییه‌کانی نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌کانی هه‌رێم، به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه‌ ده‌ره‌وه‌ییه‌کانی پارتی دیموکراتی کوردستان سه‌ردانی وڵاته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا ده‌کات.

ناڕه‌زاییه‌کانی خه‌ڵک گه‌یشتۆته‌ ئه‌و ئاسته‌ی داوا له‌ حکومه‌تی هه‌رێم ده‌کات تا بڕوات.

هێمن هه‌ورامی ده‌ڵێت له‌ هه‌رێمی کوردستان چه‌ند جۆرێک له‌ قه‌یرانمان هه‌ن له‌وانه‌ قه‌یرانی ئاسایشی و به‌ڕێوه‌بردن که‌ به‌ قه‌یرانی ئابوری ناودێری ده‌کات و هه‌روه‌هاش قه‌یرانی سیاسی و ده‌شڵێت پێویسته‌ هۆکاری هه‌ر یه‌ک له‌م قه‌یرانانه‌ بزانرێت و هه‌روا به‌ قسه‌ نابێت حکومه‌ت بڕوات، حکومه‌ت به‌ هه‌ڵبژاردن هاتووه‌ نه‌ک به‌ کوده‌تا.

به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه‌ ده‌ره‌وه‌ییه‌کانی پارتی دیموکراتی کوردستان ده‌ڵێت " ده‌کرێت حکومه‌ت هه‌ڵبوه‌شێندرێته‌وه‌،ئه‌ندامانی په‌رله‌مان ده‌ست له‌ کار بکێشنه‌وه‌ و داوای هه‌ڵبژاردنێکی تازه‌تر بکه‌ین و کێ بردیه‌وه‌ پیرۆزی بێت با حکومه‌ت پێکبهێنێت."

هێمن هه‌ورامی ده‌ڵێت پارتی دیموکراتی کوردستان براوه‌ی یه‌که‌می هه‌ڵبژاردن بووه‌ و هێنده‌ی قه‌باره‌ی خۆی به‌رپرسیارێتی ئه‌م ڕه‌وشه‌ی هه‌رێمی له‌سه‌ره‌ و هه‌ر لایه‌نێکی تریش به‌پێی قه‌باره‌ی خۆی و نابێت هیچ لایه‌نێک له‌ به‌رپرسیارێتی ڕابکات و ده‌شڵێت به‌ تۆمه‌تبارکردنی یه‌کتر و به‌ ڕاکردن له‌ به‌رپرسیارێتی ئه‌م کێشانه‌ چاره‌سه‌ر ناکرێن، به‌ڵکو به‌ بڕیاردان ده‌کرێت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ئێستا کوردستان له‌ چ قۆناغێکدایه‌ و پێویستی به‌ چ چاره‌سه‌رییه‌که‌ و ئایا ده‌مانه‌وێت به‌ره‌وکوێ بڕۆین؟ به‌ره‌و سه‌ربه‌خۆیی؟ ئه‌مه‌ش پێویستی به‌ زه‌مینه‌ سازی و یه‌کڕیزیی هه‌یه‌.

له‌ میانه‌ی وتووێژه‌که‌یدا له‌گه‌ڵ به‌ڵێن ساڵح، هێمن هه‌ورامی به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه‌ ده‌ره‌وه‌ییه‌کانی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاماژه‌ش به‌ گرنگی هه‌ردوو وڵاتی تورکیا و ئێران ده‌کات به‌ڵام ده‌ڵێت هه‌رێم به‌شێکه‌ له‌ جه‌مسه‌ربه‌ندی سیاسی ناوچه‌که‌ به‌ڵام هه‌رگیز نابێته‌ به‌شێک له‌ جه‌مسه‌ربه‌ندی ئاینزایی له‌ ناوچه‌که‌دا و ده‌شڵێت کورد نابێته‌ به‌شێک له‌ جه‌مسه‌ربه‌ندی تورکیا له‌سه‌ر بنه‌مای ئاینزایی دژی ئێران و ناشبێته‌ به‌شێک له‌ جه‌مسه‌ربه‌ندی شیعه‌ له‌گه‌ڵ ئێراندا دژی عه‌ره‌بستانی سعودیه‌ و تورکیا.

زانیاری زیاتر له‌ ده‌قی وتووێژه‌که‌دایه‌:


XS
SM
MD
LG