Accessibility links

سكرتێرى پەرلەمانى كوردستان باس لە پێشنیاری گۆڕینی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان دەکات


فەخرەدین قادر سكرتێری پەرلەمانی كوردستان لە وتوێژێكدا لەگەڵ بەشی كوردی دەنگی ئەمەریكا باس لە هەڵوێستی خۆی دەكات وەک یەكێک لە ئەندامانی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان لەسەر پێشنیازی گۆڕینی دەستەكەیان و دەڵێت "ئەو قەیرانانەی ئێستا لە هەرێمی كوردستاندا دروست بوون قەیرانی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان نین، بەڵكو دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان و پەرلەمانی كوردستان بەشوێن ڕێگە چارەی یاساییەوە بووە بۆ ئەو قەیرانانە نەك خۆی ببێتە قەیران"

بەڕێز قادر دەڵێت ئەگەر هەندێک لایەنی سیاسی بڕوایان وەهابێت بەگۆڕینی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان قەیرانی سەرۆكایەتی هەرێم و كۆی هەموو پرسەكانی تر كە ئێستا لەهەرێمدا هەن چارەسەر دەکرێن، وەک دەڵێت هیچ چارەسەرییەکی تر نییە جگە لە گرتنەبەری ڕێكاری یاسایی هاوشێوەی ئەو ڕێكارەی لەپێشووتردا پێی دەسبەكاربوون.

سكرتێری پەرلەمانی كوردستان ڕەخنە لە ڕێگەنەدان بە كاركردنى پەرلەمانى كوردستان دەگرێت و دەڵێت ئەگەر هەر هەموو جومگەكانی تر ئیفلیج بوونایە نەدەبوو پەرلەمانی كوردستان ئیفلیج بكرێت چونكە پەرلەمان بەڕێگای یاسایی خۆی و بەخواستی هاوڵاتی دەستبەكاربووە و دەشڵێت کاتێک دەستبردرا بۆ ئیفلیجكردنی پەرلەمان ئەوا یانی دەستبردن بۆ تێكدانی سەرجەم ڕێگا چارەكان بۆ ئەو پرس و قەیرانانەی كەئێستا لەهەرێمی كوردستاندا هەن و دەشڵێت هێشتاش هیوا هەیە لایەنە سیاسیەكان بگەنە ڕێككەوتن و ئەنجامی هەبێت ئەنجامەكەش دەبێت هەر دەسبەكاربونەوەی پەرلەمان بێت.

سکرتێری پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی عێراق دەڵێت ئەوەی لە12ی مانگی دەدا كرا هیچ لێکدانەوەیەک هەڵناگرێت جگە لەوەی گەڕانەوەیەكی زۆرخراپ بوو بۆ دواوە بۆ ساڵانی نەوەدەكان.

سكرتێری پەرلەمانی كوردستان ئاماژەش بەوە دەکات ئەوەی بەرامبەر بەپەرلەمان كرا نەدەبوو نە لایەنە سیاسیەكان نەخەڵكی كوردستان قبوڵی بكەن كە سوكایەتی بەئیرادەیان كراوە، بەڵام هۆكاری قبوڵكردنەكە ئەوەیە قەیرانەكانی ئێستای كوردستان ئەوەندە زۆرن ڕەنگە ئەگەر قەیرانێكی تر دروستبكرایە سەرجەم ئەم قەیرانانەیان بئاڵاندایە پێوە بۆیە هەم لایەنە سیاسیەكان وەهەم خەڵكی كوردستان كەمێک‌ چاوپۆشیان كردبێت.

فەخرەدین قادر لەدوا بەشی وتوێژەكەیدا لەگەڵ بەشی کوردی دەنگی ئەمریکا دەڵێت ئەگەر هاتوو چارەسەركردنی قەیران و كێشەكانی هەرێمی كوردستان هاتە سەر لاچونی ئێمە لە دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان ئەوا زۆر ئاساییە چونكە ئێمە خۆمان بەكورسیەوە نەبەستۆتەوە و دەمانەوێت قەیرانەكان چارەسەر بكەین هەر پرس و قەیرانێك بەلاچونی ئێمە چارەسەر بێت ئەوا یەک و دووی لێناكەین.

زانیاری زیاتر لە دەقی وتووێژەکەدایە:

XS
SM
MD
LG