Accessibility links

ئەندامانی تۆڕێـکی تێرۆرستی کوردی لە ئەوروپا دەسـتگیردەکرێن کە ڕێبەرەکەیان مەلا کرێکارە

  • VOA News

دەسەڵاتدارانی جێبەجێکردنی یاسا لە ئەوروپا دەڵێن تۆڕێـکی تێرۆرسـتی کوردیـیان هەڵوەشـاندووەتەوە کە بنکەکەی لە نەرویژە و کاری بۆ پەیداکردنی خەڵک کردووە تاوەکو بچنە پاڵ داعش لە عێراق و سوریا. دەڵێن توانیویانە 13 ئەندامی تۆڕەکە لە ئیتالیا و بەریتانیا و نەرویژ دەسـتگیربکەن.

جەنەڕاڵ جیوسێپـپێ گۆڤەرنالی بەرپـرسی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکان لە پـۆلیسی ئیتالیا، لەم بارەیەوە ڕۆژی پـێـنجشەممە گوتی ئەو ئۆپەراسیۆنەی پـۆلیس ئەنجامی داوە بۆ هەڵوەشـاندنەوەی ئەو تۆڕە تێرۆرسـتیـیە گرنگترین ئۆپەراسیۆن بووە کە لە ماوەی 20 ساڵی ڕابردوودا لە ئەوروپا ئەنجام درابێت.

گوتیشی ئەم تۆڕە تێرۆرسـتیـیە لە بەریتانیا و نەرویژ و فنلەندا و سویسر و ئەڵمانیا و ئیتالیا چالاک بووە.

کاربەدەسـتانی ئیتالیا دەڵێن ڕێبەری ئاینی ئەم گروپە نەجمەدین ئەحمەد فەرەجە کە بە مەلا کرێکار ناسراوە و لە نەرویژ زیندانی کرابوو. دەشڵێن ناوبراو لەسەر ئنتەرنێت تۆڕێـکی وتووێژی دروسـتکردووە کە لە ژێر چاودێری پـۆلیسی ئیتالیا بووە.

هەروەها کاربەدەسـتان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن فەرمانی دەسـتگیرکردن بۆ 17 کەسی ئەندامی تۆڕەکە دەرچووە کە 16 کەسیان کوردن و یەکێـکیان خەڵکی کۆسۆڤۆیە. 6 کەسیان لە ئیتالیا و 4 کەسیان لە بەریتانیا و 3 کەسیان لە نەرویژ دەسـتگیرکراون و ئەوانی دیکە ڕۆیشتوون بۆ نێو داعش لە عێراق و سوریا.

سیڤ ئاڵسێن خانمە گوتەبێژی ئاسایشی نەرویژ گوتی دەسـتگیرکراوەکانی نێو وڵاتەکەی ڕۆژی هەینی دەبرێنە بەردەم دادگا لە ئۆسلۆی پایتەخت و شیانی هەیە بەرەو ئیتالیا دەربکرێن.

خانم ئێرینا سۆڵبێرگ سەرۆک وەزیری نەرویژ کە لە ئێسـتادا لە وڵاتی ماڵتایە و لەوێ بەشداری لە کۆنگرەیەکی تایبەت بە قەیرانی کۆچبەران دەکات، گوتی " ئەگەر ئەمە مانای ئەوە بێت مەلا کرێکار لە نەرویژ نامێنێت، ئەوە شتێـکی باشە."

XS
SM
MD
LG