Accessibility links

لەگەڵ ڕووداوەکاندا: کورد و ماڵئاوایی لە 2015 و پێشوازی لە 2016


دەکرێت بگوترێت کە ساڵی 2015 ساڵێکی پڕ بووە لە قەیران و کێشە و ئاڵۆزی و وەک زۆرێک لە چاودێریش دەڵێن پێناچیت ساڵی 2016 ش ناوبنرێت ساڵێک بۆ ڕەواندنەوەی هەر هیچ نەبێت بەشێک لەو قەیرانانە.

لە هەرێمی کوردستانی عێراق لە ساڵی 2015 دا ناکۆکییە سیاسییەکانی نێوان لایەنەکان گەیشتە لوتکە بە ئەندازەیەک پەرلەمانی هەرێمی دابەش کرد و کارەکانی پەک خران.

کۆبوونەوە پێنج قۆڵییەکان (پارتی دیموکراتی کوردستان-بزووتنەوەی گۆڕان- یەکێتی نیشتمانی کوردستان- یەکگرتووی ئیسلامی-کۆمەڵی ئیسلامی) هەر تەنها کۆبوونەوە بوون و هیچ ئەنجامێکیان نەبووە لەسەر دۆسێی پۆستی سەرۆکی هەرێم و ڕیفۆرم لە یاسای سەرۆکایەتی هەرێمدا.

دکتۆر ڕێبوار کەریم مەحمود
دکتۆر ڕێبوار کەریم مەحمود

ئەم کێشە سیاسییانەی هەرێمی کوردستان و بەرەنجامەکانیشی نیشانەیەکن بۆ ئەوەی پێویستی پێکەوە ژیان و یەکتر قەبووڵکردن لەوپەڕی لاوازیدایە یانیش هەر نییە.

لە ڕووی ئابوریشەوە ئەم هەرێمە خودموختارە لە قەیرانێکی قوڵدایە کە گرفتی داراییشی بۆ دروستکردووە و ئێستاشی لەگەڵدا بێت حکومەتی هەرێمی کوردستان موچەی بەلانی کەم سێ مانگی فەرمانبەرانی قەرزارە و تەواوی پڕۆژەکانیش لەبەر نەبوونی بودجەی پێویست ڕاگیراون.

بەڵام وێڕای ئەم هەموو کێشانە هێزی پێشمەرگەی کوردستان توانیویەتی داکۆکییەکی گیانبازانەی سەرسەختانە لە خاکی هەرێم بکات لە شەڕەکانی دژی دەوڵەتی ئیسلامیدا هەرچەندە قەیرانی موچە بەشێکی زۆری پێشمەرگەشی گرتۆتەوە.

لە باکور شەڕ و توندوتیژییەکان دەستیان پێکردۆتەوە لە نێوان دەسەڵاتدارانی تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستاندا. هەدەپە کە بە گەورەترین لایەنی سیاسی سەر بە کورد دادەنرێت لە تورکیادا و لە هەڵبژاردنەکەی مانگی شەشدا توانی ڕێژەیەکی بەرچاوی دەنگەکان بە دەست بهێنێت وەلێ دواتر کە لایەنە سەرکەوتووەکان نەیانتوانی حکومەت پێکبهێنن، هەڵبژاردن کرایەوە.

لەو هەڵبژاردنەی مانگی یازدەدا ئاکەپە لایەنەکەی رەجەب تەیب ئەردۆغان جارێکی تر زۆرینەی کورسییەکانی پەرلەمانی وڵاتەکەی بەدەستهێنا و هەدەپە ژمارەی کورسییەکانی کەم بوونەوە.

لە ڕۆژئاواش کورد توانی سەرکەوتنی گەورە بەدەست بێنێت دژی دەوڵەتی ئیسلامی بە شێوەیەک بووە سەردێڕی هەواڵەکانی جیهان. لە رۆژئاوا سێ کانتۆن پێکهێنران و لەم ئەزموونی خۆ فەرمانڕەوایەتی کردنەدا هەنگاوی گەورە نراون بەڵام ئەم هەنگاوانە نەبوونەتە مایەی ڕیگە گرتن لە ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان لەوەی گلەیی و ناڕەزایی خۆیان دەرببڕن بەرامبەر تۆمارەکانی مافەکانی مرۆڤ وەک لە ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ و ئەمنیستی ئینتەرناشناڵ ئاماژەیان پێکراوە.

لە ڕۆژهەڵاتیش ڕەوشەکە بە هەمان شێوەی پێشتر بووە، لەگەڵ ئەوەشدا هەوڵەکان بەردەوام بوون بۆ یەکڕیزی و کۆکردنەوەی لایەنە سیاسییەکان لە ژێر سایەی ڕێکخراوێکی چەتریدا و هەوڵدان بۆ یەکگرتنەوەی لایەنە دابەشبووەکان بەڵام تا ئەم دوا ساتانەی ساڵی 2015 دۆسێکانی یەکگرتنەوە و دۆسێکانی ڕێکخراوێکی بەرەیی وەک خۆیان ماونەتەوە بەبێ ئەوەی بەرەوپێشچوونێکی تیادا بێتە ئاراوە.

ساڵی 2015 بۆ کورد له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا چۆن بووه‌؟ ئایا ده‌کرێت ڕووداوه‌کانی 2015 بکرێنه‌ بنچینه‌ بۆ پێشبینیکردنی 2016؟
کورد له‌ باشور ده‌یتوانی چی بکات له‌ 2015 بۆ گۆڕینی ئاڕاسته‌کانی ڕووداوه‌کان؟ ئایا له‌ 2016 دا ئه‌و ده‌رفه‌تانه‌ی بۆ ده‌ڕه‌خسێنه‌وه‌؟
ئایا ساڵی 2016 ده‌بێته‌ ساڵی هاتنه‌ ئارای یه‌ک گوتاریی سیاسی کورد له‌ به‌رامبه‌ر هه‌موو ئه‌و په‌ره‌سه‌ندن و ڕووداوانه‌ی له‌ ناوچه‌که‌دا هه‌ن؟
ئایا کورد له‌ باشور ده‌توانێت ساڵی 2016 بکاته‌ ساڵێک بۆ ده‌ستکه‌وتی گه‌وره‌؟
ئایا کورد له‌ باکور ده‌توانێت له‌ ساڵی 2016 دا سیاسه‌ته‌کانی ئانکه‌ره‌ به‌رامبه‌ر به‌ دۆزی کورد بگۆڕێت؟
ئایا کورد له‌ ڕۆژهه‌ڵات ده‌توانێت چیی تر بکات تا بتوانێت دۆزی خۆی به‌ره‌وپێش به‌رێت؟
ئایا کورد له‌ ڕۆژئاوا بۆ ساڵی 2016 چی له‌ ئه‌ستۆ ده‌بێت؟

دکتۆر ڕێبوار کەریم مەحمود، پسپۆڕی زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی سلێمانی لە بەرنامەی لەگەڵ ڕووداوەکاندا وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە:

please wait

No media source currently available

0:00 0:31:58 0:00

XS
SM
MD
LG