Accessibility links

موحسین ئەدیب: لایەنەکان لە خەمی هەرێم و نەتەوەی کورددا نین هێندەی ئەوەی لە خەمی لایەنکاری خۆیاندان


موحسین ئه‌دیب
موحسین ئه‌دیب

لەگەڵ هەروادێ و قوڵبوونەوەی زیاتری قەیرانەکانی هەرێمی کوردستانی عیراق و نەبوونی هیچ ئەنجامێک لەو کۆبوونەوانەی دەکرێن بۆ چارەسەرکردن، ئێستا هەندێک هەوڵی تر دەستیان پێکردووە وەک دەگوترێت بۆ چارەسەرکردن.

لە بەغداوە چەند شاندێک کەوتوونەتە کار بە مەبەستی لێکنزیک کردنەوەی لایەنە سیاسییەکانی هەرێم و چارەسەرکردنی قەیرانەکان و و ناکحکییەکانی نێوان لایەنە سیاسییەکان.

ڕۆژی دووشەممە، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق پەیامێکی بۆ ڕێبەرانی کورد ناردووە لە هەرێم.

سەلیم ئەلجبوری لەو پەیامەیدا دەڵێت "لەئێستادا گۆڕەپانی سیاسیی هەرێم بە دۆخێکی نالەباردا دەڕوات و جیاوازی ناوخۆیی توانای سەرکردایەتیکردنی سیاسی و بەرەوپێشچوونی دامودەزگاکانی لاوازکردووە و ئەوەی لە رابردوودا روویدا ئەنجامی خنکانێکی دیار بوو لە ژینگەی دیموکراتیدا، کە پێشتر سنووردار کرابوو."

ئەلجبوری دەشڵێت "بۆ چارەسەری کێشەکان پشتیوانیی تەواوی پارتە سیاسییەکان بکەن و هەست بە گەورەیی بەرپرسیارێتییەکەی سەر شانیان بکەن، ئاماژە بە رووداوەکانی ئەنفال و کیمیابارانی هەڵەبجە دەکات و دەڵێت کە کورد بە پشتیوانیی یەکتر، ئەم دۆخەی ئێستایان بۆ خۆیان بنیاتناوە و نابێت بەهۆی جیاوازییەکانەوە لە دەستی بدەن."

لایەنە سیاسییەکانی هەرێم بەردەوامی نادەن بە کۆبوونەوە لەگەڵ یەکتردا و یانیش گەر بیانەوێت کۆبوونەوەیەک بکەن ئەوا ژمارەیەک مەرج دادەنرێت بۆ کردن یان نەکردنی ئەو کۆبوونەوەیە.

موحسین ئەدیب، نوسەر و لێکۆڵەر دەڵێت دوو هۆکار هەن کە پێویستە ئاماژەیان پێبکرێن لەم ڕەوشەی هەرێمی کوردستاندا یەکەمیان ئەوەیە تا ئەندازەیەک لایەنە سیاسییەکانی هەرێم بەسەر دوو بەرەدا دابەش بوون و ئەمەش وەهای کردووە کۆی کۆمەڵگای کوردییش بەسەر دوو بەرەدا دابەش ببێت و خاڵی دووهەمیشیان وەک دەڵێت ئەگەر چی ئێمە خاوەنی ژمارەیەک لایەنی سیاسیین لە هەرێم کە پاشگری کورد یان کوردستانیان بە خۆوە لکاندووە بەڵام لە ڕاستیدا بە مانا ڕاستەقینەکەی "ئێمە خاوەنی حیزبێکی کوردستانی نین."
لە میانەی وتووێژەکەیدا لەگەڵ بەڵێن ساڵح، بەڕێز ئەدیب ئاماژەش بەوە دەکات کە دەسەڵاتدارانی کورد لە سەلیم ئەلجبوری و لە هەموو کەس باشتر لە ڕەوشی کوردستان تێگەیشتوون بەڵام کێشەکە لەوەدایە کە حیزبی کوردی تا ئێستاش کۆمەڵگای کوردی و نەتەوەی کورد بە بەشێک لە حیزبەکەی خۆی دەزانێت نەک بە پێچەوانەوە و دەشڵێت هەر بۆیە ئامادەن لە پێناو بەرژەوەندی لایەنەکەی خۆیدا کودەتا بکرێت بەسەر ڕەوا ترین دامەزراو لە هەرێمی کوردستاندا.

زانیاری زیاتر لە دەقی وتووێژەکەدایە:

please wait

No media source currently available

0:00 0:08:55 0:00

XS
SM
MD
LG