Accessibility links

ئەگەرێـکی زۆر هەیە جەلادە ناسراوەکەی داعش بە هێرشێـکی ئەمەریکا کوژرابێت


سەرۆک وەزیری بەریتانیا دەڵێت وڵاتەکەی بەشداری کردووە لەو هێرشە ئاسمانیـیەی خوێنڕێژە ناسراوەکەی داعشی کردە ئامانج، ئەوەی چەندان کەسی سەڕبڕیوە و ڤیدیۆی تاوانەکانی لەسەر ئنتەرنێت بڵاوکرانەتەوە.

دەیڤد کامیرۆن ئەمڕۆ هەینی گوتیشی ئەگەربێت و ئەو کەسە کە بە جۆن ناسراوە و هەڵگری ڕەگەزنامەی بەریتانـیـیە، لەو هێرشەدا کوژرابێت، ئەوا دەبێتە گورزێـک لە دڵی داعش.

گوتیشی " ئەمە بۆ هەموو ئەو کەسانەی ڕوون دەکاتەوە کە دەیانەوێت زیان بە بەریتانیا و هاوپەیمانانی و خەڵکەکەی بگەیەنن کە ئێمە کۆڵ نادەین و هەروەها نیشـانی دەدات هەرگیز خەڵکی خۆمان لە بیرناکەین."

جێی ئاماژەیە شەوی پـێـنجشەممە وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا هەواڵی هێرشەکەی ڕاگەیاند و گوتی بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان ئەنجام دراوە و موشەکی هێڵ فایەر بەکارهێنراوە، بەڵام هێشـتا بۆیان پشـتڕاست نەکراوەتە ئایا ئەم جەلادەی داعش کوژراوە یان نا.

کۆمەڵەی سوریا بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ لەم بارەیەوە گوتی بەپـێی ڕاپـۆرتی چالاکوانان فڕۆکەیەکی هاوپەیمانان لە نیوە شەوی پـێـنجشەممەدا چەند جارێـک لە ئۆتۆمبیلێـکیان داوە لەو دەمەی لە بینای ئۆفیسی پارێزگا لە ناوەڕاستی شاری ڕەققە هاتووەتە دەرێ. دەڵێن 4 کەسی بیانی تیایدا کوژراون، لەوانە یەکێـکیان هەڵگری ڕەگەزنامەی بەریتانیـیە. دەڵێن هەموو کوژراوەکان تەرمەکانیان بووە بە خەڵوز.

جێی ئاماژەیە ئەم خوێنڕێژە ناوە ڕاستەقینەکەی محەمەد ئەموازیـیە و بنەماڵەکەی بە ڕەچەڵەک عێراقین، بەڵام خۆی لە کوەیت لە دایکبووە و لە بەریتانیا ژیاوە و بڕوانامەی لە زانستی کۆمپـیوتەر لەوێ بەدەسـتهێنابوو بەر لەوەی لە ساڵی 2012 بەرەو سوریا بڕوات.

ئەم جەلادە لە چەند ڤیدیۆیەکی داعشدا بە زمانی ئینگلیزی هەڕەشەی دەکرد و خەڵکی سەردەبڕی، لەوانە دوو ڕۆژنامەوانی ئەرمەیکایی و سێ کارمەندی ڕێکخراوی کۆمەکی مرۆیی کە دووانیان بەریتانی بوون و یەکێـکیان ئەمەریکایی و ڕۆژنامەوانێـکی ژاپـۆنی.

XS
SM
MD
LG