Accessibility links

شارەبان: سونەكان حەشدى شەعبى بە كوشت‌وبڕكردنیان تۆمەتبار دەكەن


بەشێك لە بەرپرسانى پارێزگاى دیالە، دەڵێن چەكدارەكانى حەشدى شەعبى ژمارەیەكى زۆر گەنجى سونە مەزهەبیان لە ناو شارەباندا كوشت‌وبڕ كردووە، بەڵام بەرپرسانى حەشدى شەعبى رەتیدەكەنەوە گەنجى سونەیان كوشتبێت.

زیاد ئەحمەد ئەندامى خولى پێشووى ئەنجومەنى پارێزگاى دیالە، بەدەنگى ئەمەریكاى راگەیاند"چەكدارەكانى حەشدى شەعبى ژمارەیەكى زۆر گەنجیان ڕفاندووە و دواتر تەرمەكانیان فڕێداون ، هەروەها بانگەوازیان لەناو شارەبان دا بڵاوكردووەتەوە كە دەبێت سونەكان شارە چۆڵ بكەن."

وتیشى"لەلایەن چەكدارە شیعەكانەوە ژمارەیەكى زۆر مزگەوت سوتێنراوە و تەقێنراوەتەوە."

ئاڵۆزبوونى بارودۆخى ئەمنى قەزاى شارەبان ، لە كاتێكدایە هەفتەى رابردوو دوو خۆكوژ خۆیان تەقاندەوە و ژمارەیەكى زۆر گەنجى شیعە مەزهەبیان كوشت، دواتر شیعەكانیش هێرشیان بۆ سەر سونەكان دەستپێكرد.

ئەبو مونتەزر فەرماندەى باڵاى حەشدى شەعبى لە دیالە ئەو تۆمەتانەى رەتكردەوە كە لە بارەى كوشت‌وبڕكردنى سونەكانەوە ئاراستەیان دەكرێت و ، بەدەنگى ئەمەریكاى راگەیاند"حەشدى شەعبى هێزى بردووەتە ناو قەزاى شارەبان و رێگە نادات دەستدرێژى بكرێتە سەر سونەكان."

بارودۆخى ئەمنى قەزاى شارەبان بە شێوەیەك ئاڵۆز بووە، سەلیم جبورى سەرۆكى پەرلەمانى عێراقى هێنایە خەت و داواى كوتایى هێنانى بە ئاڵۆزیەكانى قەزاكە كرد.

XS
SM
MD
LG