Accessibility links

ڕوسیا کۆتایی بە گەشتکردنی بێ ڤیزا بۆ تورکیا دەهێنێت


وەزیری دەرەوەی ڕوسیا سەرگێ لاڤرۆڤ دەڵێت مۆسکۆ بڕیاری داوە گەشتکردنی بێ ڤیزا بۆ تورکیا ڕابگرێت. لاڤرۆڤ ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند تورکیا نایەوێت زانیاری بدات بە مۆسکۆ لەسەر ئەو هاووڵاتیانەی کە دەستیان هەیە لە کاری تیرۆرستیدا.

ئەم هەنگاوەش لە دەمی گرژی و ئاڵۆزییەکی زۆردایە لە نێوان مۆسکۆ و ئەنکەرە لەسەر ئەو فڕۆکە لەشکرییە ڕوسییەی کە تورکیا خستییە خوارەوە.

لاڤرۆڤ گوتی گەشتکردنی بێ ڤیزا لە 1 ی مانگی 1 وە ڕادەگیرێت.

سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئۆردۆگان ڕایگەیاند لە میانەی کۆبونەوەی گروپی 20 وڵاتانی پیشەسازی کە لە سەرەتای ئەم مانگە لە تورکیا بەڕێوە چوو ئەو سەرۆکی ڕوسیای ئاگادار کردۆتەوە لەوەی کە ئەو فڕۆکانەی سنوری ئاسمانی تورکیا دەبەزێنن لە مەترسیدان.

ئۆردوگان ڕۆژی هەینی ڕایشیگەیاند کە سەرۆکی ڕوسیا داوای لە تورکیا کردبوو وەکو میوان لە فڕۆکە ڕوسییەکان بڕوانن و ئەویش لە وەڵامدا پێی گوتووە ناتوانن ئەم کارە بکەن چونکە ناوچەکە زۆر هەستیارە.

XS
SM
MD
LG