Accessibility links

نوسەران و ڕۆشنبیران داوا لە سیستانی دەکەن ڕووداوەکانی دوزخورماتوو دوبارە نەبێتەوە


پاش دروستبوونی ئەو گرژی و ئاڵۆزیانەی چەند ڕۆژی رابردووی شارۆچكەی دوزخورماتوو لە لایەن حەشدی شەعبی و خەڵكی ناوچەكە، ژمارەیەكی زور لە چاڵاكوانی مەدەنی و نووسەران و ڕۆژنامەنووسان لە شاری هەولێر سەردانی دەزگای شەهیدی میحرابیان كرد و لە رێگای ئەم دەزگایەوە داوایان لە عەلی سیستانی مەزنە مەرجەعی شیعەكان لە عێراقدا كرد كەوا هەوڵەكانی چڕبكاتەوە بۆ دووبارەنەبوونەوەی رووداوی بەم شێوەیە كە بووتە هۆی گیان لەدەستدانی چەندین كەس و گرتن و سوتاندنی دۆكانەكان لە دوزخورماتوو.

لەمبارەیەوە محەمەد گومەشینی رێكخەری تۆڕی خەڵک بۆ ڕێكخراوەكانی تۆڕی مەدەنی بۆ دەنگی ئەمەریكا ڕایگەیاند داوامان كرد ئەو حەوت خاڵەی كە پێشكەشی بەرپرسی دەزگای میحرابمان كردووە بگەیەنرێتە گەورە مەرجەعی باڵای شیعەكان كە داوامان كردووە ئەم بارۆدوخە وەك خوی لێ بكرێتەوە و ئەو خەڵكانەی كە ئەم كارەیان كردووە سزا بدرێن و تەعویزی ئەو خەڵكە بكرێتەوە و ئەوەی بە لای ئێمەوە زور گرنگ بوو ئاماژەیان بەوە كرد كە مەرجەعیەتی باڵای شیعەكلن فتوایان دەركردووە كە شەڕی دژی پێشمەرگە و كورد حەرامە و دیارە ئەو فتوایە زور گرنگە و پێویستە پابەندی بن و باسی ئەوەیان كرد كە ئەوانیش لەگەڵ ئەم رەوشە نین و پێیان وابوو ئەوانەی كە لە ئێستادا رووبەرۆی پێشمەرگە دەبنەوە و دژایەتی پێشمەرگە دەكەن خەڵكی گێرە شێوێنن و بەهیچ شێوەیەك پێكهاتەی شیعە پشتیوانی لەو كەسانە ناكات.

لای خویەوە نەجیبە لەتیف ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی كۆمەڵ بە دەنگی ئەمەریكا رایگەیاند ئیدانەی ئەم حاڵەتانە دەكەین و پێمان وایە خزمەت بە هیچ لایەنێك ناكات، چ لە عێراق چ لە كوردستان بەڵكو هەموو لایەك لێی زەرەرمەند دەبن، ئێمە لەگەڵ هێزەكانی تری عێراق دوژمنێكی هاوبەشمان هەیە لە دەرەوەی ئەو هێزانە باشتر وایە كە رووبەرووی ئەو مەترسیە دەرەكیانە و ئەو دوژمنانە ببینەوە نەك لە ناوخودا هێزەكان چ عەرەبە یان كوردە یان توركمانە خویان بكەونە ئەوەی پەلاماری یەكتر و بارەگاكانیان بدەن، ئەمە خزمەت بە هیچ لایەنێك ناكات و سەرجەم لایەنە سیاسیەكان و هاووڵاتیانی ئەو سنۆرە لێی زەرەرمەند دەبن.

سەبارەت بە رەوشی ئێستای خوورماتوو موقەدەم فاروق بەرێوەبەری ئاسایشی خورماتوو بە دەنگی ئەمەریكای راگەیاند رەوشی ئێستا تا رادەیەكی زور باش ئارام بووتەوە لە دام و دەزگاكان دەوام دەستی پێكردووە و هاتووچوو زور ئاسایی بووتەوە، تەنها ئەوە نەبێت خەڵك مەترسی دووبارەبوونەوەی هەیە ، ئامارەكان دەقیق نیە بەڵام نزیكەی دووسەد ماڵ سووتاون و وەكو كورد 7 شەهید و 23 بریندارمان لە پێشمەرگە و ئاسایش و خەڵكی ئاسایی هەیە.

لەو یاداشتە حەفت خاڵیەی چاڵاكوانان و نووسەران و رۆژنامەنووسانی شاری هەولێر باسی ئەوەش كراوە كە بە ناوی خەڵكی كوردستانەوە ئەو پەیامەیان بۆ گەورە مەرجەعی شیعەكان لە عێراقدا ناردووە بۆ ئەوەی هەوڵەكانی چڕبكاتەوە بۆ دووبارەنەبوونەوەی حاڵەتی هاوشێوەی خورماتوو.

دەقی ڕاپۆرتەکەی ئەحمەد زێباری.

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:06 0:00

XS
SM
MD
LG