Accessibility links

دکتۆر نه‌زه‌ند به‌گیخانی: کە نەتوانیت وەک سیکیولار خۆت پێناسە بکەیت ئەوا ناتوانرێت دەرفەت بۆ یەکسانیخوازان بڕەخسێت

  • Balen Salih

دکتۆر نه‌زه‌ند به‌گیخانی

دکتۆر نه‌زه‌ند به‌گیخانی

ژماره‌یه‌ک ڕوناکبیر و چالاکوانی ژن له‌ ڕاگه‌یاندنێکدا گله‌یی و ناڕه‌زایی خۆیان ده‌رده‌بڕن به‌رامبه‌ر نێوه‌نده‌کانی میدیای کوردی و به‌ ڕه‌وشێکی ترسناکی توندوتیژی به‌رامبه‌ر ژنان ناودێری ده‌که‌ن.

"تکایه‌ توندوتیژی میدیایی بۆ سه‌ر ژنان ڕاگرن" ناونیشانی ئه‌و ڕاگه‌یاندنه‌ ناڕه‌زایی ئامێزه‌یه‌ که‌ بڵاوکراوه‌ته‌وه و تیایدا هاتووه‌ " ئەوەی تێبینی دەکرێت، سەرجەم کەنالە سەرەکییەکانی راگەیاندن ( Mainstream Media) ) لە کوردستان لە لایەن پیاوانەوە مۆنۆپۆلیزە کراون، واتە بە ئەقلیەتی نێرانە و پیاوسالاری بەڕێوەدەچن. توێژینەوە ئەکادیمییەکان لەم بارەیەوە دەیسەلمێنن کە ژن لەناو ئەو کەنالانە نەک هەر پەراوێز خراوە، بەڵکو توندوتیژیی دیار و شاراوەی بەرامبەر دەکرێت و وێناکردنی ژن تێیاندا لە چوارچێوەی نمایشێکی جەستەیی و ئۆبجێکتێکی سێکسوال و بچووکردنەوەی ژندا خۆی دەبینێتەوە. هەروەها ژمارەیەکی زۆر لە میدیاکاران بە ئاگایی بێت یان لە نەزانییەوە بێت سنوورە ئێتیکییەکانی رۆژنامەگەرییان بەزاندووە و رێگا بەخۆیان دەدەن نەک هەر برەو بە کولتوری توندوتیژی لە دژی ژنان بدەن، بەڵکو مافە بنەڕەتییەکانی ژنان پێشێڵ بکەن. سەرەنجام، ئەم کەناڵانە بوونەتە ئامراز و فەزایەکی دیکە بۆ پیادەکردنی توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان و بەرهەمهێنانەوەی نەریت و بەها و کۆدە کۆمەڵایەتییە دواکەوتووەکان کە ساڵەهای ساڵە ژنانی کوردستان خەبات دەکەن بۆ لەناوبردنیان لە پێناوی دابینکردنی مافی ژن وەکو مافی مرۆڤ. کەناڵەکان ئەمانە بەزۆر شێوە ئەنجام دەدەن."

له‌ به‌شێکی تری ڕاگه‌یاندنه‌که‌دا که‌ تایبه‌ته‌ به‌ پرسی وێنای ژنی کورد وەکو قوربانی و پاکانەکردن بۆ کوشتن ڕوناکبیران و چالاکوانانی ژن ده‌ڵێن "زۆربەی هەرە زۆری روماڵی کەنالەکانی میدیای کوردی بۆ ژن و پرسی جێندەریی، وێنەیەکی هەڵە و ناڕەوایە؛ ئەو کەنالانە لەلای خوێنەر و بینەر و گوێگر وێنەی ژنی کورد وەکو کەسێکی لاواز و قوربانی و ژنێک روماڵ دەکەن کە دەبێ یا دەبوایە بکوژرێت، چونکە ''دۆستی هەبووە، کچێنی لەدەستداوە، خیانەتکاربووە، لە مێرد و باوک ڕایکردووە، سێ مۆبایلی پێبووە، پاکیزە نەبووە، هتد.) ئەم جۆرە وێناکردنە نەک هەر شەرعیەت دەدات بە ژن کوشتن، بەڵکو هاوکارە لە کوشتنی دوهەمی ئەو ژنانەی بەو بیانوانەوە دەکوژرێن و کوشتنی سیمبۆلیی ژنانی زیندووش."

دکتۆر نه‌زه‌ند به‌گیخانی، پسپۆڕی بواری جێنده‌ر دەڵێت لە یاداشتەکەیاندا لە ڕێی ڕەخنەگرتن لە میدیا، ڕەخنە لەو جۆرە ئەقڵیەتەش گیراوە کە بەشێکە لە ئەقڵیەتی کۆمەڵگای کوردی و میدیا و سیستەمی سیاسی و دەشڵێت جەختکردنەوەیان لەسەر میدیا لە ڕوانگەی هەستکردنیانە کە میدیا وەکو پێویست چ لە ڕووی پێکهاتەوە و چ لە ڕووی شارەزایی و لێهاتووییەوە کامڵ نەبووە و گەشەی نەکردووە.

لە میانەی وتووێژەکەیدا لەگەڵ بەڵێن ساڵح، دکتۆر نەزەند بەگیخانی ئاماژەش بەوە دەکات کە میدیا کاریگەرییەکی نەرێنی هەبووە بەسەر کۆمەڵگای کوردیدا و بەتایبەتیش لەسەر ڕەوشی ژنان و دەشڵێت میدیا بۆتە واڵاییەک بۆ هەموو کۆت و بەند و نەریتانەی کە لە ئەنجامیدا ژن دەچەوسێندرێتەوە و لە ئەنجامیشدا ژن دەچەوسێندرێتەوە و ناوبەد دەکرێت.

زانیاری زیاتر لە دەقی وتووێژەکەدایە:

XS
SM
MD
LG