Accessibility links

لە ئەنجامی هێرشەکانی پاریس وڵاتانی ئەوروپا باری ئاسایش توند دەکەن


پارکی دسنیلاند لە پاریس داخرا پاش هێرشە تیرۆرستییەکان بۆ سەر وڵاتەکە. ئەم پارکەی کە دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی پاریسەوە یەکێکە لە سەرنجڕاکێشترین شوێنی گەشتیاران لە ئەوروپا و ساڵانە نزیکەی 14 ملیۆن کەس ڕووی تێدەکەن. فەڕەنسا نزیکەی 1500 سەربازی زیادەی لە سەرانسەری پاریس بڵاو کردۆتەوە و ئاسایشی سنورەکانی توند کردووە.

کاربەدەستێکی باڵای ئاسایشی ئیتالیا دەڵێت باری ئاسایش توند کراوە لە سنووری وڵاتەکە بەتایبەتی سنووری لەگەڵ فەڕەنسا.

وەزیری ناوخۆی ئیتالیا ئەنجیلینۆ ئالفانۆ پاش کۆبونەوەی لەگەڵ سەرۆک وەزیری وڵات و کاربەدەستانی تری ئاسایش و زانیاری ڕۆژی شەممە بە پەیامنێرانی گوت وڵاتەکە ئاستی هۆشداری بەرز کردۆتەوە و خۆ ئامادە دەکات بۆ بڵاو کردنەوەی هێزی تایبەت ئەگەر پێویست بکات.

ئالفانۆ گوتی لەم کاتەدا هیچ وڵاتێک بێ مەترسی نییە، دیموکراسیەکی بەهێزی وەکو ئیتالیا دەبێت ئامادە بێت بۆ هەر ڕووداوێک. هاوکات گوتیشی دەستبەجێ 700 سەرباز لە سەرانسەری ڕۆما بڵاو کراونەتەوە.

ڕاپۆرتە میدیاییەکان لە بەلجیکاوە ڕادەگەیەنن پۆلیس لێکۆڵینەوە دەکات و بەلانی کەم کەسێک دەستگیر کراوە بە گومانی ئەوەی پەیوەندی هەبوە بە هێرشەکانی پاریسەوە.

لە لەندەنیش بەرپرسێکی پۆلیس دەڵێت پێداچوونەوە بەسەر شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ چەکی گەرم دەکەن دوابەدوای هێرشەکانی پاریس و ئاستی ئاسایش لە چەند ناوچەیەکی سەرەکی پایتەخت توند کراوە.

XS
SM
MD
LG