Accessibility links

‌ئێد ڕۆیس: دابینکردنی ڕاستەوخۆی چەک بۆ کورد بە مانای پێکهێنانی دەوڵەتی کوردی نییە


ئێد ڕۆیس
ئێد ڕۆیس

کۆمیتەی کاروباری دەرەوەیی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە تێکڕای دەنگ بەرنوسێکی هاوبەشی کۆمارییەکان و دیموکراتەکانی پەسەند کردووە کە تیایدا داوا لە سەرۆک ئۆباما دەکات بۆ ماوەی سێ ساڵ ڕاستەوخۆ چەک بدات بە هێزی پێشمەرگەی کوردستان.

لەو بەرنوسە پەسەندکراوەدا هاتووە ژمارەی قوربانیان لەوەتای شەڕی دژی تێرۆریستانی دەوڵەتی ئیسلامییەوە نزیکەی هەشت هەزار و پێنجسەد پێشمەرگەن لە نێوان کوژراو و برینداردا و ئاماژەش بەوە کراوە کە زۆربەی قوربانییەکان بەهۆی نابەرابەرییە لە جۆر و هێزی چەکەکانی پێشمەرگە بەکاریان دەهێنێت.

ئێد ڕۆیس، سەرۆکی کۆمیتەی کاروباری دەرەوەیی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەڵێت هێزی پێشمەرگە چەک و تەقمەنی گونجاویان بە دەستەوە نییە، بەتایبەتی کاتێک بەراورد دەکرێت لەگەڵ لەشکری عیراق، یانیش لەگەڵ ئەو میلیشیا شیعانەی عێراق کە ئێران پشتیوانییان دەکات و تەنانەت ئەگەر لەگەڵ توانایی چەکی دەوڵەتی ئیسلامیدا بەراورد بکرێت.هێزی پێشمەرگە بە چەکی سەروەختی سەدام حوسەین شەڕ دەکات کە زۆربەی هی کاتی سۆڤیەتی پێشووە ئەمەش بەس نییە بۆ شەڕی دوژمنێک کە سورە لەسەر وێرانکردنی عێراق و سوریا.

ئیلیۆت ئەنگڵ
ئیلیۆت ئەنگڵ

ئەندامانی کۆمیتەی کاروباری دەرەوەیی جەخت دەکەنەوە لەوەی پەسەندکردنی ئەم بەرنوسە هیچ ڕەهەندێکی سیاسییانەی نییە بەڵکو تەنها هەنگاوێکە بۆ خێراتر کردنی گەیاندنی کۆمەکە لەشکرییەکان بە هێزی پێشمەرگەی کوردستان.

سەرۆکی ئەم کۆمیتەیەی ئەنجومەنی نوێنەران دەڵێت، ئامانج لەم بەرنوسە دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی نییە و ئەمەش لە داڕشتنی بەرنوسەکەدا بە ڕوونی و ئاشکرایی نوسراوە. بەڵکو بە مەبەستی دابینکردنی چەک و کەرەستەی پێویستی لەشکرییە بۆ چالاکترین هێز لە شەڕی دژی دەوڵەتی ئیسلامیدا، بەمەش دەتوانین هەڕەشە و مەترسییەکانی ئەم ڕێکخراوە تێرۆریستییە سنوردار بکەین. پێویستە بە هەمان شێوەش عەرەبە سوننەکانیش لە عێراقدا ڕاستەوخۆ لە لایەن ئەمریکاوە کۆمەکی لەشکریی بکرێن.

ئیلیۆت ئەنگڵ، ئەندامی دیموکرات لە هەمان کۆمیتە هاوڕایە و دەڵێت ئەم بەرنوسە و دابین کردنی ڕاستەوخۆی چەک پێکهاتەکانی تری عێراقیش دەگرێتەوە.

دکتۆر جەبار قادر
دکتۆر جەبار قادر

کۆنگرێسمان ئیلیۆت ئەنگڵ دەڵێت لە کاتێکدا لەم بەرنوسەدا سەنگی خراوەتە سەر کورد بەڵام بە هیچ شێوەیەک پاشگەز بوونەوەی ئەمریکا نییە لە وابەستەییەکان بەرامبەر پێکهاتەکانی تری وڵاتەکە، هاندان نییە بۆ دابەشکردنی عێراق و ئەم بەرنوسە هەر تەنها بۆ ئەوەیە چەک بە خێرایی بگەیەندرێتە پێشمەرگە و زۆرێکیشمان نیگەرانیمان هەن سەبارەت بە لەشکری عێراق وەک چۆن نیگەرانی قوڵمان هەن بەرامبەر ڕۆڵی ئەو میلیشیایانەی ئێران پشتیوانییان دەکات.

ئەگەر هاتوو سەرۆک ئۆباما کاری بەم بەرنوسە کرد و ڕاستەوخۆ چەکی بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان دابین کرد، ئەوا وەک چاودێر دەڵێن پێویستە لایەنی کوردی متمانە بدات سەبارەت بە چۆنییەتی بەکارهێنانی ئەو چەکانە.

دکتۆر جەبار قادر دەڵێت ئەو متمانانە پێویستن و دەبێت کورد یەکڕیزی و هاوهەڵوێستی هەبێت و هەروەهاش دەبێت متمانەی ئەوە بدرێت کە ئەم چەکانە دژی دوژمنانی دیموکراسی و ئازادیخوازی بەکاردەهێنرێن، نەک بۆ یەکلایی کردنەوەی ململانێ ناوخۆییەکان.

زانیاری زیاتر لە دەقی ڕاپۆرتەکەدایە:

please wait

No media source currently available

0:00 0:04:11 0:00


XS
SM
MD
LG