Accessibility links

دایکێـکی ئازەری: نازانم چۆن کوڕەکەیان کردم بە داعش


دایکێـک لە وڵاتی ئازەربایجان دەڵێت نازانێت چۆن کەسانی خراپ کوڕەکەیان کردووە بە داعش و بۆ سوریا و عێراقیان ڕەوانەکردووە. ئێسـتا لەو کوڕەی دەپاڕێتەوە واز لەو گروپە خوێن ڕێژە بهێنێت و بگەڕێتەوە بۆ لایان.

دایکەکە کە ناوی کوتاهی ڕەسوڵۆڤە لە وتووێژێـکی تایبەتدا لەگەڵ بەشی ئازەری دەنگی ئەمەریگا گوتی " مەحمود تکات لێ دەکەم بگەڕەوە بۆلامان، تۆ دایکێـکی نەخۆشت هەیە و وەرەوە لەگەڵمان بژی."

مەحمود ڕەسوڵۆڤ کە تەمەنی 24 سـاڵە لە مانگی یازدەی ساڵی ڕابردووەوە بێ سەروشوێنە.

زانیاری لە بارەی پەیوەندیکردنی مەحمود بە داعشەوە لەم دوایـیانە لە دانیشتـنێـکی دادگا ئاشکرابوو. وەزارەتی ئاسایشی نیشتیمانی ئازەربایجان نامەیەکی بۆ خێزانەکەی مەحمود ناردووە و تیایدا نووسراوە مەحمودی کوڕیان لە کۆتایی سـاڵی ڕابردوو چووە بۆ تورکیا و پاشان لەوێوە بۆ سوریا و عێراق ڕۆیشتووە.

دایکی مەحمود دەڵێت کوڕەکەی پـێشـتر کەسێـک ئیسلامی توندڕەو نەبووە، بەڵام کە هاوڕێـیەتی کەسێـکی کردبوو بە ناوی موبارز تاهیرۆڤ گۆڕاوە. دەشڵێت نازانێت چۆن لەناکاو وەهای لێهاتووە.

گوتیشی هەروەها نازانێت چۆن و لە کوێ ئەم تاهیرۆڤە کوڕەکەی ناسیوە و بۆ کوێی بردبوو.

ڕۆژی سێشەممە دادگای تاوانە گەورەکان لە ئازەربیجان حوکمی 14 سـاڵ زیندانی سەپاند بەسەر موبارز تاهیرۆڤ و کەسێـکی دیکە بە تاوانی پەیداکردنی خەڵکی بۆ داعش.

بەپـێی ڕاپـۆرتەکان زیاتر لە 100 کەس لە ئازەربایجانەوە پەیوەندیـیان بە داعشەوە کردووە و بەرەو سوریا ڕۆیشتوون.

XS
SM
MD
LG