Accessibility links

قاچاخچیانی‌ مادده‌ی‌ هۆشبه‌ر لە هەرێمی کوردسـتان سوود له‌ بڕیارێكی‌ دادگا وه‌رده‌گرن


به‌هۆی‌ گۆڕینی‌ سزای‌ مامه‌ڵه‌كردن به‌ ده‌رمانه‌ ئازار شكێنه‌كان له‌بازاڕی‌ ڕه‌شدا له‌لایه‌ن دادگاوه‌ و ڕه‌وانه‌كردنی‌ كه‌یسی‌ تۆمه‌تباران له‌ ئاسایشه‌وه‌ بۆ پۆلیس ڕێژه‌ی‌ مامه‌ڵه‌كردن و به‌كارهێنانی‌ ئه‌م ده‌رمانه‌ ئازار شكێنانه‌ زیادی‌ كردووه‌ و به‌ڕێوه‌به‌ری‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان له ‌سلێمانی‌ ده‌ڵێت به‌هۆی‌ سووككردنی‌ سزاكه‌وه‌ مامه‌ڵه‌كردن به‌و ده‌رمانه‌ ئازار شكێنانه‌وه‌ ده‌بێته‌ دیارده‌.

پێشتر ده‌نگی‌ ئه‌مریكا له‌به‌دواداچونێكدا ئاشكرایكرد كه‌ له‌هه‌رێمی‌ كوردستان و پارێزگاكانی‌ دیكه‌ی‌ عیراق به‌تایبه‌ت شاری‌ سامه‌ڕاوه‌ چه‌ند ده‌رمانێكی‌ پزیشكی‌ ئازار شكێن له‌بازاڕی‌ ڕه‌شدا مامه‌ڵه‌ی‌ بازرگانیان پێوه‌ده‌كرێت و ده‌برێته‌ ئێران پاشان ده‌كرێته‌ مادده‌ی‌ هۆشبه‌ر له‌جۆری‌(كریستاڵ و شیشه‌) و پاشان ده‌هێنرێته‌وه‌ بۆ هه‌رێمی‌ كوردستان.

له‌م ڕاپۆرته‌دا به‌ڕێوه‌به‌ری‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان له‌شاری‌ سلێمانی‌ ده‌ڵێت"سزای‌ مامه‌ڵه‌كردن به‌م ده‌رمانه‌وه‌ له‌ تاوانی‌ مادده‌ی‌ هۆشبه‌ره‌وه‌ كراوه‌ته‌ سه‌رپێچی‌ و كه‌یسی‌ ئه‌و تۆمه‌تبارانه‌ ڕه‌وانه‌ی‌ پۆلیس ده‌كرێن له‌وێ‌ به‌كه‌فاله‌ت ئازاد ده‌كرێن"

به‌وته‌ی‌ به‌ڕێوه‌به‌ری‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان سووكردنی‌ سزای‌ مامه‌ڵه‌كردن به‌م ده‌رمانه‌نه‌ بۆته‌ هۆی‌ زیادبوونی‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ مامه‌ڵه‌ به‌م ده‌رمانانه‌ ده‌كه‌ن له‌بازاڕی‌ ڕه‌شدا و ده‌ڵێت"ئه‌گه‌ر دادگای‌ پێداچونه‌وه‌ و په‌رله‌مانی‌ كوردستان فریا نه‌كه‌ون بازرگانی‌ كردن به‌م ده‌رمانانه‌ ده‌بێته‌ دیارده‌"

عەمید جەلال حەمە ئەمین بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی ماددەی هۆشبەر لە سلێمانی ئه‌وه‌ش ده‌ڵێت: له‌ ڕێگای‌ ده‌نگی‌ ئه‌مریكاوه‌ ده‌مه‌وێت بیری‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان بخه‌مه‌وه‌ كه‌ دوو خولی‌ په‌رله‌مانه‌ پڕۆژه‌ یاسا له ‌په‌رله‌مانه‌ تا مامه‌ڵه‌كردن به‌م ده‌رمانانه‌ هاوشێوه‌ی‌ مامه‌ڵه‌كردن به‌مادده‌ی‌ هۆشبه‌ر لێبكات بەڵام په‌رله‌مان كاری‌ له‌سه‌ر ناكات,هه‌رچه‌نده‌ بڕیاربوو لیژنه‌ی‌ ناوخۆ له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ سه‌ردانمان بكات به‌ڵام تائێستا نه‌هاتوون"

لای‌ خۆیه‌وه‌ ئه‌بوبه‌كر هه‌ڵه‌دنی‌ ئه‌ندامی‌ لیژنه‌ی‌ كاروباری‌ یاسایی‌،هه‌روه‌ها ئه‌ندام له‌لیژنه‌ی‌ ناوخۆ و ئه‌نجومه‌نه‌ خۆجێییه‌كان وه‌ڵام ده‌داته‌وه‌ و ده‌ڵێت:ڕاسته‌ ئه‌و پڕۆژه‌ یاسایه‌مان پێگه‌یشتووه‌ به‌ڵام ڕۆتینات كاروباره‌كان دواده‌خات"

هاوكات پڕۆژه‌ یاساكه‌ به‌گرنگ ناوده‌بات و مه‌ترسی‌ مامه‌ڵه‌كردن به‌و ده‌رمانانه‌ش به‌كه‌متر له‌ مه‌ترسی‌ جینۆساید و ڕه‌وی‌ گه‌نجان نابینێت"وه‌ك هه‌ڵه‌دنی‌ ناوی‌ برد به‌وجۆره‌

په‌یامنێری‌ ده‌نگی‌ ئه‌مریكا له‌ سلێمانی‌ له‌سه‌ر سوككردنی‌ سزاكه‌ و گواستنه‌وه‌ی‌ كه‌یسی‌ تۆمه‌تباران به‌و ده‌رمانانه‌ له‌ دادگای‌ لێكۆڵینه‌وه‌ی‌ ئاسایش بۆ دادگای‌ لێكۆڵینه‌وه‌ی‌ پۆلیس سه‌ردانی‌ دادگای‌ سلێمانی‌ كرد به‌ڵام حاكم قادر دادوه‌ری‌ دادگای‌ لێكۆڵینه‌وه‌ی‌ ئاسایشی‌ سلێمانی‌ وتی‌:به‌پێی‌ بڕیارێك هیچ دادوه‌رێك بۆی‌ نیه‌ قسه‌ له‌سه‌ر هیچ بابه‌تێك له ‌ده‌زگاكانی‌ ڕاگه‌یادنه‌وه‌ قسه‌ بكات و من ناتوانم قسه‌ بكه‌م."

XS
SM
MD
LG