Accessibility links

کاردانه‌وه‌ی ڕێبه‌رانی جیهان له‌سه‌ر هێرشه‌کانی پاریس


ڕێبه‌رانی جیهانی به‌ توندترین شێوه‌ هێرشه‌ کوشنده‌کانی پاریس مه‌حکوم ده‌که‌ن و پشتویانی خۆیان بۆ گه‌ل و حکومه‌تی فه‌ڕه‌نسا ده‌ربڕیوه‌.

ده‌ستبه‌جێ پاش ڕووداوه‌کانی شه‌وی هه‌ینی سه‌رۆک ئۆباما له‌ کۆشکی سپی هێرشه‌کانی ناپه‌سه‌ند کردو گوتی هه‌وڵێکی قێزه‌وه‌نه‌ بۆ تۆقاندنی که‌سانی سیڤلی بێتاوان. گوتیشی ئه‌وه‌ی پێویست بێت ده‌یکات بۆ هاوکاری کردنی فه‌ره‌نسا تا ئه‌نجامده‌ارنی بگه‌ن به‌ سزای خۆیان. گوتی ئه‌و هێرشانه‌ هێرشن بۆ سه‌ر ته‌واوی مرۆڤایه‌تی. هاوکات جێگری سه‌رۆکی ئه‌مه‌ریکا جۆ بایدنیش گوتی ئه‌م جۆره‌ هێرشه‌ دڕندانه‌ هه‌رگیز ناتوانن ببنه‌ مه‌ترسی بۆ سه‌ر هه‌بوونی ئێمه‌.

سکرتێری گشتی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان بان کی موون هێرشه‌کانی ناپه‌سه‌ند کرد و به‌ کرداری تیرۆرستی قێزه‌وه‌ن ناودێری کرد. له‌ هه‌مان ده‌مدا ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان هێرشه‌کانی به‌ کاری دڕنده‌و ترسنۆکانه‌ له‌قه‌ڵه‌م دا و ڕایگه‌یاند پێویسته‌ ئه‌نجامده‌رانی ئه‌م هێرشانه‌ بگه‌ن به‌ سزای خۆیان.

ڕاوێژکاری ئه‌ڵمانیا ئه‌نگێلا مێرکڵ به‌ڵێنی دا له‌ نزیکه‌وه‌ کار بکات له‌گه‌ڵ حکومه‌تی فه‌ڕه‌نسا تا بتوانن ئه‌و که‌سانه‌ی ده‌ستیان له‌و هێرشانه‌دا هه‌یه‌ بدۆزنه‌وه‌. مێرکڵ ده‌ڵێت ئه‌م هێرشه‌ کرایه‌ سه‌ر ئازادی نه‌ک هه‌ر له‌ پاریس به‌ڵکو هه‌مومانی کردبوو به‌ ئامانج بۆیه‌ ده‌ڵێت ده‌بێت هه‌مومان پێکه‌وه‌ به‌رپه‌رچی بده‌ینه‌وه‌.

سه‌رۆک وه‌زیری به‌ریتانیا سه‌رزه‌نشتی ئه‌نجام ده‌رانی هێڕشه‌کانی کرد و گوتی که‌سانی دڵڕه‌ق و دڕنده‌ ئه‌م هێڕشانه‌یان ئه‌نجام داوه‌ هاوکات هۆشداری داوه‌ته‌ وڵاته‌که‌ی که‌ چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌بن له‌ ناو قوربانییه‌کاندا هاووڵاتیانی به‌ریتانیش هه‌بن به‌ڵام ئاستی هۆشداری وڵاته‌که‌ی نه‌گوڕی.

شاژنی به‌ریتانیا ئلیزابتی دوهه‌م له‌ ڕێگای سه‌رۆک ئۆلانده‌وه‌ پرسه‌ی بۆ گه‌لی فه‌ڕه‌نسا ڕاگه‌یاند، له‌ بلاوکرایه‌وه‌یه‌کی کۆشکی باکینگهام شاژن و هاوسه‌ره‌که‌ی شازاده‌ فلیپ ڕایانگه‌یاند زۆر دڵگران بوون به‌و هێرشانه‌.

سه‌رۆک وه‌زیری ئوسترالیا مێلکۆم تورنبۆل ئه‌و هێرشه‌ی مه‌حکوم کرد و هاوخه‌می بۆ گه‌لی فه‌ڕه‌نسا ده‌ربڕی و گوتی له‌م کاته‌ سه‌خته‌د له‌گه‌ڵیاندا ده‌بین.

زۆربه‌ی وڵاتانی تری ئه‌وروپا به‌هه‌مان شێوه‌ هاوخه‌می خۆیان ده‌ربڕیوه‌ و هێرشه‌کانیان شه‌رمه‌زار کردووه له‌ ناویاندا هۆڵه‌ندا، هه‌نگاریا، ڕۆمانیا و سویدیش.

XS
SM
MD
LG