Accessibility links

هێزى حەشدى شەعبى و دژە تیرۆر برانە نێو قەزاى خورماتووەوە


حەشدى شەعبى 12 ئۆتۆمبێل چەكدارى بردووەتە نێو قەزاى خورماتوو بۆ كۆنترۆڵكردن و ئارام كردنەوەى گەڕەكە شیعە نیشینەكان و كوردیش هێزى دژە تیرۆرى ڕەوانەى نێو قەزاكە كردووە و بارودۆخى ناو خورماتووش هەتا ڕادەیەک هێور بووەتەوە.

مەلا كەریم شكور بەرپرسى بازنەى حەمرین ى یەكێتى، بەدەنگى ئەمەریكاى راگەیاند"دژە تیرۆر بە گەڕەكە كوردنیشینەكان و حەشدى شەعبیش بە گەڕەكە شیعە نیشینەكان دا بڵاوەیان پێكراوە و هەردوولا هەوڵى هێوركردنەوەى دۆخەكە دەدەن."

وتیشى"هێزێكى هابەشیش بەنێو قەزاكەدا دەجوڵێنەوە و هەر كەسێک تەقە بكات ئەو هێزە دەستگیرى دەكەن."

لە چەند رۆژى رابردوودا وەفدى كوردى و شیعى لەسەر ئاستى باڵا چەند كۆبوونەوەیەكیان بۆ هێوركردنەوەى بارودۆخى خورماتوو ئەنجامدا و رێكەوتنەكان هێوركردنەوەى دۆخى گەرەكە شیعەنیشینەكان لەلایەن حەشد و كۆنترۆڵكردنى بارودۆخى گەرەكە كوردنیشینەكانى لەلایەن پێشمەرگەوە لێكەوتەوە.

محەمەد فایەق بەرپرسى راگەیاندنى قایمقامیەتى خورماتوو، بە دەنگى ئەمەریكاى راگەیاند"بارودۆخى خورماتوو هێور بووەتەوە و هێز بە نێو شاردا دەسوڕێتەوە بۆ دەستگیركردنى ئەو كەسانەى ئاژاوە گێرى دەكەن."

بەپێى وتەى بەرپرسانى خورماتوو لە ڕۆژى پێنجشەممەى ڕابردووەوە لە قەزاى خورماتوو نزیكەى 20 كەس كوژراون، كە 8 كەسیان كورد و 12 كەسەكەى تریان توركمانى شیعە بوون.

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:48 0:00

XS
SM
MD
LG