Accessibility links

قایمقامی کەرکوک: پـرۆسەی ناردنەوەی ئاوارەکان لە کەرکوک دەسـتیپـێـکردووە


قایمقامى ناوەندى شارى كەركوك، ئاماژە بەوە دەكات پرۆسەى ناردنەوە و رۆیشتنەوەى ئاوارەكان لە كەركوكەوە بۆ ئەو ناوچانەى لەبن دەستى داعش دەرهێنراون دەستیپێكردووە و هەتا ئێستا 20 هەزار خێزان گەڕانەوتەوە بۆ ناوچەكانى پارێزگاى دیالە و سەڵاحەدین.

كامیل ساڵەیى، بە دەنگى ئەمەریكاى راگەیاند"لە شارى كەركوک و دەوروبەرى 110 هەزار خێزانى ئاوارە نیشتەجێبوون كە لە ئێستادا ژمارەى ئاوارەكان ڕوو لە كەمبوونەوە دەكات ، بەو پـێیەى بەشێكیان گەڕاونەتەوە."

گەڕانەوەى ئاوارەكان بۆ ئەو ناوچانەى لەبن دەستى داعش دەرهێنراون، لە كاتێكدایە هەفتەى رابردوو سەلیم جبورى سەرۆكى پەرلەمانى عێراق سەردانى قەزاى خانەقینى كرد و لەگەڵ بەرپرسە كوردەكان گفتوگۆى كرد بۆ گرتنەبەرى ڕێوشوێنى ئەمنى و خزمەتگوزارى بۆ گێڕانەوەى ئاوارەكانى جەلەولا و سەعدیە.

دكتۆر فەرهاد قادر ئەندامى پەرلەمانى عێراق، ئاماژەى بەوەكرد پرۆسەى گێڕانەوەى ئاوارەكانى شەڕى داعش بەردەوامى دەبێت و سەرجەم خێزانە ئاوارەكان دەگەڕێنرێنەوە سەر ماڵ و حاڵیان، جگە لەوانەى تۆمەتبارن بە پێشێلكارى ئەمنى.

هەرچەندە بەشێک لە ئاوارەكان ڕێگەى گەڕانەوەیان بۆ ناوچەكانیان پێدراوە، بەڵام هەتا ئێستا هێزەكانى حەشدى شەعبى رێگەیان بە گەڕانەوەى ئاوارەكانى سلێمان بەگ و بەشێک لە ناوچەكانى پارێزگاى سەڵاحەدین نەداوە.

XS
SM
MD
LG