Accessibility links

دیپلۆماتانی باڵای ئەمەریکا و ئێران سەنگی دەخەنە سەر چەسپاندنی ڕێککەوتنی ناوکی


وەزیری دەرەوەی ئێران ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند ئاژانسی وزەی ئەتۆمی نەتەوە یەکگرتووەکان نزیکە لەوەی پشتڕاستی بکات کە وڵاتەکەی هەمو بەڵێنەکانی بەجێ گەیاندووە بە پێی ڕێککەوتنی ناوکی لەگەڵ شەش وڵاتانی زلهێزی جیهانی، لە کاتێکدا دەستدەکات بە زنجیرەیەک وتووێژ لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا و ئەمەریکادا لەسەر جێبەجێ کردنی ڕێککەوتنەکە.

محەمەد جەواد زەریف لە میانەی لێدوانێکیدا لە تەلەفیزیۆنی دەوڵەتی ئێران ڕایگەیاند هەمو سزا ناڕەواکانی کە سەپێندرابوو بەسەر ئێراندا ئەمڕۆ لادەبرێن. مەبەستی دەستپێکردنی ئەو پرۆسەیە بوو کە کۆتایی بە سزا ئابورییەکان بەسەر ئێران دا دەهێنێت کاتێک ئاژانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیار بدات ئێران بەڵێنەکانی خۆی بەجێ گەیاندووە.

پشتڕاستکردنەوە لەلایەن ئاژانسی وزەی ئەتۆمی نێونەتەوەیی ڕێگا بۆ ئێران خۆش دەکات دەستبەجێ نزیکەی 100 ملیار دۆلار لەو سامانە سڕکراوەی کە لە دەرەوەی وڵاتە ئازاد بکرێت و دەرفەتی زیاتر بۆ بازرگانی بێتە گۆڕێ.

جان کیری پاش نیوەڕۆی ڕۆژی شەممە گەیشتە ڤیانا و لە کۆتایی ڕۆژدا بەشداری کۆبونەوەکان دەکات لەگەڵ جەواد زەریف و بەرپرسی ڕێبازی دەرەوەیی یەکێتی ئەوروپا فێدریکا مۆغێرینی.

XS
SM
MD
LG